گەشاو ئیبراهیم: بەرخۆدانانی شەڕڤانانی ژن جێگەی شانازی کوردانە

گەشاو ئیبراهیم پشتگیری بۆ بەرخۆدانی شەڕڤانانی ژن لە ڕۆژئاوا دەربڕی و وتی: "لە رۆژئاوای کوردستان ژنان توانیویانە خۆیان یەکبخەن بە یەک دەست و یەک ووتار بەگژ تاوانکارییەکانی داگیرکەران و چەتەکانیان بوەستنەوە."

بە درێژایی مێژوو و تا ئەمڕۆش ژنانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان سەرکردایەتی شۆڕشەکانیان کردووە و ئازایانە خەباتیان کردووە, ژنانی کورد بە ڕۆحی شۆڕشگێڕانە و هێزی خۆیان ناسراون، بەداخەوە لە سەردەمی ئێستادا لە زۆر شوێن ژنان لە سنووری ماڵەوە زیندانی کراون، بەڵام بەشێکی زۆر لە ژنانی کورد لەژێر فکر و فەلسەفەی ڕێبەری ئاپۆ، لە خەبات و تێکۆشاندان لەدژی ستەم و کۆیلایەتی و نادادپەروەری تێدەکۆشن، لە سەردەمێکدا کە مۆدێرنیتی سەرمایەداری شەڕی تایبەتی فراوانتر کردووە، بەتایبەت ژنانی کردووەتە هەوێنی شەڕی خۆی و بەکاریان دەهێنێت، بەڵام ژنانی قارەمان و شۆرشگێری وەکو شەرڤانانی یەپەژە و گەریلاکانی یەژاستار بە فکر و فەلسەفەی سەرۆک ئاپۆ خەبات و تێکؤشان دەکەن و خۆیان بەڕێوەدەبەن.

پەیوەست بە بەرخۆدانی شەڕڤانانی ژن (یەپەژە)ەوە گەشاو ئیبراهیم، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای پێشمەرگە دێرینەکان، کە ناوبراو پێشمەرگەیەکی دیرین و دانەبڕاوە، سەبارەت بە تیکۆشان و بەرخۆدانی ژنانی شەرڤان دژ بە داگیرکەران و چەتەکانیان، هەروەها ئەو رۆڵەی ژنانی شەرڤان و گەریلا هەیانە لە ناساندنی قارەمانێتی ژنانی کورد بە جیهان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) دوا و پشتیوانی خۆی بۆ ژنانی شەرڤان دووپات کردەوە.

'بەرخۆدانی ژنانی شەرڤان جێگای شانازی بۆ ئێمەی ژنانی باشور'

گەشاو ئیبراهیم، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای پێشمەرگە دێرینەکان، کە ناوبراو پێشمەرگەیەکی دیرین و دانەبڕاوە، لە سەرەتای قسەکانیدا بەبۆنەی رۆژی جیهانی ژنان، پیرۆزبایی لە ژنانی شەرڤان کرد کە لەدژی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بەرخۆدان دەکەن، هەروەها بە ستایشەوە باسی لە رۆڵی ژنانی شەرڤان کرد و گووتی: "وەکو ژنە پێشمەرگەیەک، بەبۆنەی رۆژی ٨ی مارس کە دەکاتە رۆژی جیهانی ژنان، گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی لە ژنانی گەریلا و ژنانی شەرڤانی رۆژئاوای کوردستان دەکەم، هیوادارم سەرکەوتووبن بەسەر داگیرکەران و ئەو رژێمە یەک لەدوای یەکانەی کە هەوڵی لەناوبردنی کورد دەدەن، بەڕاستی جێگای دەستی تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنانی شەرڤان دیارە و جێگای شانازییە بۆ ئێمەی ژنانی باشور بە گشتی و ژنانی پێشمەرگە بەتایبەتی".

'ژنانی شەرڤان ماندوونەناسانە بەرگری لەگەل دەکەن'

هەروەها ئەو ژنە پێشمەرگەیە ووتیشی: "ئێمەش وەکو ژنانی پێشمەرگە پشتیوانی خۆمان بۆ هەموو ئەو ژنە شەڕڤانە تێکۆشەرانە دەردەبڕین، کە رۆژانە ماندوونەناسانە بەرگری لە گەل و میللەتەکەیان دەکەن، تێکۆشانی شەرڤانان جێگای دەستخۆشی و ستایشین، بێگومان هەمیشە ژنانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان رۆڵ و کاریگەری خۆیان هەبووە لە شۆرشە یەک لەدوای یەکەکانی گەلی کورد، بە تایبەتی لە شۆرشی ئیستای گەلەکەمان لە رۆژئاوای کوردستان، ژنان توانیویانە خۆیان یەکبخەن بە یەک دەست و یەک پەیام بە گژ ئەو تاوانکارییانە بڕۆنەوە کە رژێمەکانی تورکیا و سوریا و داگیرکەرانی کوردستان دژ بە گەلان ئەنجامیانداوە".

'پشتگیری خۆمان بۆ ژنانی شەرڤان دووپات دەکەینەوە'

لە کۆتایی قسەکانیدا، گەشاو ئیبراهیم، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای پێشمەرگە دێرینەکان، پشتیوانی خۆی وەکو ژنە پێشمەرگەیەک بۆ تیکۆشان و بەرخۆدانی ژنانی شەرڤان و دووپاتکردەوە، ڕایگەیاند: "ئومێدەوارم هەمیشە ئەو شۆڕش و تێکۆشانەی ژنان بەردەوام بێت چونکە شۆڕشی ژنان شۆڕشێکی بەردەوامە، هەمیشە ئێمە وەکو ژنە پێشمەرگەکان پشتگیری خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ گەلی ڕۆژئاوای کوردستان بە گشتی و ژنانی شەرڤان بە تایبەتی".