ئەو زیندانیەى خۆی سوتاندبوو بە کەلەپچەکردنی دەستی لە پشتەوە، چارەسەریی بۆ دەکرێت

یەعقوب بروکانلی لە زیندانی باڵای ئاسایشی کۆنیا بۆ شەرمەزارکردنی دۆخی گۆشەگیریی قورس و پێشێلکارییە زۆرەکان ئاگری لە جەستەى بەردا. بە پێی زانیارییەکان بروکانلی لە پشتەوە کەلەپەچەکراوە و بە کەلەپچەکراوی چارەسەریی بۆ دەکرێت.

یەعقوب بروکانلی و دەیان زیندانیی تر لە دژی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و دۆخی سەختی گۆشەگیری دەستیان بە مانگرتن کردبوو. لە ناو زیندانییە مانگرتووەکاندا ٤٠ زیندانی لە ٤ی تشرینی یەکەمەوە دەستیان بە مانگرتنی بێسنوور کردووە.

یەکێک لە چالاکوانانی مانگرتوو یەعقوب بروکانلی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، کە لە ٢٨ی تشرینی یەکەمدا لە دژی ئەو پێشێلکارییانە ئاگری لە جەستەی  خۆی بەردا.

پارێزەرانی کۆمەڵەی پارێزەرانی ئازاد (ئۆهەدە) لە لقی مێرسین لەسەر داوا و سکاڵای بنەماڵەی بروکانلی سەردانی زیندانی ئەرەگلی کرد و چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا. پارێزەران ڕایانگەیاند، ٤٠ زیندانی خراونەتە ژووری تاکە کەسی.

پارێزەران ئەم زانیاریانەی خوارەوەیان سەبارەت بە تەندروستیی بروکانلی خستەڕوو و وتیان: "سوتایی جەستەی لە ئاستی پلە دوودایە. هەموو باڵی ڕاستی، شان و پشت و پەنجەکانی هەردوو دەستی سووتاون. لە پشتیا بەهۆی سوتانەکەوە گوشتی پشتی دیارە. ناتوانێت قۆڵی ڕاستی بەکاربهێنێت. هەر لە هەمان ڕۆژدا دیسانەوە بردیانەوە بۆ زیندان و خستیانە ژووری تاکە کەسی و لەوێ چارەسەریی بۆ دەکرێت. ئێستا لەگەڵ عوسمان پنچ دا لە یەک ژووردایە. نەیان بردوە بۆ نەخۆشخانە. لە کاتی چارەسەرکردندا دەستەکانی کەلەپچە دەکەن. ئەگەری ئەوە هەیە تووشی هەوکردن ببێت. بروکانلی بۆ گواستنەوەى بۆ نەخۆشخانە سکاڵای تۆمار کردووە، بەڵام نایبەن بۆ نەخۆشخانە. پزیشکی زیندان وتویەتی، پێویست ناکات بگوێزرێتەوە بۆ نەخۆشخانە".

پارێزەران کاردانەوەیان لە بەرامبەر ئەوەدا هەبوو، کە بە پاساوی سزای دیسیپلین ڕێگا نادەن بنەماڵەکەى چاوپێکەوتن لەگەڵ بروکانلی ئەنجام بدەن.

ژ.ت