ئاتاش: تا داواکاریەکانمان جێبەجێ نەکرێن، کۆتایی بە چالاکیەکانمان نایەت

شیڤەکار ئاتاش کە یەکێتە لە مانگرتووانی ناو زیندانەکانی تورکیا، دەڵیت، تا ئەو کاتەی داواکاریەکانیان جێبەجێ نەکرێن، ئەوان بەردەوام دەبن لە تێکۆشاندا.

چالاکی مانگرتن لە خواردن کە لە بەرواری ٢٧ی تشرینی دووەمەوە بۆ کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری سەر عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە زیندانەکانی تورکیا دەستی پێکردووە، مانگێکی تێپەڕاند و تا ئێستاش بەردەوامە. چالاکیەکە بە بەشداری حەوتەمین گروپی زیندانیانەوە بەردەوامە.

شیڤەکار ئاتاش کە لە ساڵی ٢٠١٨دا لە بەندیخانەی ژنانی سینجان دەستی بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کردبوو، لە سێهەمین گروپی چالاکیەکەی ئەمجارەشدا جێی گرتووە.

ئاتاش بە تەلەفۆن لەگەڵ خانەوادەکەی قسەی کرد و لەگەڵ بەرزنرخاندنی چالاکیەکە، جەختی کردەوە کە ئەوان واز لەو چالاکیەیان ناهێنن و وتی:"ئەگەر دەتانەوێت لە ساڵی ٢٠٢١دا ئێمە زیندوو بمێنینەوە، ئەوا خاوەنداری لەم چالاکیەمان بکەن. بێگومان نامانەوێت بمرین، بەڵام دەمانەوێت گەلەکەمان خاوەنداری لە چالاکی بێکۆتای مانگرتن لە خواردن بکات کە بۆ شکاندنی گۆشەگیری دەستمان پێکردووە. ئێمە لێرەوە سڵاومان دەنێرین بۆ هەموو زیندانیان. تا ئەو کاتەی داواکاریەکانمان جێبەجێ نەکرێن، ئەوا ئێمە واز لە چالاکیەکەمان ناهێنین."

ز.ش