پارتی چەپی سەوز: فاشیزم بەدەستی ژنان دەبەزێنین

لە کۆبوونەوەیەکدا، پارتی چەپی سەوز کاندیدە ژنەکانی ناساند، لە کۆبوونەوەکدا دووپاتکرایەوە، فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە بەدەستی ژنان دەبەزێنرێت.

پارتی چەپی سەوز کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا بۆ ناساندنی کاندیدە ژنەکانی لە ژووری ئەندازیارانی بیناسازی لە ئەنقەرە، هەریەک لە هاوسەرۆکی پارتی چەپی سەوز چیدەم کلچگون ئۆچار، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان پەروین بوڵدان، هاووتەبێژی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان ئەسەنگول دەمیر، هاوسەرۆکی پارتی پێکهاتەکان، وتەبێژی بەشداربووی پارتەکان، پەرلەمانتار و بەشێک لە ژنان بەشداری کۆبوونەوەکە بوون.  

لە کۆبوونەوەکەدا، درووشمی «دیسان ژن، دیسان ژیان» هەڵواسرا بوو، کۆبوونەوەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی ژینا ئەمینی و ژنانی شەهیدی ڕێگەی ئازادی و قوربانیانی توندوتیژیی نێرسالاری دەستیپێکرد، پاشان کورتەفیلمێک دەربارەی تێکۆشانی سیاسیی ژنان نمایشکرا.

ئۆچار: پێکەوە سیستەم دەگۆڕین

پاش کورتە فیلمەکە، چیدەم کلچگون ئۆچار گوتی: «قۆناغێکی گرنگمان لەپێشە، بەناوی ژنانی پارتی چەپی سەوزەوە خەبات فراوانتر دەکەین».

ئۆچار دووپاتی کردەوە، ژنان بە هەموو ڕەنگەکانیانەوە پێکەوە بەهێزن، هەروەها گوتی: «ئێمە کورد و تورک و عەلەوی و جەرکەس و عەرەب و پەنابەر و کرێکارین، ئێمە ئەو ژنانەیەن هەوڵ و شوناس و جەستەمان ستەمی لێ دەکرێت، ئێمە پێکەوەین».

هەروەک ئۆچار ئاماژەی بەوە کرد، پێکەوە ڕژێمی تاکەکەسی دەگۆڕین و گوتی: «ئێمە پێکەوەین، پێکەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکەین».

ئۆچار جەختی کردەوە، پارتەکەیان تاکە پارتی تورکیایە لەڕووی نوێنەرایەتی یەکسان و سیستەمی هاوسەرۆکایەتییەوە، گوتی: «بەڵێن دەدەین دووبارە درووشمە ڕوونەکەمان بەرزبکەینەوە؛ دیسان ژن، دیسان ژیان».

بوڵدان: ئەمە خەباتی ژنانی قوربانییە

پەروین بوڵدان ئاماژەی بە ژنە سیاسییە زیندانییەکان کرد و گوتی: «ئەم خەباتە، خەباتی ژنە قوربانییەکانە، دووبارە سەرەخۆشی لە خێزانی قوربانیانی بومەلەرزەکە دەکەم. تێکۆشانی قوربانییە ژنەکانی بومەلەرزەکە بەتەنیا جێهێڵراوە، دووپاتی دەکەینەوە، ئەمە خەباتی ئێمەیە و ئەم خەباتە سەردەکەوێت».

«ئێمە گەورەترین پارتی ژنانین بۆ بەزاندنی دەسەڵات»

پەروین بوڵدان گوتی: «ئێمە گەورەترین پارتی ژنانین، خەباتێکی مەزن دەکەین بۆ بەڕێوەبردنی وڵات لە ١٤ـی ئایار و ئامادەین. ڕۆژ و شەو کاردەکەین بۆ نوێنەرایەتی بەهێزی پارتی چەپی سەوز، هەمووان دەبینن پارتی چەپی سەوز بە نوێنەرایەتی ژنان جێگەی خۆی لە پەرلەمان دەکاتەوە. ئامادەسازی دەکەین بۆ بەشداری ٤٥٪  لە پەرلەمان، تا پارتی چەپی سەوز ببێتە خاوەنی زۆرترین پەرلەمانتاری ژن، پێشتر ئەم پارتی دیموکراتیکی گەلان ئەم دەسکەوتەی هەبوو، ئیتر دەبێتە موڵکی پارتی چەپی سەوز».

پاش قسەکان، داوا لە پەرلەمانتارانی سەردەمی ٢٧ کرا بۆ سەر سەکۆی هۆڵەکە، پەرلەمانتارەکان لەلایەن چیدەم کلچگون ئۆچار و پەروین بوڵدانەوە پێشوازییان لێ کرا. پاشان کاندیدە ژنەکانی هەموو شارەکان ناسێنران.