لە قۆسەر تاوانەکانی دژی ژنان شەرمەزارکرا

هەریەک لە تەژەئا و دەبەپە و پارتی چەپی سەوز و هەدەپە، ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە بۆ شەرمەزارکردنی کوشتنی "هیندرین ئایدۆغان" لە قۆسەر.

تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) و پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) و پارتی چەپی سەوز و پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لە مێردین، ڕاگەیاندراوێکیان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە سەبارەت بە تاوانی "زەکی ئایدۆغان" بەرامبەر هاوژینەکەی "هیندرین ئایدۆغان" لە ١٠ ی ئەم مانگە. ڕاگەیاندراوەکە لەبەردەم ماڵی پرسەی "ه. فینجی ئالدەمیر" خوێنرایەوە. هەروەها پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز لە مێردین کاموران تانهان، سەرکردەی پارت و ئەندامی سەندیکا کرێکاریەکانی مێردین ئامادەبوون.

"ئێمە دژی زیهنیەتی بکوژ تێدەکۆشین"

بەناوی تەژەئا، عائیشە بۆزان گوتی: "ساڵانێکە ژنکوژی بەردەوامە. ساڵانێکە دەسەڵاتی نێرسالاری ستەمکار زیهنیەتی خۆی بەسەر ژنان دەسەپێنێت و بکوژی ژنان ئازاد دەکات. زیهنیەتێکی بکوژ دژی ژنان ڕێک دەخرێت. لە ئەنجامی ئەمە، ژنێک لە قۆسەر کوژرا. بەقسەی بنەماڵەکە، ژنەکە ئەشکەنجە دراوە. پیاوە بکوژەکە چەکەکەی لەدەستی ژنەکە جێهێشت و هەڵهات. ڕۆژانە باس لە کوشتنی ژنان دەکەین. لەکاتی وەستاندنی کارکردن بە پەیماننامەی ئیستەنبوڵەوە تا ئەمڕۆ، حکومەت هەوڵدەدات سیستەمێکی نوێ دابنێت بۆ بەئامانجگرتنی دەسکەوتەکانی ژنان. تا بمێنین دژی ئەم زیهنیەتە تێدەکۆشین. دەسکەوتەکانی ژنان لە جیهاندا دەپارێزین".

"داوای لێپرسینەوە دەکەین"

لای خۆیەوە ئەندامی پێشووی شارەوانی قۆسەر و خزمی ستەملێکراو "هیندرین ئایدۆغان"، جیهان سەنجار، گوتی: " تا ئەم زیهنیەتە قێزەونە بمێنێتەوە، ئازار دەچێژین. بۆ لەناوبردنی تێدەکۆشین. پێشتر لەدژی بەرخۆدانمان کردووە و بەردەوام دەبین لەم بەرخۆدانە. پارێزەرانی ئەم بکوژانە، هەر ناو و ئایینێکیان هەبێت، دەبێت بزانن ئێمە دژیان دەوەستین. لەپاڵ قوربانیان دەوەستین دژی بکوژان. بەڵێن بە گەلەکەمان دەدەین، لێپێچینەوە لە بکوژی ژنان دەکەین تا کۆتایی تەمەنمان. ژنە کوژراوەکان تەنها نین. سەرەخۆشی لە تەڤگەری ژنانی کورد دەکەین".