بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیهەدە)، هەزار و ٥٠٠ زیندانی نەخۆش لە زیندانەکانی تورکیادا هەیە، کە ٦٠٠ کەس لەوانە دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە. بە بانگەوازی ئاشتی گەل چاوەڕێی هەنگاوی ڕوون دەکەن و هەمیشە وەک هەنگاوی یەکەم جەخت لەسەر پێویستی ئازادکردنی زیندانییە نەخۆشەکان دەکەن.
سۆیدان ئاکای، زیندانی نەخۆش کەپاش ٣٢ ساڵ لە زیندان ئازادکرا، ڕایگەیاند: "حکومەت دەیەوێت پرسی زیندانیانی نەخۆش بە تەواوی بکاتە رۆژەڤ، بەمەش پرسە ڕاستەقینەکە دەشارێتەوە. ئاکای وتی: "نابێت پرۆسەی ئاشتی تەنیا لە چوارچێوەی زیندانیەکاندا هەڵسەنگێندرێت، هێزە کۆمەڵایەتییەکان دەبێ لەم بوارەدا بەشێوەیەکی کاریگەر مامەڵە بکەن."
سۆیدان ئاکای تەمەن ٤٩ ساڵ لە ١٩٩٣ بە تۆمەتی ئەوەی بەرپرسی هەرێمی ئیجەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە لە ئیزمیر دەستگیرکرا، دادگای ئەمنی دەوڵەت سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاند، ئاکای ماوەی ٣٢ ساڵ لە زیندانەکانی تورکیادا لەوانە ئیزمیر، ئایدن، نازلی، کرکلار، سێرت، ئامەد، ماڵ تەپە و سیلیڤری زیندانی کرا.
لە ساڵی ٢٠١٨ لە زیندان تووشی شێرپەنجەی پرۆستات دەبێت و هەروەها تووشی نەخۆشی ڕۆماتیزم و ئاوسانی جگەر و نەخۆشی دڵ بووە. بەو بۆنەوە ناوی لە لیستی زیندانییە نەخۆشەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤدا بوو. هەرچەندە سزای هەتاهەتاییەکەی دووبارە پەسەند نەکربوو، بەڵام ئاکای ماوەی ٧ ساڵ لە زیندانی تاکەکەسیدا هێڵدرایەوە.
بڕیار بوو لە ٢٠٢٣ بە شێوەی مەرجدار ئازاد بکرێت، بەڵام کۆمیتەی چاودێری و ئیداری زیندان بە شێوەی هەڕەمەکی چوار جار ئازادکردنەکەیان دواخست. ئاکای ١٢ی ئایار لە زیندانی سیلیڤری ئازاد کرا.
ئاکای سەرەڕای نەخۆشییەکانی، بە هیوا و ئیرادەیەکی بەهێزە بۆ بەردەوامیدان بە تێکۆشان لەنێو گەلدایە و سەبارەت بە دۆخی زیندانیانی نەخۆش و پرۆسەی ئاشتی کە بە بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکردووە، قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
'دەوڵەت بە ئەنقەست پرسەکە درێژ دەکاتەوە'
ئاکای ڕایگەیاند کە پرسی زیندانیانی نەخۆش پرسێکی ئەخلاقی و مرۆییە و جەختی لەوە کردەوە کە بۆ چارەسەرکردنی پێویست بە هیچ هەموارکردنەوەیەکی یاسایی نوێ نییە. لەبەر ئەوە ئەم بابەتە بە تەواوی پەیوەستە بە جێبەجێکردنەوە، ئەگەر دەوڵەت بیەوێت بە دوو ڕۆژ ئەم کێشەیە چارەسەر دەکات، بەڵام دەوڵەت بە ئەنقەست ئەم پرسە درێژ دەکاتەوە."
