ئای پی پی ئێن دەبلیو داوای لە نەتەوە یەکگرتوەکان لە کوردستان بە لێکۆڵینەوە بکات

رێکخراوی نێونەتەوەیی پزیشکان بۆ پێشگرتن لە جەنگی ئەتۆمی (ئای پی پی ئێن دەبلیو/IPPNW) لەسەر راگەیاندراوەکانی هەپەگە و کەجەکە لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە، داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد دەست بە لێکۆڵینەوە بکات.

دەوڵەتی تورک لە ناو خاکی باشووری کوردستان هێرش دەکاتە سەر گەریلاکانی ئازادیی کوردستان و سەرباری ئەوەى چەکی کیمیایی بەکار دەهێنێت، بەڵام هێزە نێونەتەوەییەکان خۆیان کەڕ و کوێر کردووە. لە دوایین حاڵەتدا ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) چەند رۆژ لەوە پێش رایگەیاند، لە گۆڕەپانی زەندورای مەتینا و شاخە سووری ئاڤاشین و زۆرێک لە ناوچەکانی تردا چەکی کیمیایی بەکارهاتووە.

لەسەر ئەو راگەیاندراوەى نەپەگە، رێکخراوی نێونەتەوەیی پزیشکان بۆ پێشگرتن لە جەنگی ئەتۆمی (ئای پی پی ئێن دەبلیو / IPPNW) بانگەوازێکی بڵاوکردەوە. گیسلا پینتکر (Gisela Penteker) بەڕێوەبەری (ئای پی پی ئێن دەبلیو / IPPNW) بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد و رایگەیاند، زانیارییەکانی یەکەکانی هەپەگە لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی شایانی ئەوەن لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت و لەو بابەتەدا سەرنجی خستەسەر بەرپرسیاریی نەتەوە یەکگرتووەکان.

'دەبێت پسپۆڕان دەست بە لێکۆڵینەوە بکەن'

پینتکر رایگەیاند، تەنها دیمەن و وێنەکانی ناوچەى شەڕ بۆ بابەتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بەس نییە، بۆیە دەبێت بۆ سەلماندنی ئەو زانیارییانە، کەسانی پسپۆڕ دەست بە لێکۆڵینەوە بکەن. راشیگەیاند، تورکیا ئەندامێکی ناتۆیە، بۆیە لێکۆڵینەوەکردن لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، کاری ناتۆیە.

پینتکر باسی ئەوەیکرد، پشتیوانی لە بانگەوازەکانی کورد دەکەن و وتی، "ئەگەر ناتۆ نایەوێت متمانەى خۆی لە دەست بدات دەبێت ببێتە یارمەتیدەر بۆ پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوەکو بتوانن لێکۆڵینەوە ئەنجام بدەن. هەروەها وڵاتانی ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەوروپا لەبابەتی چەکی کیمیایدا بەرپرسیاریان دەکەوێتە ئەستۆ، بۆیە دەبێت ئیدی بەرلین بەرامبەر بە شەڕی دژ بە کوردان بێدەنگی هەڵنەبژێرێت".

رێکخراوی نێونەتەوەیی پزیشکان بۆ پێشگرتن لە جەنگی ئەتۆمی (ئای پی پی ئێن دەبلیو/IPPNW)، کە ناوەندەکەى لە ئەمریکایە بەهۆی کارە گرنگەکانیەوە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ١٩٨٥ی پێبەخشراوە و زیاتر لە ١٥٠ هەزار ئەندامی لە ئاستی نێونەتەوەییەدا هەیە.  یەکێک لە رێکخراوە سەرەکییەکانی دژ بە چەکی کیمیایی و کۆکوژە. لە ٦٣ وڵات لقی هەیە و لە ئەڵمانیا ٨ هەزار ئەندامی هەیە و بە یەکێک لە رێکخراوە گەورەکانی بواری ئاشتی دەناسرێت.

ئۆ پی سی دەبیلو بەرامبەر بە دانپیادانانی ئاکار بێدەنگ بوو!

تورکیا لە ساڵی ١٩٩٧ەوە لایەنێکی رێکخراوی رێگریکردن و قەدەغەکردنی چەکە کیمیاییەکان (ئۆ پی سی دەبیلو - OPCW)یە. گازی فرمێسکڕێژ، کە چاو دەسوێنێتەوە لەلایەن پۆلیسەوە لە دژی خۆپیشاندانەکان بەکار دەهێنرێت، لەلایەن رێکخراوی رێگریکردن و قەدەغەکردنی چەکە کیمیاییەکان (ئۆ پی سی دەبیلو - OPCW) قەدەغە کراوە، کە لە شوێنە داخراوەکانی وەک ئەشکەوتەکاندا بەکار بهێنرێت، بەڵام سەرباری ئەوەى خولوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورک دانی بەوەدا نا، کە سوپای تورک لە نێوان ١٠-١٣ی شوباتی ٢٠٢١ لە هێرشی داگیرکەریی بۆ سەر گارە 'تەنها گازێکیان بەکارهێناوە، کە چاو دەسوتێنێتەوە'، بەڵام رێکخراوی رێگریکردن و قەدەغەکردنی چەکە کیمیاییەکان (ئۆ پی سی دەبیلو - OPCW) بێدەنگەى لێکرد و بە پێویستی نەزانی لێکۆڵینەوە لەو دانپیادانانەدا بکات.

پەیوەندیی چەپەڵی نێوان رێکخراوی رێگریکردن و قەدەغەکردنی چەکە کیمیاییەکان (ئۆ پی سی دەبیلو - OPCW) و دەوڵەتی تورک شاراوە نییە. لە هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا بۆ سەر گرێ سپی و سەرێکانی ئەو پەیوەندییە زیاتر خۆی دەرخست. لەو کاتەدا راگەیاندراو بڵاوکرایەوە، کە سوپای تورک لە دژی هاووڵاتییانی مەدەنی چەکی کیمیایی بەکارهێناوە، بەڵام ئەو رێکخراوە خۆی کەڕ و کوێر و بێدەنگ کرد. دواتر دەرکەوت شەعبان دیشلی سەفیری تورکیا لە لاهای بە بڕی ٣٠ هەزار یۆرۆ هاوکاریی رێکخراوی رێگریکردن و قەدەغەکردنی چەکە کیمیاییەکان (ئۆ پی سی دەبیلو - OPCW) کردووە.

ژ.ت