سەرۆکى یەنەکە: سازش بۆ دەوڵەتی تورکیا ناکەین

سەرۆکی یەنەکە، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، "سێ هاوڕێم لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە شەهید کراون و ئێمە هەرگیز سازش بۆ تورکیا ناکەین".

بافڵ تاڵەبانى سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) لە میانەى پێشکەشکردنى وتارێک لە دیدارى ڕافیدەین لە شارى بەغدا سەبارەت بە چەند پرسێک قسەی کرد و لە بەشێک لە قسەکانیدا رایگەیاند: "پەکەکە دوژمنى ئێمە نین و پەیوەندیمان هەیە لەگەڵیاندا و ئێمەش دوژمنایەتى پەکەکە و هیچ هێزێکى دیکەى ناو هەرێمى کوردستان ناکەین".

باسى لەوەشکرد، "تورکیا بەردەوامە لە هێرشە درۆنییەکانى، سێ هاوڕێی خۆم، کە دژى داعش جەنگان لەلایەن تورکیاوە شەهید کران، بۆیە پێویستە تورکیا پێداچوونەوە بە کاری هەواڵگری و سەربازی خۆی بکات".

ئەوەشی خستەڕوو، "بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەبارەی یاسای ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستانەوە قورس و سەخت بوو، بەو پێیەی لە ساڵانی رابردوودا ھەڵبژاردنی نادادپەروەرانە لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام درابوو".

وتیشى، چەند لایەنێک دەیانەوێت ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بچنە دەرەوە، بەڵام گرنگە بەپێی رێککەوتنی نوێ ئەمریکا و بەریتانیا لە عێراق بمێننەوە. ڕاشیگەیاند، ئەمریکییەکان پێویستە بزانن عێراق دەیەوێت پەیووەندی لەگەڵ سەرجەم وڵاتان درووست بکات بەشێوەیەک، کە لە بەرژەوەندی عێراق بێت و پێویستە واشنتن لە بارودۆخی عێراق تێبگات.

بافڵ تاڵەبانى باسى لەوەشکرد، ناکرێت وەکو دژمن لەگەڵ بەغدا مامەڵە بکرێت، بەڵکو دەبێت بەشێوەیەکی واقیعی مامەڵە بکرێت و ھەماھەنگی لەنێوان ھەردوولادا بێت.

هـ . ب