'پرۆسەی ئاشتی بابەتێک نییە کە لە چوارچێوەی زیندانیاندا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت'
بەگوتەی ئاکای، دەوڵەت دەیەوێت پرسی زیندانیانی نەخۆش بکاتە بابەتێکی سەوداکردن و وتی: "دەوڵەت لەسەر ئەم بابەتە هەندێ حیساباتی خۆی دەکات، بە تێپەڕبوونی کات دەیەوێت ئەم بابەتە وەک ئامرازێکی سەوداکردن دژی کورد و هێزە دیموکراتیکەکان لە کاتی هەڵبژاردندا بەکاربهێنێت، لە کاتێکدا ئازادکردنی زیندانیانی نەخۆش هەنگاوێکی سەرەکییە و نابێت پرۆسەی ئاشتی تەنها لە چوارچێوەی ئەم بابەتەدا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، بەڵام دەوڵەت ئەم بابەتەی وەک ئامرازێکی جیاواز بەکار دەهێنێت و کۆمەڵگای پێیەوە سەرقاڵ کردووە."
'دەبێت ڕۆحی بەرخۆدانی زیندانیان نیشان بدرێت'
ئاکای ڕایگەیاند کە بارودۆخی زیندانەکان زۆر خراپە و ئەمەش دەبێتە هۆی نەخۆشی و جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت ڕۆحی بەرخۆدانی زیندانییەکان نیشان بدرێت و وتی: "لایەنێکی هەڤاڵان کە پێویستە جەختی لەسەر بکرێتەوە لایەنی تێکۆشانیانە، ئەوان مرۆڤی بەهیوا، بەجۆش و بەهێزن، لەناو چوار دیواردا. هەموو زیندانیان سەرەڕای نەخۆشییەکانیان، هەڵوێستێکی شکۆمەندانە و بەهێز پەیڕەو دەکەن، ئەوێ گۆڕەپانی تێکۆشانە، نەخۆش بن یان نا، هەمووان دەیانەوێت بە کەرامەتەوە بژین، بەردەوام سەرەنج و بەدوادچوونەکانیان لە سەر سیاسەت و کۆمەڵگایە، ئەوانەی لە زیندانەکان دێنە دەرەوە بە ڕۆحێکی بەرزەوە دێنە دەرەوە، بە هیچ شێوەیەک تەسلیمیەت قبووڵ ناکەن."
'دەبێت هێزە کۆمەڵایەتییەکان خۆیان بە بەرپرسیار بزانن'
ئاکای ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە پرۆسەی ئاشتی بە ڕوانگەیەکی بەرفراوانتر لە دیموکراتیزەکردن هەڵسەنگاندی بۆ بکرێت و وتی: "دەوڵەت دەیەوێت بە تەواوی سەرنج بخاتە سەر زیندانیانی نەخۆش، بەمەش پرسی سەرەکی پەردەپۆش دەکات. هەروەها ڕوانگەیەک لە نێو گەلدا دروست بکات کە ئەگەر زیندانیانی نەخۆش ئازاد بکرێن، پرسەکە چارەسەر و ئاشتی بەرقەرار بووە، لە کاتێکدا ئەمە تەنها بەشێکە لە تێکۆشانێکی گەورەیە، بۆیە لەم ڕووەوە پێویستە هێزە کۆمەڵایەتییەکان لە جیاتی چاوەڕوانی دەوڵەت دەبێت خۆیان پڕۆژە بخوڵقێنن، ئەگەرنا ئەم پرسە لەو ئاستەدا دەمێنێتەوە.
لە بنەڕەتدا دەوڵەت دەیەوێت بابەتی دیموکراتیزەکردن بشارێتەوە. پرۆسەی ئاشتی بە گشتی لە چوارچێوەی زیندانەکاندا نییە. نابێت تەنها لە چوارچێوەی زیندانیانی نەخۆشدا هەڵسەنگێندرێت. بەڵکوو ئەمە پرۆسەیەکی تێکۆشانە."