'پێویستە ژنان پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن و کار بکەن'

سەیران تۆفیق دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجەیە ماوەی ٢٠ ساڵە سەرقاڵی کاری ڕستن و چنینە و دەڵێت: "گرنگە ژنان پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن و چاوەڕێی هاوکاری کەس نەبن.هەربۆیە پێویستە ژنان کارەکانیان لە ماڵەوە بهێننە دەرەوە بۆ ئەوەی نمایشی بکەن."

فێستیڤاڵی بازاڕی کەلار سێ ڕۆژە بەردەوامی هەیە و هاوڵاتیان بە گڕوتینەوە بەشداری دەکەن لە فێستیڤاڵەکەدا. بەشێکی زۆری بەشدارانی فێستیڤاڵەکە ژنان دەست ڕەنگینن و کاری سەربەخۆ ئەنجام دەدەن. سەیران تۆفیق بەشداربوویەکی فێستیڤاڵەکەیە و دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجەیە، کە ماوەی ٢٠ ساڵە کاری ڕستن و چنین دەکات. سەبارەت بە کارەکانی سەیران تۆفیق بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

لە سەرەتای قسەکانییدا سەیران تۆفیق باسی لەوەکرد بەمەبەستی بەشداری لە پێنجەمین فیستیڤاڵی بازاڕ لە کەلار لە هەڵەبجەوە هاتووم بۆ ئەوەی کارەکانم نمایش بکەم و بەم شێوەیە بەردەوامبوو: "ماوەی ٢٠ ساڵە کاری ڕستن و چنینی جل و بەرگی کوردی دەکەم. کارێکی کولتوورییە و بۆ بژێوی ژیانی خۆم و ئاسودەیی خۆم ئەم کارە دەکەم. هەربەهۆی ئەم کارەوە یارمەتی چەندین ژن دەدەم و خولیان بۆ دەکەمەوە بۆ ئەوەی فێری کاری دەستی ببن.

ئەو شتانەی دروستی دەکەم زۆرینەی کوردییە و هەندێکی مۆدێرنە بە پێی خواستی کەسەکان شت دروست دەکەم. لە ئیستاشدا کڵاشی ژنانم دروست کردووە بە شێوازێکی نوێ و ژنان خواستیان لێیەتی."

'پێویستە ژنان پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن و کار بکەن'

وتیشی: "زۆر گرنگە ژنان کار بکەن کاری دەستی یاخود هەر پیشەیەکیتر بێت بۆ ئەوەی خۆیان بدۆزنەوە لە بوارێکدا سەرقاڵی کارکردن بن. بۆ ئەوەی بتوانن ئابووری سەربەخۆی تایبەت بە خۆیان هەبێت چاوەڕوانییان لە کەسی تر نەبێت و تەنها پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن.

ئێستا بۆ ئەم فێستیڤاڵە هێلەک و کۆڵوانە، لەچک، دەسماڵ، ملوانەک و مێخەک و کڵاشی ژنان و چەند شتێکی ترم هێناوە بۆ ئەوەی لەم فێستیڤاڵەدا کە کڕیار هاتنە لام هەموو شتێکم هەبێت بۆ ئەوەی پێیان بفرۆشم."

'پێویستە ژنان کارەکانیان بهێننە دەرەوە نمایشی بکەن'

لە کۆتایی قسەکانییدا سەیران تۆفیق ئاماژەی بەوەکرد زۆر پێویستە ژنان گرنگی بە جل و بەرگی کوردی بدەن، چونکە جلی کوردی ناسنامەی گەلەکەمانە و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "ناسنامەی ئیمە جلی کوردی و کلتووری کوردییە کاتێک کەسێک دەبینی جلی کوردی لە بەرە پێویست بەوە ناکات لێی بپرسی کە کێیە و چیە چونکە جلەکانی کوردییە دەیناسیتەوە. ئەمە ئەوەمان پیشاندەدات کە جلی کوردی شوناسێکی نەتەوەییە.

دواکارم لە ژنان کە لە ماڵەوە چاوەڕێی دامەزراندن و دەستی هاوکاری کەسی ترنەبن خۆیان دەست بە کارکردن بکەن بژێوی ژیانی خۆیان دابین بکەن. دەتوانن هەرکارێک بیانەوێت ئەنجامی بدەن لە تواناکانی ژنان دڵنیام و هیوادارم کارەکانیان بهێنە دەرەوە نمایشی بکەن."