تولای حاتەم ئۆغۆلاری: دژی شەڕ، هاوپەیمانی گەلان بەهێز دەکەین
هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆلاری گوتی: "پێکەوە هاوپەیمانی گەلان بەهێز دەکەین و دەنگی ئاشتی دژی شەڕ بەرزدەکەینەوە".
هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆلاری گوتی: "پێکەوە هاوپەیمانی گەلان بەهێز دەکەین و دەنگی ئاشتی دژی شەڕ بەرزدەکەینەوە".
هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغۆلاری لە کۆبوونەوەی هەفتانەی پارتەکەی دەربارەی ڕۆژەڤەکان قسەی کرد.
تولای حاتەم ئۆغۆلاری تیشکی خستەسەر هەڵبژاردنە خۆجێیەکان و ڕایگەیاند سەرەڕای فێڵی ئاکەپە و مەهەپە و هەموو فشارەکان و هەلومەرجی نایەکسان، سەرکەوتنی مەزن بەدەستهات و گەلانی تورکیا بەرامبەر سیاسەتی یەکپەرستی و نکۆڵی گوتیان بەسە. گەلانی تورکیا وتیان جیاکاری و هەژاریمان ناوێت و لە ئاکەپە بێزاربووین. جەختی کردەوە لەم هەڵبژاردنە ستراتیژی تورکیا سەرکەوت.
حاتەم ئۆغۆلاری ئاماژەی کرد بە سەرکەوتنەکەی وان و ڕێگرتن لە هەوڵی زەوتکردنی ئیرادەی گەلی وان، گوتی: "وان سەرکەوتنێکی مەزن بوو، لە هەموومان پیرۆز بێت". پاشان جەختی کردەوە نابێت ئەمە سەرکەوتنە بە بەس بزانن، پێویستە پێشی بخەین.
تولای حاتەم ئۆغۆلاری جەختی کردەوە، لە ٣١ ی ئادار گەلی کورد ئیرادەی خۆی پێشخست و زیهنیەتی قەیوم شکستی هێنا. گوتی: "گەل لە دژی سیستەمی قەیوم گوتی "خۆم بەڕێوەدەبەم"، ئێمە بە نزیکایەتی ئیدارەی هەرێمی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژیک و ئازادیخوازیی ژن خۆمان بەڕێوەدەبەین. چەندێک سوپاسی گەلەکەمان بکەین، هێشتا کەمە".
حاتەم ئۆغۆلاری ڕایگەیاند سبەی دانیشتنی دۆزی کۆبانێ بەڕێوەدەچێت، بەپێی زانیارییەکانیان بڕیار نادرێت و ئەگەری دواخستنی هەیە، گوتی: "بە دۆزی پیلانگێڕیی کۆبانێ ویستیان تێکۆشانی دیموکراتیک ئاستەنگ بکەن". داوای لە دادگا کرد چیتر ملکەچی کۆشک نەبێت و بڕیاری ڕاست بدات.
تولای حاتەم ئۆغۆلاری تیشکی خستەسەر قەیران و شەڕە بەردەوامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، بەتایبەت ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ڕایگەیاند دەرکەوتنی شەڕی جیهانیی سێیەم مانای لەناوچوونی جیهانە، گوتی: "لە سەردەمێکداین، وڵاتان هەڕەشەی چەکی کیمیایی لەیەکدی دەکەن، بڕوامان وایە لەم قۆناغەدا بێجگە لە ئاشتی و دیالۆگ چارەسەرێکی تر نییە. ئەمڕۆ بەهۆی شەڕەکانی زیهنیەتی دەوڵەت-نەتەوەکانەوە گەل باجێکی قورس دەدات".
تولای حاتەم ئۆغۆلاری جەختی کردەوە، پرسی سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین پرسی فەڵەستین و پرسی کوردە، ڕایگەیاند هەمیشە داوای چارەسەری بەپەلەی پرسی فەڵەستین و چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتیانەی پرسی کورد دەکەین، هەبوونی ستاتۆیەکی کوردان لە چوارپارچەی کوردستان مایەی ئاسوودەیی هەموو گەلانە و خزمەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەکات، گوتی: "بانگەواز لە گەلانی تورکیا دەکەین، وەرن پرسی کورد و پرسی فەڵەستین چارەسەر بکەین. لەم کایۆس و ئاژاوەیەدا دەڵێین، تاکە چارەسەر هاوپەیمانی گەلانە. لە ئاستی هەرێمیدا، چارەسەری هەرە گرنگ هاوپەیمانی کورد و تورکە، هاوپەیمانی کورد عەرەبە. وەرن ئەم هاوپەیمانیەتانە بەهێز بکەین، دژی شەڕخوازان، ئاشتی و ئارامی بهێنینە هەرێمەکە. ئێمە وەک دەم پارتی هەمیشە بۆ ئاشتی سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوین درێژە بە خەبات دەدەین.