تاژێ کارنامەی چالاکییەکانی بۆ ساڵیادی کۆمەڵکوژی شەنگال ڕاگەیاند

تاژێ بەبۆنەی ١١ـیەمین ساڵیادی ٧٤ـەمین کۆمەڵکوژی دژی شەنگال کارنامەی چالاکییەکانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند بە 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ەوە تۆڵەی قڕکردنی کۆمەڵگەی ئێزدی دەکەینەوە.

کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان

تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی (تاژێ) بە بۆنەی ١١ـیەمین ساڵیادی ٧٤ـەمین کۆمەڵکوژی بە درووشمی "بە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک تۆڵەی قڕکردنی ژنان ئێزدی دەکەینەوە" لە بازاڕی کۆنی شەنگال بەیاننامەکەی بڵاوکردەوە و تێیدا بەرنامەی کار و چالاکییەکانی ئاشکرا کرد.

بەیاننامەکە لەلایەن سوهام شەنگالی، وتەبێژی کۆمیتەی دیپلۆماسی تاژێ خوێندرایەوە و تێێدا هاتبوو: "لە سەروەختێکی مێژووییدا دەژین، لەم سەروبەندەدا دەکەوینە ١١ـیەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژییەوە، لە ماوەی ئەو ١١ ساڵەدا وەک ژنان و کۆمەڵگەی ئێزدی تێکۆشانێکی مەزنمان ئەنجامدا، بەرخۆدانمان لە بەرامبەر هەموو هێرشە قوڕکەرییە جەستەیی، کولتووری و کۆمەڵکوژی سپی ئەنجامدا، ئەم بەرخۆدانە لە سایەی ئەو شەهیدانەوە دروستبووە، کە باوەڕیان بە ئێزدایەتی هەبوو، لەسەر ئەم بنەمایە شەهیدانی ٧٤ـەمین کۆمەڵکوژی بە ڕێز و پێزانینەوە بەبیر دەهێنینەوە، هەموو ئەو شەڕڤان و گەریلاکانی ئازادیی کە بوونە پارێزەری کۆمەڵگەکەمان و بە ڕۆحی فیداییەوە شەڕیان کرد و شەهیدبوون بە منەتدارییەوە بەبیر دەهێنینەوە."

بەرپرسیار عێراق-پەدەکە و دەوڵەتی تورکن

سوهام شەنگالی ئاماژەی بەوەشدا، لە ١١ ساڵەی ٧٤ـەمین کۆمەڵکوژی بە درووشمی 'بە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک تۆڵەی قڕکرندی ژنانی ئێزدی دەکەینەوە'  و گوتی: "دەچینە قۆناغێکی نوێی خەبات و تێکۆشان، ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت 'ئەم جۆرە کۆمەڵکوژییانە هەرگیز لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لەبیر ناکرێن. ئەگەر لەبیربچنەوە ئەوا مانای ئەوەیە کە ویژدانیش نەماوە’ ئێمەش وەک ژنانی ئێزدی هیچ کاتێک ئەم کۆمەڵکوژییە لەبیر ناکەین، نە لە لێپرسینەوە و نە لە پێداگریی لە بەرخۆدانمان ئەو کۆمەڵكوژییە لەبیر ناکەین، ١٠ ساڵە وەک ژنانی ئێزدی داوای لێپرسینەوە لەو هێزانە دەکەین کە کۆمەڵكوژییەکەدا لەگەڵ داعشدا بوون، تا تاوانباران بەسزا نەگەیندرێن دەست لە تێکۆشان هەڵناگرین."

لە بەردەمییدا ئەمە گوترا: "هەرچەندە ١١ ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستا چارەنووسی هەزاران ژن و منداڵ و گەلەکەمان نادیارە، ئەمە بەردەوامی جینۆسایدی سپییە، ئەو حکومەتەی کە تا ئەمڕۆش درێژە بەو جینۆسایدە دەدات حکومەتی ناوەندی عێراق و پەدەکە و دەوڵەتی تورکن، وەک ژنانی ئێزدی هەرگیز ئەو خیانەتە لەبیر ناکەین کە پەدەکە لە ڕۆژی کۆمەڵكوژییەکەدا بەرامبەر بە کۆمەڵگاکەمانی کرد، پەدەکە بۆ ئەوەی ژنانی ڕزگارکراوی ئێزدی ببات بۆ وڵاتانی ئەورووپا پەنا بۆ هەموو ڕێبازێکی پیس دەبات، هەروەها پەدەکە بەرپرسیارە لە سیاسەتی ئاوارەکردن و چۆڵکردنی ئێزدییەکان لە شەنگال، هێشتا ڕێگە نادات کۆمەڵگاکەمان بگەڕێتەوە بۆ شوێن و خاکی خۆی، لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵگاکەمان لە کامپەکاندا بە دیل گیراوە و وەک ئامرازێک بۆ خیانەت و سیاسەتە پیسەکەی بەکاریان دەهێنێت."

