وەزیری ناوخۆی ئێران گەیشتە عێراق

ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و لەلایەن هاوتا عێراقییەکەیەوە عەبدولئەمیر شەمەری پێشوازی لێکرا.

نوسینگەی وەزیری ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٣ عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا پێشوازی لە ئەحمەد وەحیدی هاوتا ئێرانییەکەی و شاندی یاوەری کرد.

نوسینگەی راگەیاندنی وەزیری ناوخۆی عێراق بڵاویکردەوە: "دوابەدوای گەیشتنی ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی ئێران، لەگەڵ وەزیری ناوخۆی عێراق کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و تیایدا جەختکرایەوە لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان و گفتوگۆش لەبارەی ئەو بابەتانەوە کرا کە مایەی نیگەرانی هەردوولابوون".

ئەم سەردانەی وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ بەغدا لەکاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، ناسڕ کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند:" بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەنجاممانداوە، دەبێت ئەو گروپانەی دژ بە حکومەتەکەمانن لەو وڵاتە دابماڵرێن لە چەک و بنکەکانیان چۆڵ بکەن".

ئاشکراشی کرد: "وادەی دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەمان لەگەڵ حکومەتی عێراق لەوبارەیەوە، ١٩ی مانگی داهاتووە و ئەو وادەیەش بە هیچ شێوەیەک درێژناکەینەوە، رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانیش لە بابەتەکە ئاگادارکراوەتەوە".