یاوز: دەمانەوێت لە ئەستەنبول ٢٠ کورسیی پەرلەمان بەدەست بهێنین

ڕەمەزان یاوز هاوسەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی ئیستەنبوڵی پارتی چەپی سەوز وتی، "ئێمە دەمانەوێت ٢٠ کورسیی پەرلەمان لە ئیستەنبوڵ ببەینەوە و دەنگەکانیشیمان بە ڕێژەی سەد لە سەد زیاد بکەین".

ڕەمەزان یاوز هاوسەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی ئیستەنبوڵی پارتی چەپی سەوز لەبارەی کاروبارەکانی خۆ ئامادەکردن بۆ هەڵبژاردن و بەرنامەکانیان لە ئیستەنبوڵ و ئامانجەکانیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

ڕەمەزان یاوز ڕایگەیاند، خەڵکی ئیستەنبوڵ پارتی چەپی سەوزیان قبوڵ کردووە و نزیکەی ساڵ و نیوێکە دەربارەی پارتی چەپی سەوز لەگەڵ خەڵکدا قسە دەکەن و ئێستا لە هەموو شوێنێک وەک پارتی چەپی سەوز کار دەکەین. ڕاشیگەیاند، "هەدەپە لە لیستەکەدا نابێت لەبەر ئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا ناکات، لۆگۆی هەدەپە لەسەر لیستی دەنگدان نییە، بۆیە لەجیاتی هەدەپە لۆگۆی پارتی چەپی سەوز لەسەر لیستی دەنگدان دەبێت. هیچ ناوێکی هەدەپە لە لیستەکانی دەنگداندا نییە."

یاوز سەبارەت بە ئاسایشی هەڵبژاردنەکان و ئامادەکارییەکانیان وتی، بەردەوامن لە کارەکانیان و ئەوەشی ڕاگەیاند، لە ئیستەنبول لە ١٩١ قوتابخانە سندوقی دەنگدان دادەنرێن، لەسەرتاسەری شارەکەدا نزیکەی ٧٠ هەزار چاودێر ئەرکی چاودێری بەڕێوەدەبەن و لە هەر خوێندنگەیەکیش پارێزەرێک دادەنێین.

 یاوز ڕاشیگەیاند، گرنگی بە ڕاهێنانی چاودێرەکانیان بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان دەدەن و وتی، محەمەد ڕوشتو تیریاکی نوێنەری هەدەپە لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ڤیدیۆیەکی ٤٠ خولەکیی دەربارەی هەڵبژاردن و ئاسایشی هەڵبژاردنەکان ئامادە کردووە و ئەو ڤیدیۆیە لەلایەن هەر چاودێرێک و ئەرکدارێکمان دەبینرێت و لە بنکەکانی ناوچەکانیش نمایش دەکرێت.

یاوز باسی لە هێرشەکان بۆ سەر ناوەندەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن کرد و ڕایگەیاند، سیستەمی دانانی کامێرای چاودێری و چەند ڕێوشوێنێکی تر بۆ ئاسایش و خۆپارێزی دەگرنە بەر و لەوبارەیەوە لەگەڵ هەڤاڵە ئەرکدارەکاندا گفتوگۆی بەردەوام دەکەین. یاوز ڕایگەیاند، ناوەندەکانیان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکان لە ناوچەکاندا دەکەنەوە و ئامانجیان کردنەوەی نزیکەی ١٥٠ ناوەندی بانگەشەی هەڵبژاردنە و لە هەندێک ناوچەش ٢ ناوەندی بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەنەوە  و لە هەندێک ناوچەی تریش ٥ ناوەندی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پارتی چەپی سەوز دەکرێتەوە.

یاوز ئاماژەی بەوەکرد، کردنەوەی ناوەندەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ئیستەنبول وەک کۆبوونەوە و گردبونەوەی جەماوەری دەبێت و وتی، پلانیان هەیە لەکاتی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردندا کۆبوونەوەیەکی گەورەی جەماوەری لە گۆڕەپانی یەنی قاپیی لە ئیستەنبول  ئەنجام بدەن.

 یاوز ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لەوەش، کۆبوونەوەیەکی گەورەی جەماوەری بۆ ژنانیش ئەنجام دەدەن و وتی، " ئێمە هەمیشە دەڵێین، ئیستەنبول گەورەترین گەورە شارە، بۆیە ئامانجمان ئەوەیە ٢٠ کورسیی پەرلەمان لە ئیستەنبوڵ بەدەستبهێنین و دەنگەکانیشمان بە ڕێژەی سەد لەسەد زیاد بکەین. دەمانەوێت وەک پارتی چەپی سەوز لە ١٥ی ئایاردا لە بەرە بەیانییەکی جواندا لەخەو هەستین".

ژ.ت