جینۆسایدی جەستەیی و کولتووری

لە بەیاننامەکەدا سەرنج خرایە سەر کۆمەڵکوژییەکانی سەر ژنان و کۆمەڵگەی ئێزدی و دەڵێت: "لە جەنگی جیهانی سێیەمدا جینۆسایدی چەستەیی و کولتووری دژ بە ژنان بە ئایدۆلۆژیای پیاوانە و عەقڵییەتی دەوڵەت-نەتەوە بەردەوامە، دروستکردنی هێزێکی وەک چەتەکانی داعش درێژەپێدەری ئەم عەقڵییەتە و توندڕەوترین و دڕندەترین ڕووخساری ئەم سیستەمەیە، بەو پێیەی سیستەمی سەرمایەداری گۆڕاوە بۆ سیستەمی چەتەیی، چەتەکان بەردەوامن لە شەڕ و جینۆساید دژی ژنان، چەتەکانی داعش نموونەی سیستەمی پیاو-دەوڵەت بوون، ئەمڕۆ لەبری لەناوبردنی دەوڵەت-نەتەوە، ڕژێمی چەتەکان دامەزرێندراون، لە تاڵیبانەوە بگرە تا جۆلانی بە شیوەیەکی ئاشكرا و فەرمی چەتەکان کە سوێندیان لەسەر دژایەتیکردنی ژنان خواردووە، دەهێندرێنە سەر دەسەڵات."

بەرەی تێکۆشان

سوهام شەنگالی لە درێژەدا گوتی: "ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر ژنان پێویستییان بەوەیە کە بەرەی تێکۆشانیان فراوانتر بکەن، پێویستە بە فراوانکردنی بەرەی ژنان دژی سیستەمی پیاوانە و ئایدۆلۆژیاکەی شەڕێکی بەهێزتر لە پێناو بوون و ئاسایش و ژیانێکی ئازاددا ئەنجام بدەین، زیاتر لە جاران دیدگای ڕێبەر ئاپۆ، کە بەم دواییە بۆ ئێمەی ناردووە و دەڵێت ‘بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک وەڵامی ٧٤ کۆمەڵکوژییە’، بکەینە سەرچاوەی تێکۆشان و ئازادی خۆمان و کۆمەڵگەکەمان، با بەم بیر و باوەڕەوە، لە ١١ـیەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی شەنگالدا بە بەرزکردنەوەی بەرخۆدانێكی بەکۆمەڵی کۆمەڵایەتی لە هەموو شوێنێک دەنگی خۆمان بەرزبکەینەوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بە کار و چالاکییەکان بۆ ١١ـیەمین ساڵیادی ٧٤ـەمین کۆمەڵکوژی دراوە و بەمشێوەیەیە:

- لە ٨ـی تەمووز تاژێ ڕاگەیاندراوێک لەسە بنەمای “دەمەوێت ڕێبەر ئاپۆ ببینم” بڵاودەکاتەوە.

- لە ١٤ـی تەمووز، بە بەشداری هەموو ئەنجوومەن و ناوەندەکانی ژنان لە ناوچەی سەردەشت، نامەی ڕێبەر ئاپۆ کە بۆ ژنۆلۆژی ناردووە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، گفتوگۆکە لە چوارچێوەی هەڵمەتی “ڕێبەر ئاپۆ بخەوێنەوە و پێشنیاری خوێندنەوەی بکە” بەڕێوەدەچێت.

- لە ٢٠-٢١ـی تەمووز، سەبارەت بە کۆمەڵکوژیی سیمیناری بەڕێوەدەچێت.

- لە ٢٤ـی تەمووز مەراسیمی بەبیرهێنانەوەی شەهیدانی کۆمەڵكوژی بەڕێوەدەچێت.

- لە ٣ـی ئابدا بە پێشەنگایەتی تاژێ و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال ڕێپێوانێکی جەماوەری بەڕێوەدەچێت.