کەژار سەبارەت بە هەڵمەتی ' گفتوگۆ بۆ ژیانێکی ئازاد' بانگەوازی بەشداربوونی کرد
کەژار سەبارەت بە هەڵمەتی ' گفتوگۆ بۆ ژیانێکی ئازاد' داوای لە هەموو ژنانی ئازادیخواز کرد کە لە ٣ی ئایار بەشداری چالاکییەکان بن.
کەژار سەبارەت بە هەڵمەتی ' گفتوگۆ بۆ ژیانێکی ئازاد' داوای لە هەموو ژنانی ئازادیخواز کرد کە لە ٣ی ئایار بەشداری چالاکییەکان بن.
کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) لە بەیاننامەیەکی نووسراودا سەرنجی بۆ هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' ڕاکێشا و ڕایگەیاند، بەرخۆدانی گەلی کورد و بەتایبەت ژنان لە دەوری پارادایمی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ، بنەمای ژیانێکی نوێ، یەکسان و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدی دەهێنێت. کەژار ڕایگەیاند، چالاکیی "گفتوگۆ بۆ ژیانێکی ئازاد" کە لە ٣ی ئایاردا بەڕێوەدەچێت، ڕاگەیاندنی ئاشکرای ئەم ئیرادەیە لە چارەسەری و بانگەوازی ئازادییە.
لە بەیاننامەکەی کەژاردا وەها هاتووە:
"لە کاتێکی وەهادا کە ئێمە بە ڕۆژە گەرمەکانی تێکۆشانی ئازادیدا تێدەپەڕین، هێرشەکانی سیستەمی پیاوسالاری لە هەموو بەشێکی ئەم جوگرافیایە زیاتر پەرەی سەندووە. هێرشەکان کە بە هەرجۆر و شێوازێک ناوی خۆیان بگۆڕن، هەست و ڕۆح، ناسنامە و بوونی کۆمەڵگا بەتایبەتی ژنان دەکەنە ئامانج. لە وڵاتێکی وەک کوردستان، کە بەساڵانە تێدا داگیرکاریی ئەنجام دەدرێت، ئەم هێرشانە بە چڕی ئەنجام دەدرێت. چونکە ئەم وڵاتە خاوەن مێژوو، کولتوور و کۆمەڵگایەکی وەهایە کە تا ئەمڕۆ زۆر بەها و دەستکەوتی بۆ مرۆڤایەتی بەرهەم هێناوە.
بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو هێرشە 'نەتەوەپەرستیانە'، 'ئاینی' و ڕەگەزپەرستیە، زۆر گرنگە کە دەبینین تێکۆشانی گەلی کورد بە پێشەنگایەتی ژنان ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبێت. بۆیە پێویسته به باشی لێ تێبگەن که ئەمە زەمینەی گەشەکردنی تێکۆشانی ژنانی له ئاستی نێونەتەوەییدا بە بیر و فەلسەفەی ڕێبەڕ ئاپۆ دروستکرد. لە ماوەی ٥٢ ساڵی تێکۆشانی بزووتنەوەی ئاپۆییدا، جارێکی دیکە سەلمێندرا کە سەرەڕای هەموو هێرشە قورسەکان، گەلی کورد نەک هەر لەناو نەچوو، بەڵکو بە بەرخۆدان و تێکۆشانی خۆی، ژیانێکی زۆر ماناداری بۆ خۆی و نەتەوەکانی دیکە بەرهەم هێناوە. ڕێبەر ئاپۆ بە درێژایی ٥٢ ساڵ بەردەوام بووە لە خەبات و تێکۆشان بۆ ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک. ئەمه تەنها بۆ کۆمەڵگای کورد و ژنان نەبوو، بەڵکو بۆ هەموو جیهان و مرۆڤایەتی بوووە و بووە به مایەی هیوا و مۆڕاڵ. لە ماوەی ئەم نیو سەدەیەدا، هەرچەندە دەوڵەت و سیستەمی سەرمایەداری زەمینەی شەڕ، ئاڵۆزییەکان و قووڵبوونەوەی کێشەکانیان دروستکردووە، بەڵام گەلی کورد و بەتایبەت ژنان، بە پێچەوانەوە هەوڵی پەرەپێدانی یەکگرتوویی، پێکەوەژیان، ژیانێکی ئازاد و دیموکراسییان داوە لەسەر بنەمای پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ. ئەم تێکۆشانە بۆ ئازادی لە نێو ژناندا زۆر پڕ ڕەنگتر و هەمەلایەنانەتر پەرەی پێدراوە، چونکە بە بیرۆکە و فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی'، ژنان دەتوانن خۆیان و کۆمەڵگاکەیان ئازاد بکەن. شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و ڕاپەڕینی 'ژن، ژیان، ئازادی' لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نموونەی ڕوون و ئاشکرای داواکاری ئازادی کۆمەڵایەتییە کە لەسەر بنەمای ئازادیی ژنان بنیات نراوە.
ئەگەر جارێکی دیکە مێژوو بە دروستی بخوێنرێتەوە و بارودۆخی هێرش و تێکۆشان چاو پێدا بخشێنینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە تاکە ڕێگا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کۆتایی هێنانە بە رەگەزپەرەستی، کۆنەپەرستی ئایینی و نەتەوە پەرەستیە. ئەمەش بە سۆسیالیزمەوە مسۆگەر دەبێت. هەروەها بنیاتنانی سیستەمی کۆنفیدرالیزم بە بنیاتنانی کەسایەتی سۆسیالیستەوە پێک دێت. ڕێبەر ئاپۆ لە ماوەی ٥٢ ساڵ تێکۆشانیدا ئەمەی بە هەموو کەسێک نیشان دا! بۆیە دەبینین لە هەموو شوێنێک پرسی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بووەتە ڕۆژەڤی ئازادیخوازان.
هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' یەکێک بوو لەو چالاکییانەی کە ڕۆژەڤی زۆر گرنگی بەدوای خۆیدا هێنا و تا ئێستاش بەهێزەوە بەردەوامە. پیرۆزبایی ٨ی ئادار، نەورۆز و پێشوازی لە پایامەکەی ڕێبەر ئاپۆ نیشانیدا کە ژنان لە هەموو کاتێک زیاتر بنیاتنانی ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک بە پێویستی دەبینن و ئەوەش بە هاودەنگی بەدی دێت. تێکۆشانی ژنان لە کوردستاندا نیشانی داوە کە بە خوێندنەوە، دەست نیشانکردن و تێگەیشتن لە ڕێبەر ئاپۆ تێکۆشان بۆ ئازادیی ڕێبەر سەردەکەوێت. بۆیە لەم کاتە هەستیارەدا، لە چوارچێوەی هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد'، کار و چالاکییەکان لە ٣ی ئایار بە ناونیشانی 'گفتوگۆ بۆ ژیانێکی ئازاد' بەڕێوە دەچن. ژنانی کورد، بە پێشەنگایەتی و ئەنجامدانی چالاکیی جۆراوجۆر، بیرۆکە و فەلسەفەی ژیانێکی ئازاد بە هەموو کەسێک دەناسێنن. بۆیە لەسەر ئەم بنەمایە، وەک کەژار، داوا لە هەموو ژنانی ئازادیخواز و هەر تێکۆشەرێک دەکەین کە لە چالاکییەکانی ئەم ڕۆژەدا بەشداری بکەن."