له‌ پێنج ساڵی رابردوودا ١٣١ هه‌زار كچی خوار ته‌مه‌نی ١٥ ساڵ له‌ ئێران هاوسه‌رگیرییان كردووه‌

دیارده‌ی هاوسه‌رگیری منداڵان له‌ ئێران كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ بره‌وی پێده‌درێت، به‌رده‌وامه‌ و به‌ پێی ئاماره‌ فه‌رمییه‌كان له‌ ماوه‌ی ٥ ساڵدا زیاتر له‌ ١٣١ هه‌زار كچی خوار ته‌مه‌نی ١٥ ساڵ هاوسه‌رگیرییان كردووه‌.

میدیاكانی ئێران به‌ پشتبه‌ستن به‌ داتاكانی ناوه‌ندی ئاماری ئێران بڵاویانكرده‌وه‌، له‌ پێنج ساڵی رابردوودا ١٣١ هه‌زار و ٣٦٥ كچی خوار ته‌مه‌نی ١٥ ساڵ هاوسه‌رگیرییان كردووه‌.

به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ له‌ ساڵی ٢٠١٧ به‌دواوه‌ مامناوه‌ندی هاوسه‌رگیری كچانی خوار ته‌مه‌نی ١٥ ساڵ نزیكه‌ی ٣٠ هه‌زار كه‌س بووه‌ و مامناوه‌ندی هاوسه‌رگیری كوڕانی خوار ١٥ ساڵ له‌ نێوان ٢٠ بۆ ٤٠ كه‌س بووه‌.

ناوه‌ندی ئاماری ئێران پێشتر رایگه‌یاندبوو، كه‌ زیاتر له‌ ٥%ی كۆی هاوسه‌رگیرییه‌ تۆمار كراوه‌كان له‌ ماوه‌ی ساڵی ٢٠٢٠ له‌و وڵاته‌ په‌یوه‌ست بووه‌ به‌ هاوسه‌رگیری منداڵانی خوار ١٥ ساڵ.

هه‌روه‌ها ساڵی رابردوو بڵاوكرایه‌وه‌، كه‌ له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌و ساڵه‌دا ٧٩١ منداڵ له‌و دایكانه‌ له‌دایكبوون كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ نێوان ١٠ بۆ ١٤ ساڵدایه‌.

به‌رپرسانی رژێمی ئێران نكۆڵی له‌ دیارده‌ی هاوسه‌رگیری منداڵان ده‌كه‌ن و ته‌مه‌نی ١٣ ساڵ به‌ ته‌مه‌نێكی گونجاو بۆ هاوسه‌رگیری ده‌زانن.

له‌وانه‌ وه‌زیری ناوخۆی رژێمی ئێران ئه‌حمه‌د وه‌حیدی ساڵی رابردوو رایگه‌یاندبوو، "راگه‌یاندنه‌ رۆژئاواییه‌كان ئاماژه‌ به‌ هاوسه‌رگیری منداڵان ده‌كه‌ن، نابێت بكه‌وینه‌ داوی میدیا رۆژئاواییه‌كان. رێنماییه‌ ئایینیه‌كانمان له‌و باره‌وه‌ روونن".

به‌پێی یاساكانی رژێمی ئێران، هاوسه‌رگیری كچان له‌ ته‌مه‌نی ١٣ ساڵیه‌وه‌ رێگه‌ پێدراوه‌  و به‌ پێی بڕگه‌یه‌كیش له‌ئه‌گه‌ری ره‌زامه‌ندی به‌خێوكه‌ر كچانی خوار ئه‌و ته‌مه‌نه‌ش ده‌توانن هاوسه‌رگیری بكه‌ن.

له‌ ساڵانی رابردوودا هه‌وڵه‌كان بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكانی په‌یوه‌ست به‌ دیارده‌ی هاوسه‌رگیری منداڵان له‌ ئێران به‌ هۆی دژایه‌تی له‌لایه‌ن مه‌رجعیه‌تی ئایینی ‌و و ده‌سه‌ڵاتدارانی رژێمه‌وه‌  بێ ئاكام بوون.

هـ . ب