ڕۆژنامەنووس نازیلا مەعروفیان لە زیندان دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد
نازیلا مەعروفیان، ڕۆژنامەنووسی کورد کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بۆ چوارەم جار دەستگیر و ڕەوانەی زیندانی ئەوینی تاران کرا، لە ڕۆژی ١ی ئەیلولەوە دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە.
نازیلا مەعروفیان، ڕۆژنامەنووسی کورد کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بۆ چوارەم جار دەستگیر و ڕەوانەی زیندانی ئەوینی تاران کرا، لە ڕۆژی ١ی ئەیلولەوە دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، ڕۆژنامەنووس نازیلا مەعروفیان، لە رۆژی ١ی ئەیلولەوە لە بەشی ژنانی زیندانی ئەوینی شاری تاران دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە. ھاوکات لە نامەیەکەدا کە ئاراستەی بەرپرسانی زیندانەکەی کردووە، داوای دەستبەجێ ئازاد کردنی و سزادانی ئەو کەسانەی کردووە کە لەکاتی دەستبەسەرکردنی ئەشکەنجەیان داوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، رۆژی ٣٠ی ئابی ٢٠٢٣، ھێزەکانی سەر بە دەسەڵاتی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو ڕۆژنامەنووسە لە شاری تاران و دەرگای ماڵەکەیان شکاندووە و دوای ئەشکەنجەدان و ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەری، بۆ جاری چوارەم لە ماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا دەستگیریان کردووە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، دوای دەستگیرکردنی، نازیلا ڕەوانەی زیندانی ئەوین کراوە و ڕۆژی ٣١ی ئابی ٢٠٢٣ بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستی بۆ ماوەی چەند کاتژێرێک گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و دواتر گراندوویانەتەوە بۆ زیندان.
جێی باسە نازیلا مەعروفیان، خەڵکی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستانە و دانیشتووی شاری تارانە، ناوبراو دوای کوژرانی ژینا ئەمینی گفتوگۆی رۆژنامەوانی لەگەڵ ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا ئەنجامدابوو و رۆژی ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە سەر ماڵپەڕی موستەقێل بڵاویکردەوە. لەو کاتەوە تا ئێستا نازیلا چوار جار لەلایەن ھێزەکانی سەر بە دەوڵەتی ئێران بە پاساوی جیاجیا دەستگیر و ڕەوانەی زیندان کراوە.
ژ.ن