ئەنجامنامەی کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و باکوری ئەفریقا بڵاوکرایەوە
لە ئەنجامنامەی کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و باکوری ئەفریقا لە بەیروت، جەختکرایەوە لەسەر تێکۆشان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.
لە ئەنجامنامەی کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و باکوری ئەفریقا لە بەیروت، جەختکرایەوە لەسەر تێکۆشان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.
کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و باکوری ئەفریقا بە درووشمی "لەسەر ڕێچکەی: ژن، ژیان، ئازادی" لەژێر ناوی "ئەزموونی ژنی کورد بۆ ڕزگاربوونی لە قەیرانە هەرێمییەکان"، لە ماوەی دوو ڕۆژدا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان بەڕێوەچوو.
کۆنفرانسەکە لەلایەن کۆمەڵەی ژینی ژنان، کۆمەڵەی نەورۆزی جڤاکی، دەسپێشخەریی نون بۆ ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێکخرا. لە تونس، ئوردن، عێراق، لوبنان، سودان، تورکیا، فەڵەستین، میسڕ، سوریا و ئێرا، هەروەها لە شەنگال و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ٨٠ نوێنەری دامەزراوەکانی ژنان بەشداری کۆنفرانسەکە بوون.
پاش ئەو گفتوگۆیانەی لە پانێڵەکانی دوو ڕۆژی ڕابردوو بەڕێوەچوون، لەگەڵ سەرنج و پێشنیاری ئامادەبووان، ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکە بەم شێوەیە داڕێژرا:
١- پاڵپشتیکردنی بەرخۆدانی ژنانی ئێزیدی و ئەفغانی و ئێرانی و کورد و فەڵەستینی بەتایبەتی و سەرجەم ژنە چالاکوان و بەرخۆدەرەکانی ناوچەکە بەگشتی لەدژی ئەو هێزە تاریکانەی، کە لە بیری تاریکییدا هاوشێوەن و گەلان و کۆمەڵگاکان بەگشتیی و ژنان بەتایبەتیی دەکەنە ئامانج.
٢- سود وەرگرتن لە ئەزمونە جیاوازەکانی ژنانی کورد بەمەبەستی ئەوەی ببنە نمونەیەک بۆ ژنان و گەلانی ناوچەکە، هەروەها کارکردن لەسەر پەرەپێدانی سیستمی هاوسەرۆکایەتیی.
٣- ڕێکخستنی کۆنفرانسێکی ناوچەیی ژنان بە ئامانجی هەماهەنگیی و پەرەپێدانی خەباتی هاوبەشی ژنان و یەکخستنی ئەزموونی ئێستای ژنان، وەک ئامرازێک بۆ خۆپاراستنی ژنان بەرامبەر زیهنیەتی پیاوسالاری بە هەموو دامودەزگا و ئامرازەکانییەوە، هەروەها سیاسەت و پراکتیکەکانی لە ڕێگەی پێکهێنانی ناوەندە تایبەتمەندەکانەوە رێکبخات بەئامانجی هێنانەکایەی بەرەیەکی هاوبەشی ناوچەیی ژنان.
٤- دامەزراندنی پەیماننامەیەکی هاوبەشی هەرێمیی ژنان بۆ کۆکردنەوەی دیدگا جیاوازەکان، سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە زاراوە سەرەکییەکان بکرێت بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەیان لەگەڵ دیدگایەکی هاوبەشی ژنان، لەم چوارچێوەیەشدا سوود لە زانستی ژنۆلۆژیی وەربگیرێت و کارکردن بۆ بڵاوکردنەوەی بکرێت.
٥- پێکهێنانی لیژنەی مافی مرۆڤ و دەستپێکردنی هەڵمەتە ستراتیژییە ناوچەییەکان بۆ داوای ئازادکردنی بیرمەندی ئەنتەرناسیۆنالیستی کورد و دیلی بیری ئازاد و دۆستی ئازادیی ژن، بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، که هەمیشه پێی وابووه خەباتی ژنان زامنی ئاشتی بەردەوام و دیموکراسی ڕاستەقینەیە.
٦- پێکهێنانی تۆڕێکی ناوچەیی بۆ بەرگریکردن لە سەرجەم دەستگیرکراوانی سیاسی بەگشتیی و بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بەتایبەتی، چونکە ئەوان نوێنەرایەتیی دەنگ و ئیرادە و ناسنامەی گەلەکەیان دەکەن.
٧- بەرەنگاربوونەوەی تووندڕەویی ئایینی بە هەموو فۆرم و ڕەوتەکانییەوە و دژایەتیکردنی سیاسەتی پاکتاوکردنی ژنان و هەموو سیاسەت و پراکتیزە ستەمکار و پاوانخوازەکان، کە دوژمنایەتی ژنان دەکەن بژی خەباتی هاوبەشی ژنان.