تورکە نەژادپەرەستەکان لە ئەنتالیا هێرشیان کردە سەر کرێکارانی وەرزیی کورد

گروپێکی ٣٠٠ کەسی لە تورکە نەژادپەرەستەکان لە گوندی بایرالا لە ناوچەی ئەلمالی لە ئەنتالیا هێرشیان کردە سەر کرێکارانی وەرزیی کشتوکاڵ. بەهۆی ئەو هێرشەوە بنەماڵەى کورگای خەڵکی مێردین ناچاربوون گوندەکە چۆڵ بکەن.

کرێکارانی کشتوکاڵی وەرزیی کورد لە گوندی بایرالا لە ناوچەى ئەلمالی ئەنتالیا لەلایەن گروپێکی ٣٠٠ کەسی نەژادپەرەستی تورکەوە ماوەى دوو رۆژە هەڕەشەیان لێدەکرێت و هێرش دەکرێتە سەریان. دوای ئەو هەڕەشە و هێرشانە کرێکارەکان ناچاربوون گوندەکە بەجێبهێڵن.

سەروەت کورگا لەوبارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیای راگەیاندووە، ماوەى ٢ رۆژە گروپێکی نەژادپەرەستی تورک هێرش دەکەنە سەرمان و هەڕەشەمان لێدەکەن. راشیگەیاندووە، "دوێنێ شەو کاتژمێر ٠٠:٠٠ دا هێرشیان کردە سەرمان. لوت و پەراسوی خاوەن کارەکەى ئێمەیان شکاند. بە ئێمەشیان وت، 'ئێوە کوردن، لەسەر خاکی ئێمە بڕۆن'. ئەمڕۆش هاتنەوە و هێرشیان کردە سەرمان. ئێستا لە ژێر چاودێریی جەندرمەدا لە گوندەکە دەڕۆینە دەرەوە. ئێمە هیچ شتێکی خۆمان وەرنەگرتووە و لەگەڵ خۆمان نەمان بردووە. ئێستا دەڕۆین بۆ لای خزمەکانمان لە ئەلمالی".

مستەفا کورگا یەکێکی تر لە ئەندامانی بنەماڵەى کورگا، کە لە ئیزمیر دەژی رایگەیاند، دوای ٤ کاتژمێر توانیویانە خۆیان بگەیننەوە بە بنەماڵەکانیان. مستەفا وتی، "ئێستا لە ژێر چاودێریی جەندرمەدا بنەماڵەکەم لە گوندەکە هێنراونەتە دەرەوە و دەڕۆن بۆ لای خزمانمان. هەموویان بە منداڵەکانیشەوە ١٦ کەسن. نیگەرانی ژیان و چارەنووسی بنەماڵەکەمم. هێشتا نیگەرانین.

کاتێک هێرشکراوەتە سەر بنەماڵەکەم، جندرمەکان وتویانە، ئێمە هیچمان لە دەست نایەت. بۆ پاراستنی گیانی خۆتان ئێرە بەجێبهێڵن. ئەو گروپە بە بنەماڵەکەی منیان وتوە، 'ئێوە کوردن، ئێمە کوردمان ناوێت'. ئەمڕۆش هاتن و دووبارە هێرشیان کردەوە. ٢ جار هێرشیان کرد. ئەو کەسانە خەڵکی گوندەکەن، بەڵام بە خۆیان دەڵێن، 'نەتەوەپەرەست'. کوێخای گوندە هانیان دەدات. دەڵێن، 'دەبێت ئێوە لێرە بڕۆن'. بنەماڵەکەم گوندەکەیان بەجێهێشتووە".

ژ.ت