ئێشکگری دژی دەستبەسەراگرتنی ئیرادە
چالاکی ئێشکگری دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانی جولەمێرگ بەردەوامە، چالاکییەکە لە یەکەم ڕۆژی جەژندا بە کۆنسێرتی هونەرمەند ئازاد بەدران بەردەوام بوو.
لە چالاکییەکەی ئەمڕۆدا هاوسەرۆکانی شارەوانی ئامەد، پەرلەمانتاران و چەندین کەس بەشداربوون و جەژنیان لە یەکدی پیرۆز کرد.
"ڕێز لە هەڵبژاردن بگرن"
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئامەد پینار ساکیک تەکین لە کۆنسێرتەکەدا قسەی کرد و ڕایگەیاند دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە تەحەمولی دەسکەوتەکانی کورد ناکەن، گوتی: "وەک چۆن پێکەوە دەسکەوتەکانمان بەدەستهێنا، وەهاش دەسکەوتەکان دەپارێزین".
پاشان هاوسەرۆکی شارەوانی سەرا بوجاک گوتی: "گەلەکەمان خاوەنداری لە ئیرادەی خۆی کرد، دەمانەوێت ڕێز لە هەڵبژاردن بگیرێت".
"سەر نەوی ناکەین"
مەراڵ دەنیش بەشتاش تیشکی خستەسەر بەرخۆدانی گەل دژی دانانی قەیوم، دەستبەسەراگرتنی ئیرادەی گەلی وەک تاوانی هەرە مەزن ناساند، گوتی: "دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە بە دانانی قەیوم درێژە بە سیاسەتی دوژمنایەتی کورد دەدەن. بەڵام نازانن ئەم گەلە سەد ساڵە بەرامبەر ئەم سیاسەتە سەری نەوی نەکردووە. بەرخۆدان دەکەین و بەردەوام دەبین لە بەرخۆدان. هەرگیز سەر نەوی ناکەین. دژی دانانی قەیوم، هێزی هەرە مەزن بەرخۆدان و خاوەندارێتی گەلە".
کۆنسێرت ئەنجامدرا
پاشان هونەرمەند ئازاد بەدران چووە سەر شانۆ و وتەیەکی کورتی پێشکەش کرد.
بەشداربووانی چالاکییەکە بەدەم گۆرانییەکانی ئازاد بەدرانەوە هەڵپەڕکێیان کرد.