ئێشکگریی هەفتەى ٤٧٧ لەلایەن بنەماڵەیەکی کوردەوە بەڕێوەدەچێت

ئێشکگریی "ئازادی بۆ ئۆجالان" لە هەفتەى ٤٧٧هەمین دایە. ئێشکگریی ئەم هەفتەیە لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەى ئۆزچەلیکەوە بەڕێوەدەچێت و بۆ ئێشکگرییەکە لە شاری هالەی ئەڵمانیاوە رۆیشتوون بۆ شاری ستراسبۆگی فەرەنسا.

ئێشکگریی ئازادی بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٢ەوە لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا دەستیپێکردووە و ماوەى ١٠ ساڵە بە بەردەوامی ئەو چالاکییە بەڕێوەدەچێت.

چالاکییەکە لە گۆڕەپانی بەردەم دام و دەزگاکانی یەکێتیی ئەوروپادا بەڕێوەدەچێت. هەموو هەفتەیەک دەستەیەک لە کوردان و دۆستەکانیان ئێشکگرییەک بەڕیوەدەبەن. چالاکوانانی هەفتەى ٤٧٧هەمین بنەماڵەى ئۆزچەلیکن، کە لە شاری هالەى ئەڵمانیاوە هاتوون بۆ شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا. ئێشکگرانی ئەم هەفتەیە بریتین لە، سولهادین ئۆزچەلیک، پەریزادە ئۆزچەلیک و نۆرشین ئۆزچەلیک.

سولهادین ئۆزچەلیک بە ناوی دەستەکەوە رایگەیاند، لەگەڵ منداڵەکانیدا بەشداری چالاکییەکە بوون. ئۆزچەلیک راشیگەیاند، بۆ ئەوەى نیشانی بدات، کە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئیرادەی ئەوانە و گرنگیی تێکۆشانی ئازادی بخەنەڕوو، بەشداری چالاکییەکە بوون.

سولهادین ئۆزچەلیک ئەوەشی راگەیاند، ئەوە چوارەم جارە، کە بەشداری چالاکییەکە دەبن و ئاماژەى بە گرنگیی خاوەنداریکردن لە چالاکییەکە کرد و وتی، "رێبەرمان بۆ گەلی کورد تێکۆشاوە. ئێستا دیلکراوە. ئازادکردنی قەرزێکە لە ئەستۆی هەموو کەسدایە".

سولهادین ئۆزچەلیک باسی ئەوەیکرد، ئەگەر عەبدوڵا ئۆجالان تاوەکو ئێستا ئازاد نەبووە هۆکارەکەى بۆ کێماسی و کەموکوڕیی هەموان دەگەڕێتەوە و وتی، هەموو تاکێکی گەلی کورد دەبێت لە هەموو گۆڕەپانەکان و لە هەموو ئاستەکاندا تێبکۆشێت.

سولهادین ئۆزچەلیک وتی، "هێرشە داگیرکارییەکان و کۆمەڵکوژییەکان لە دژی گەلەکەمان لەگەڵ دیلگرتن و گۆشەگیرکردنی رێبەرمان بەڕێوەدەچێت". ئەوەشی وت، دەبێت لە دژی گۆشەگیری و داگیرکەری تێکۆشانی هەمەلایەنە بەڕێوەببرێت و بە خێرایی یەکێتیی نەتەوەیی دروست بکرێت.

ژ.ت