سری سورەیا ئۆندەر: پێویستە پشتیوانی لە پارتی چەپی سەوز بکرێت
سری سورەیا ئۆندەر کاندیدی پارتی چەپی سەوز وتی، بۆ ئەوەی ڕاستڕەوەکان لە پەرلەماندا نەبنە باڵادەست دەبێت پشتیوانی لە پارتی چەپی سەوز بکرێت.
سری سورەیا ئۆندەر کاندیدی پارتی چەپی سەوز وتی، بۆ ئەوەی ڕاستڕەوەکان لە پەرلەماندا نەبنە باڵادەست دەبێت پشتیوانی لە پارتی چەپی سەوز بکرێت.
سری سورەیا ئۆندەر کاندیدی پارتی چەپی سەوز بۆ پەرلەمان لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و پەرلەمان لە ١٤ ی ئایار دا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.
ئۆندەر باسی لە گرنگیی ئەوەکرد، کە پێویستە پارتی چەپی سەوز بە بەهێزی بڕواتە پەرلەمان و وتی، "شێوازی سیستەمی سەرۆکایەتی کە بتوانێت دەسەڵاتی خۆی پێکبێنێت، جیاوازە، بەڵام یەک شت لە بەرچاوە، ئەویش ئەوەیە، کە پارتی سەرۆک، یان هاوپەیمانێتیەکەی ناتوانن لە پەرلەماندا باڵادەست بن، دوو ڕێگا لەبەردەم پەرلەماندایە، یان ئەوەتا گیردەخوات، یان دەبێت ڕێگای ڕێککەوتن بگرێتەبەر. هەر لە سەرەتاوە من قسەم لەسەر میتافۆری کلیل و قوفڵ کرد، ئێمە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە وەک کلیلی چارەسەرکردنین و ڕێگە نادەین کیلدارۆئۆغلو لە بەرامبەر هاوپەیمانیی ڕاستڕەودا لاواز بێت. ئەگەر لە ڕووی گۆڕانی دیموکراسییەوە بە لاوازی هەڵسوکەوت بکەن، ئەوا فراکسیۆنی پەرلەمانی چەپی سەوز وەک بڕیار پەرلەمان ڕادەگرێت، بەڵام ئێمە دەمانەوێت کولتوری ئاشتەوایی و گفتوگۆ و دانوستان پێکبێت.
ئۆندەر هەڵسەنگاندنی بۆ گرنگیی ئیستانبوڵ کرد و وتی : "کاتێک ئێمە تەنها سەیری ۱٥ ساڵی ڕابردوو بکەین، گەشتەکەمان، کە ئێمە بە ٣ پەرلەمانتار دەستمانپێکرد، کە پێشتریش تەنها بە یەک پەرلەمانتار دەستیپێکردبوو، ئێستا گەیشتووەتە ڕێژەیەک لەنێوان ۱۸ بۆ ۲۰ پەرلەمانتار. ئەمەش بە کار و ڕەنجی هەموو بەڕێوەبەرانی ناوچەکانمان و شارەوانییەکانمان و خەباتکاران و پەرلەمانتارەکانمان پێکهاتووە.
پێشتر ئەو قەرەباڵغییە جەماوەرییەی لە نەورۆزدا بینیمان، ئێستا لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکانی ناوچەکاندا دەیبینین. جیاوازیەکە هێندە زۆرە و زیادیکردووە. زۆرێک لە هەڤاڵان و خەباتکارەکانمان یان زیندانیکراون، یان دوورخراونەتەوە، سەرەڕای ئەمەش گەل دەستپێشخەری دەکەن و ویست و ئیرادەی خۆیان ئاشکرا دەکەن و هەڵوێستی خاوەنداریکردن لە خۆیان نیشان دەدەن."
سری سورەیا ئۆندەر لەبارەی خاوەندارێتیکردن لە سندوقەکانی دەنگدان وتی، "لەبەر ئەوەی ئێمە نەک وەک هەدەپە، بەڵکو وەک پارتی چەپی سەوز بەشداریمان لە هەڵبژاردندا کردووە، ئێمە لە ڕووی چاودێرەوە لە کێشەداین. بۆ چاودێران میکانیزمی نوێ دیاریکرا. هەموو کەسێک دەتوانێت لەسەر سندوقەکانی دەنگدان سەیری ئەژمارکردنی دەنگەی خۆی بکات. کاتێک ئەمە بە پێی ڕێنماییەکان بە ئیمزا مسۆگەر بکرێت، ئیدی پێویست بە نیگەرانی ناکات."
سری سورەیا ئۆندەر لەبارەی ئەو ئەگەرانە، کە ئەگەر ئاکەپە و مەهەپە دەسەڵاتی خۆیان لە دەست بدەن، ئامادە نابن دەسەڵات ڕادەست بکەن، وتی، "ئەوان خۆیان دەیانەوێت ئەم قسە و وتانە بڵاوبکرێتەوە، دەبێت مرۆڤ لەو نیگەرانییانە دوور بێت."
ئۆندەر ڕایگەیاند، ڕەنگە هەڵبژاردنەکە برواتە خولی دووەم و وتی، "ئەگەر هەڵبژاردن بکەوێتە خولی دووەمەوە، دیسانەوە ئێمە لە پێشەوە دەبین. ئەمە زۆر گرنگە. چونکە دەوڵەت هەموو دەرفەتەکانی خۆی خستووەتە گەڕ. گەلی کورد و هەدەپە بۆ بەدیموکراسیکردن و ئازادی کەسیان بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار کاندید نەکرد و بەوەش هەڵوێستێکی ستراتیژییان نیشان دا.
ئەگەر ڕۆشنبیران و دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماردا دەنگ بە قلیچدار ئۆغڵو بدەن و بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان دەنگ پارتی چەپی سەوز بدەن، ئەوە دەبێتە پێشهاتێکی گرنگ. لەبەر ئەوەش ئەگەر هەڵبژاردن بچێتە خولی دووەمەوە هەر گارانتی دەبێت، چونکا ئەو شوێنە بۆ پێکهاتەی ڕاستڕەو بەجێناهڵدرێت".
ژ.ت