'پاراستنی شۆڕشی ژنانی رۆژئاوا پاراستنی ئازادییە'

وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی دەم پارتی خالیدە تورکئۆغڵو وتی، "پاراستنی شۆڕشی ژنانی رۆژئاوا، پاراستنی ئاشتییە. پاراستنی ئازادی و یەکسانییە. پاراستنی ژیان و ژینگەیە".

ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە ناوەندی گشتیی پارتەکە کۆبوونەوە. وتەبێژی ئەنجومەنی ژنان خالیدە تورکئۆغڵو بەر لە کۆبوونەوەکە لێدوانێکی راگەیاند.

لەسەرەتای قسەکانیدا خالیدە تورکئۆغڵو یادی رۆژنامەوانان نازم داشتان و جیهان بیلگینی بەرزڕاگرت کە لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر شەهیدبوون و وتی، "جیهان و نازم لەبەر ئەوەی راستیان بە ئێمە دەگەیاند، لەبەر ئەوەی سیاسەتی شەڕی تایبەتی دەسەڵاتدارییان لە رۆژئاوا رسوا دەکرد، تیرۆرکران. پێنوس و کامێراکەیان کە شایەتی بەرخودانی ژنان و گەلان بوون لە رۆژئاوا و بەرخودانیان بۆ تەواوی جیهان دەگواستەوە لە سەر زەوی ناکەوێت".

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا خالیدە تورکئۆغڵو باسی لە گۆشەگیری کرد و وتی، رێگەی ئافراندنی ئاشتییەکی شکۆمەندان، هەڵگرتنی گۆشەگیری رەهایە لەسەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان. هەروەها ئاشتی لە رێگەی بە بنەماگرتنی چارەسەری پرسی کورد و کردنەوەی دەرگای پێکەوەژیان دەستەبەر دەبێت. سیاسەتی دەسەڵات کە ماوەی ٢٢ ساڵە گۆشەگیری کردووەتە رژێمێک مایەپووچ بووە.

وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی دەم پارتی لە کۆتایی قسەکانیدا سەرنجی بۆ سەر هێرشە داگیرکەرییەکان لە دژی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا راکێشا و داوای خاوەنداری لە دەستکەوتەکانی رۆژئاوای کرد و وتی، "رۆژ رۆژی فراوانکردنی پشتییوانییە لە ژنانی رۆژئاوا. رۆژ رۆژی فراوانکردنی تێکۆشانە لە دژی هێرشەکانی سەر باکور و رۆژئاوای سوریا. پاراستنی شۆڕشی ژنانی رۆژئاوا پاراستنی ئاشتییە، پارێزگارییە لە ئازادی و یەکسانی. پاراستن و بەرگرییە لە ژیان و ژینگە. داکۆکییە لە پێکەوە ژیان. بانگەوازمان بۆ هەموو رێکخراوەکانی ژنان ئەمەیە؛ وەرن ئێمە پێکەوە لە دژی سیاسەتی شەڕ بوەستینەوە، بۆ بونیادنانی ئاشتی بە پێشەنگایەتی ژنان پەرە بە تێکۆشان بدەین. لە دژی هێرشەکانی سەر ژیانی نوێ کە بە پێشەنگایەتی ژنان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە سوریا ئافرێندراوە، ئێمە لە دەوری فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' یەکدەگرین و پشتیوانی لە ژنانی رۆژئاوا فراوانتر دەکەین. گومانی تێدا نییە کە بەو بڕوا و پێداگرییەوە ساڵی ٢٠٢٥ دەبێتە ساڵی چەسپاندنی ئاشتییەکی شکۆمەندانە".