ئەشکەنجەدانی زیندانیان لەبەردەم زیندان شەرمەزارکرا

پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوزی شەرناخ، نەورۆز ئویساڵ باسی لە بەستنەوەی ژنە زیندانییەکان لە زیندانی پاتنۆس کرد و گوتی: "تا گۆشەگیری و ئەشکەنجە هەبێت ئاشتی و ئازادی و ئومێد پێک نایەت".

کۆمەڵەی پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان و حکومدراوان (TÜHAYDER)، کۆمەڵەی ئەوانەی خزمەکانیان لە لانکەی میزۆپۆتامیا لەدەستداوە (MEBYADER)، تەڤگەری ژنانی ئازاد (TJA)، بەڕێوەبەرانی پارتی چەپی سەوزی ئاگری و وان و ناوچەکانیان، ڕێکخراوەکانی هەدەپە لە ئاگری و وان و ناوچەکانیان، ئەندامانی کۆمەڵەی یاساناسانی ئازادیخواز (OHD) لە بەردەم دەرگای زیندان ڕاگەیاندراوێکیان بۆ ڕۆژنامەنووسان خوێندەوە، پەیوەست بە مزگین ئەتابەی، لالە کابیشەن و نازلیجاان باریشەر کە لە زیندانی L لە پانتۆس ئەشکەنجەدران.

پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سەوز، گوڵجان سایگیت، سیری ساکیک، هەڤاڵ بۆزداغ، گوڵدەرەن ڤارلی، زولکوف ئوچار، مەحمود دیندار و نەورۆز ئویسال ئەسڵان و چەندین کەسی دیکە لە ڕاگەیاندراوەکەدا بەشدار بوون. پانکارتی "نەفرەت لە ڕژێمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەدانی ژنان" بەرزکرایەوە. دروشمەکانی: "بژی بەرخۆدانی زیندانەکان"، "زیندانی سیاسی شەرەفمانە"، "ژن، ژیان، بەرخۆدان"، "بە فشار بێزار نابین"، "بژی بەرخۆدانی ئیمراڵی"، "مرۆڤایەتی بە ئەشکەنجە کەرامەتی خۆی لەدەست دەدات"، "ژن، ژیان، ئازادی" و "زیندانەکان ببنە گۆڕی فاشیزم" دەگوترانەوە.

نەورۆز ئویساڵ گوتی: " لە هەموو زیندانەکانی تورکیا و کوردستان فشار و ئەشکەنجەیەکی زۆر هەیە. سزای زیندانییەکان بەسەر دەچێت، کەچی ئازاد ناکرێن، ئەشکەنجە دەدرێن، بینینیان قەدەغە دەکرێت، سزای دیسپلینیان لەسەر دەسەپێنرێت. چارەسەر وەرناگرن و لەم دواییانەدا شاکر توران گیانی لەدەستدا. سەدان زیندانی چارەسەر ناکرێن. لە ٣١ی ئاب سێ ژن لەم زیندانەدا ئەشکەنجە دراون".

زیندانییەکان بۆ چەند کاتژمێرێک بە بەستراوی ڕاگیران

ئویسال ئاماژەی بەوە کرد، زیندانییە ژنەکان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە ژوورێکدا بەستراونەتەوە و دواتر بە ئەشکەنجە دەبرێنە نەخۆشخانە. ڕەوشی ژنان ئاشکرا بوو، هەموو هەوڵێکی یاساییمان گرتەبەر. پەرلەمانتارانی ئاگری، سیری ساکیک و هەڤاڵ بۆزداغ، لەگەڵ زیندانیانی ناو زیندان کۆبوونەوە. زیندانییەکان داوایان لێکردین کە لە دژی ئەشکەنجەی ناو زیندان لەگەڵیان بین و ئاگاداری پرۆسەی یاسایی بین.

ئویساڵ ئاماژەی بەوەشکرد، هەرکەسێک تاوانەکەی ئەنجامداوە پێویستە لە کارەکەی دووربخرێتەوە و ئەوانیش گۆشەگیری و ئەشکەنجەدان لە زیندانەکان قبوڵ ناکەن، هەروەها چاودێریی گۆشەگیری و ئەشکەنجەدان دەبن لە زیندانەکاندا. لە کۆتایی قسەکانیدا ئویساڵ باسی لەوە کرد، تا گۆشەگیری و ئەشکەنجە هەبێت، ئازادی و ئاشتی و ئومێد پێک نایەت.

لەدوای ئویساڵ، سەیحان ئەتابەی دایکی زیندانی مزگین ئەتابەی کە ئەشکەنجە درابوو قسەی کرد.

"نامانەوێت منداڵەکانمان بمرن"

ئەتابەی ئاماژەی بەوە کرد، کچەکەی ٦ ساڵە زیندانی کراوە و گوتی: "نامانەوێت منداڵەکانمان بمرن. چەند کیلۆمەترێک ڕێگا دەبڕم و ناهێڵن کچەکەم ببینم. کچەکەم کاتێک باسی ئەشکەنجەدانەکەی دەکرد، تەلەفۆنەکە پچڕا، با ئەم بەڕێوەبەر و پاسەوانانە لە کارەکانیان دووربخرێنەوە''.

  "دەیانەوێت بە ئەشکەنجە ئیرادەی زیندانییەکان بشکێنن"

جەودەت کابیشەن، برای لالە کابیشەن، گوتی: "سیستەمی گۆشەگیری لە زینداندا هەیە. دەیانەوێت بە ئەشکەنجە ئیرادەی زیندانییەکان بشکێنن. زیندانی پاتنۆس میراتی عیزەت ئۆکتایە".

دواتر جەماوەرەکە ڕێپێوانیان کرد و دروشمی "بژی بەرخۆدانی زیندانەکان"، "ژن، ژیان، ئازادی" و "بژی بەرخۆدانی ئیمراڵی" گوترایەوە.