نادا پشتیوانی خۆی بۆ کەمپینەکەی کەژەکە ڕاگەیاند
هاوپەیمانی دیموکراتیکی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا (نادا) ڕایگەیاند، کە پشتیوانی لە کەمپینەکەی کەژەکە دەکەن، کە لەپێناو پاڵپشتی لە ژنانی ئێزدی و ئەفغانستانی دەستیپێکردووە.
هاوپەیمانی دیموکراتیکی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا (نادا) ڕایگەیاند، کە پشتیوانی لە کەمپینەکەی کەژەکە دەکەن، کە لەپێناو پاڵپشتی لە ژنانی ئێزدی و ئەفغانستانی دەستیپێکردووە.
هاوپەیمانی دیموکراتیکی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا (نادا) ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا پشتیوانی خۆی بۆ هەڵمەتەکەی کەژەکە دەربڕی.
هەڵمەتەکەی کەژەکە، لە نێوان ٣ بۆ ١٥ی ئاب بە دروشمی "لەدژی هێرشەکانی پیاوانی هەژموونخواز، ئێمە لەگەڵ ژنانی ئەفغانستان و ئێزدیداین" بەڕێوەدەچێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەی نادا دا هاتووە:
"ئێمە، هاوپەیمانی نادا، بەهۆی ئەوەی باوەڕمان بەم هەڵمەتە هەیە، بە ڕایگشتی ڕادەگەیەنین، کە پشتیوانی خۆمان بۆ ئەو هەڵمەتە نیشان دەدەین و سوپاسی کەژەکە دەکەین بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتەکە. بەم بۆنەوە یادی هەموو ئەو کەسانە دەکەینەوە، کە لە شەنگال و ئەفغانستان ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی و جینۆساید بوونەوە. ئێمە ئەو هێرشە دڕندانەیە دژی ژنان، منداڵان و گەلان و هێرشەکانی بۆ سەر کۆمەڵگەی ئێزدی لە شەنگال، کە لەلایەن چەتەکانی تیرۆریستی داعش ئەنجامدران، شەرمەزار دەکەین. ئێمە ئەو هێرشە دڕندانانەی لە دژی ژنانی ئەفغانستان و گەلی ئەفغانستان، کە لە ئەنجامی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن بزووتنەوەی تاڵیبانەوە ئەنجامدران، شەرمەزار دەکەین. بەو بۆنەیەوە ڕایدەگەیەنین پاڵپشتی گەلانی بن دەست و ژنان دەکەین و شانازیش دەکەین بەو بەرخۆدانەی ژنانی شەنگال و ئەفغانستان، کە لە پێناو پاراستنی هەبوون، ئازادی، ژیان و گەلەکەیان ئەنجامی دەدەن.
کوشتنی ژنان تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە، بەڵام تا ئێستا بەفەرمی نەناسراوە. ئەوەش وادەکات تاوانباران لە سزا قوتاریان بێت و تا ئێستاش لە زۆرێک لە دەوڵەتان لەسەر ئەو هێرشانەی بەرامبەر ژنان ئەنجامی دەدەن، خەڵات دەکرێن. بۆیە پێویستە تێکۆشانێکی هاوبەش و چالاکانەی ژنان لە دژی ئەم سیاسەتانەی جینۆساید و لەناوبردنی ژنان هەبێت.
بە گوێرەی ئەوە و پاڵپشتی هەڵمەتەکە، داوا لە لایەنە نێونەتەوەییە پەیوەندیدارەکان دەکەین، داعش و تاڵیبان لەسەر تاوانەکانی شەڕ و دژ بە مرۆڤایەتی دادگایی بکەن. داوا دەکەین، ئەو دەوڵەت و لایەنانەی ڕۆڵی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان هەیە لەو جینۆساید و کۆمەڵکوژییانەی لە شەنگال ئەنجامدران، سزا بدەن. لەلایەکی دیکەوە داوا دەکەین جینۆسایدی ژنان بەفەرمی بناسرێت و داوای هەوڵدان بۆ ڕزگارکردنی هەزاران ژن و منداڵی ئێزدی کە لە دەستی داعشدان دەکەین. هەڕوەها بانگەواز ئاراستەی هەموو هێزه نێونەتەوەییەکان دەکەین، قەرەبووی ئەو کەسانە بکەنەوە کە لەشەڕدا زیانیان پێگەیشتووە و ئەو ناوچانەشی لەلایەن چەتەکانەوە مینڕێژ کراون، پاکبکرێنەوە.
ژ.ن