ئیهەدە: ئەو ڕووداوانەی لە ئیمراڵی ڕوودەدەن ئەشکەنجەیە، پێویستە دەستبەجێ گۆشەگیری هەڵبگیرێت

ئیهەدە دەربارەی ڕێپێوانی گەملیک ڕایگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو کارانەی لە ئیمراڵی ڕوودەدەن، ئەشکەنجەیە و پێویستە دەستبەجێ گۆشەگیری هەڵبگیرێت.

کۆمیسیۆنی ناوەندی زیندانەکانی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە)، پەیوەست بەو پێشێلکاریانەی لەکاتی ڕێپێوانی ئازادی گەملیک ڕوویاندا، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا گوتراوە:

"وەک چەندین جار ڕامان گەیاندووە؛ گۆشەگیری و دابڕین شێوازی جیاوازن بۆ ئەشکەنجەدان لە زیندانەکاندا. بە تایبەتی ڕێوشوێنی گۆشەگیری لە زیندانی ئیمراڵی کە پەیوەندییەکان بە تەواوی پچڕاوە، لە زۆرێک لە زیندانەکانی تورکیا کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە. پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە زیندانەکانی ئاسایشی باڵا و جۆری S کە لەم دواییانەدا دامەزراون، ڕوونترین نیشانەی بڵاوبوونەوەی شێوازەکانی گۆشەگیرییە.

گۆشەگیری لە ئیمراڵی دەبێتە هۆی پێشێلکردنی قەدەغەکردنی کردەوەی خراپ و ئەشکەنجەدان، هەروەها دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە ڕێگەی دیموکراتیک. بەرەنگاربوونەوەی پەرلەمانتاران و ئەو کەسانەی بەرامبەر گۆشەگیری دەوەستنەوە، دەریدەخات دەیانەوێت درێژە بە گۆشەگیری بدەن. بەڵام بەرەنگاربوونەوەی مرۆڤەکان، بە شێوەیەکی پراکتیکی، بەتاڵکردنەوەی مافی ڕێپێوان و خۆپیشاندان و کۆبوونەوەیە.

لەم کاتەدا کە بەکارهێنانی مافەکان بووەتە ڕەوشێکی ئاوارتە، وەک پارێزەرانی مافی مرۆڤ جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەینەوە کە پێویستە دەستبەجێ کردەوەکانی گۆشەگیری کۆتایی بێت، زیندانیان لەنێو زیندانی ئیمرالی بتوانن لەگەڵ پارێزەر و بنەماڵەکانیان کۆببنەوە. بانگەواز لە بەرپرسان دەکەین کە بەپێی یاسا نەتەوەیی و نێونەتەوەییەکان مامەڵە بکەن و بەرەنگاری ئەو کەسانە نەبنەوە کە دژی گۆشەگیری دەوەستنەوە، دەستگیرکراوەکان ئازاد بکەن و لێپرسینەوە لە بەرپرس و کارمەندی حکومی بکەن".