ڕوسیا ڕێککەوتنی هەناردەی گەنم ڕادەگرێت

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوی ڕوسیا ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی هەناردەکردنی گەنم ڕاگیراوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا مارا زاخارۆڤا ڕایگەیاند: "ڕوسیا بە فەرمی هەردوو لایەنی تورکی و ئۆکرانی، لەگەڵ سکرتارییەتی گشتی نەتەوەی یەکگرتووەکانی ئاگادار کردۆتەوە ناڕازییە بەرامبەر درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی دانەوێڵە، هەروەها بەم نزیکانە وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕاگەیاندراوێک سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتە بڵاودەکاتەوە".

هەر ئەمڕۆ، وتەبێژی کریملین، دێمیتری پیسکۆڤ ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی دانەوێڵە ڕاگیراوە.

گوتی: "ڕێککەوتنەکانی دانەوێڵە ڕاگیراون، پاش جێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕوسیا، وڵاتەکە دووبارە پابەندی دەبێت".

هەروەها گوتی: "لەڕاستییدا، ڕێککەوتنەکانی دەریای ڕەش چیتر کارا نین، وەک پێشتر سەرۆکی ڕوسیا گوتی، کۆتا وادە ١٧ ی تەمموزە. بەداخەوە، بەشی پەیوەست بە ڕوسیا لە ڕێککەوتنی دەریای ڕەش تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، بۆیە ڕێککەوتنەکە کۆتایی هاتووە".

هەروەها ڕایگەیاند، هەرکات بەشی ڕوسی لە ڕێککەوتنەکە جێبەجێکرا "ڕوسیا دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە".