کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) لە ڕاگەیاندراوێکی نوسراودا هێرشی هێزەکانی دەوڵەتی ئێرانی بۆ سەر خەڵک و ژنانی بەلوچ و دەرکردنی کۆچبەرانی ئەفغانی شەرمەزارکردووە و وێڕای ڕاگەیاندنی ئەوەی کە بەرەنگاربوونەوە و پێشەنگایەتیی ژنان بەمەبەستی بەدیهێنانی ژیانی ئازاد و دیموکراتیک بە ئەرک و کاری لەپێشینە دەزانێت.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "لەو باوەڕەداین کە پرسی ئازادی ژنان، پرسێکی نێونەتەوەیییە و لە بارودۆخێکی لەو شێوەیەدا یەکدەنگیی ژنان لە بەرگرییکردن لە یەکتردا دەتوانێت ئاستی خەباتمان بەرز بکاتەوە. دوێنێ کە ژنانی گوندی گونیچ هێرشیان کرایە سەر، با بە یەکڕیزیی و یەکگرتووییمان، نەهێڵین کۆماری ئیسلامی سبەینێیەکی خوێناوی تر بێنێتە ئاراوە."
لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەی کژاردا هاتووە: "لە ڕۆژی ١ـی تەممووز هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەمیانەی هێرشێکی سەربازییدا بۆ سەر گوندی گونیچ لە ناوچەی بەلوچستان، هێرشیان کردە سەر ژنانی گوندەکە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا زیاتر لە دەیان کەس گیانی خۆیان لەدەستدا یاخود برینداربوون. زۆر بەسەر ئەمەدا نەڕۆی کە شاڵاوێکی گەورەی دەرکردنی پەنابەران، کۆچبەسران و هاووڵاتییانی ئەفغانی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەستیپێکرا."
لە درێژەدا باس لەوە کراوە، "بەگشتی دەشێت بوترێت، باجی شکستەکان کە لە ئەنجامی شەڕ و سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانەوە ڕوودەدەن، کۆمەڵگە دەیدات. بەجۆرێک کە لە درێژەی شەڕی ١٢ ڕۆژە و پاڵپشتینەکردنی کۆمەڵگە و خەڵک لە لایەنە شەڕکەر و پاوانخوازەکان، تووڕەیی کۆماری ئیسلامی لێکەوتەوە و ئەم ڕژێمە بە پشتبەستن بە سەرکوتکردن، لەسێدارەدان و دەستگیرکردنی بەرفراوان، هەوڵدەدات بەشێکی گەورە لە شکستەکانی پەردەپۆش بکات."
هێرشەکەی دەوڵەت بۆ درێژکردنەوەی تەمەنێتی
ئاماژە بەوەش کراوە، "نابێت ڕەهەندی مێژوویی ئەم هێرشانە لەبەرچاو نەگیرێت. هەرکات کۆماری ئیسلامی لە هەرکوێ دووچاری تەنگانە ببێت، ئامڕازی سەرکوتکردن دەخاتە گەڕ و توندوتیژی ئەنجامدەدات و ئەم ڕێکارەی هێشتا بەردەوامی هەیە. ئەوەی کە بۆچی ژنان بەر لە هەر توێژێکی تر هێرشیان دەکرێتە سەر لەلایەن ڕژێمەوە، لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەت لەپاش شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' ڕوونبوویەوە. پەیامی ڕوون و ئاشکرای ژنان و ئامادەیی دیاریان لەسەر شەقامەوە تا زیندان لە شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی'ـدا نیشانەی بۆشاییەکی قووڵ و دوورییەکی زۆری نێوان کۆماری ئیسلامی و کۆمەڵگە، بەتایبەت ژنان بوو."
لە درێژەدا ئاماژە بە هەڵوێستی دژەژنی دەوڵەتی ئێران لەسەر ژنانی هەرێمەکە کراوە و هاتووە: "هەروەک چۆن تێڕوانینی ئەمنییەتیی ڕژێم بۆ ژنان لە کەس شاراوە نییە، بەهەمان شێوە ترس و دڵەڕاوکێی ڕژێم لە هێز و ئیرادەی ژن بۆ هەمووان ئاشکرایە."
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا بانگەوازی بۆ یەکگرتووی ژنان لە دژی هێرشەکان کراوە و هاتووە: "وێڕای ئیدانەکردنی هێرشە سیستەماتیکییەکانی کۆماری ئیسلامی دژی ژنانی بەلوچ و دەرکردنی کۆچبەرانی ئەفغانی، وەک کژار ڕایگدەگەیەنین تێکۆشان و پێشەنگایەتیی ژنان بەمەبەستی بەدیهێنانی ژیانی ئازاد و دیموکراتیک بە ئەرک و کاری لەپێشینە دەزانین، لەو باوەڕەداین کە پرسی ئازادی ژنان، پرسێکی نێونەتەوەییە و لە بارودۆخێکی لەو شێوەیەدا یەکدەنگیی ژنان لە بەرگرییکردن لە یەکتریدا دەتوانێت ئاستی خەباتمان بەرز بکاتەوە. دوێنێ کە ژنانی گوندی گونیچ هێرشیان کرایە سەر، با بە یەکڕیزیی و یەکگرتووییمان، نەهێڵین کۆماری ئیسلامی ئایندەیەکی خوێناویتر بێنێتە ئاراوە."