کۆنگرە ستار: شەهید مەنیجە حەیدەر لە دامەزراندنی بزووتنەوەکانی ژناندا ڕۆڵێکی کاریگەری هەبوو

کۆنگرە ستار هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی لەسەر هاوڵاتیانی مەدەنی شەرمەزار کرد و پەیوەست بە شەهادەتی ئەندامی ئەنجومەنی گشتی پەیەدە مەنیجە حەیدەر گوتی: "لە دامەزراندنی بزووتنەوەکانی ژناندا ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو."

کۆنگرە ستار دەربارەی هێرشەکانی دوێنێی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەسەر کەسانی مەدەنی لە بەنداوی تشرین، کە تێیدا ٤ کەس شەهید بوون و چەندانیش برینداربوون، ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی پەیەدە مەنیجە حەیدەر یەکێکە لە شەهیدەکان ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە.

کۆنگرە ستار لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بە هێرشە دڕندەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر بەنداوی تشرین کردووە و دەڵێت: "هەڤاڵ مەنیجە کە لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز بوو، هەر لە سەرەتایی شۆڕشەوە بە بڵاوکردنەوەی فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ لە تێکۆشاندابوو."

'لەسەر بنەمای ژن ژیان ئازادی بۆ ئازادی ژنان تێکۆشا'

لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەدا تیشك خراوەتەسەر تێکۆشانی شەهید مەنیجە و هاتووە: "هەر لەسەرەتایی شۆڕشی ڕۆژئاواوە بەشداری تێکۆشان بوو، لە دامەزراندنی بزووتنەوەکانی ژناندا ڕۆڵێکی کاریگەری هەبوو. لەسەر بنەمای فەلسەفەی 'ژن ژیان ئازادی' بە ئیرادەیەکی بەرزەوە لە پێناو ئازادی ژناندا تێکۆشا."

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا کۆنگرە ستار بانگەوازی لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەی و سەرجەم ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ کردووە لە دژی هێرشەکان بە ئەرکی خۆیان هەستن و لە بەرانبەر ئەم پێشێلکارییانەیی مافی مرۆڤدا بەرگری لە گیانی کەسانی مەدەنی بکەن.