یەژەشە: خۆپاراستن بۆ هەموو ژنان پێویستە
یەکینەکانی پاراستنی ژنانی شەنگال وەک بەدەمەوەچوونی کەمپینەکەی کەژەکە، پشتیوانی بۆ ژنانی ئەفغانستان دەربڕی و دووپاتی دەکاتەوە: "بەهێزکردنی خۆپاراستن بۆ هەموو ژنان پێویستە".
یەکینەکانی پاراستنی ژنانی شەنگال وەک بەدەمەوەچوونی کەمپینەکەی کەژەکە، پشتیوانی بۆ ژنانی ئەفغانستان دەربڕی و دووپاتی دەکاتەوە: "بەهێزکردنی خۆپاراستن بۆ هەموو ژنان پێویستە".
کەژەکە بەبۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژی شەنگال لە ٣ ی ئاب، و هاتنەسەر دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان لە ١٥ ی ئاب، کەمپینێکی ڕاگەیاند بە درووشمی "دژی هێرشەکانی پیاوسالاری، لەگەڵ ژنانی ئەفغان و شەنگال دەبین"، ڕۆژ دوای ڕۆژ پشتیوانییەکان بۆ کەمپینەکە زیاتر دەبن.
یەژەشە وەک پشتیوانییەک بۆ کەمپینەکە ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە:
"ئێمە وەک ژنانی شەنگال، بە تایبەت ئەو ژنانەی پاراستنی ئەم خاکەیان گرتۆتە ئەستۆ، بەناوی یەژەشەوە، پشتیوانی خۆمان دەردەبڕین بۆ کەمپینەکەی کەژەکە بە درووشمی "دژی هێرشەکانی پیاوسالاری، لەگەڵ ژنانی ئەفغان و شەنگال دەبین".
لە ٣ ی ئابی ٢٠١٤، ڕووبەڕووی هێرشی دڕندانە بووینەوە، هەموو جڤاک بە ژن و پیاو و باوەڕەکانییەوە ڕووبەڕووی قڕکردن بوویەوە، پێش دوو ساڵ، لە هەمان مانگ (ئاب)، هێرشی کوشتن و لێدان و دەستدرێژی و دەستگیرکردن بەرۆکی جڤاکی ئەفغانی و بەتایبەت ژنانی گرت، هێشتا هێرشەکان بەردەوامن، هەردوو هێرشەکە لە هەمان کاتدا لەلایەن هەمان زیهنیەتی گەندەڵ بەناوی ڕادیکاڵیزمی ئیسلامییەوە ئەنجامدرا، بکوژان لە ئێزیدخان ناویان داعشە، لە ئەفغانستان ناویان تاڵیبانە، هەڵبەت ڕیشەی داعش هەر دەگەڕێتەوە بۆ تاڵیبان.
ئەم هەڵمەتە گرنگە بۆ وەستانی کۆمەڵکوژی دژی ژنان بە ڕێگە جیاوازەکانی دەسەڵاتی پیاوسالار، کاتی هاتووە خۆمان ڕێکبخەین و هێزی چەکداری تایبەتی ژنانمان هەبێت و ناوەندی پەروەردەکردنی بکەینەوە بۆ ڕێکخستنی هێزە جەوهەرییەکانمان.
وەک ژنانی شەنگال، گەیشتینە ئەو ڕاستییەی کاتێک ژنان ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە هیچ دەوڵەت و بزووتنەوەیەکی دەرەکی تەنانەت باوک و براکانمان ناتوانن بمانپارێزن، ئەگەر چەکی ئازادی ژنمان لەدەستدا نەبێت، کەیسەکان نابرێنە بەردەم دادگا و هیچ شتێک نامانپارێزێت، بێگومان چەکی ئازادی و ڕێکخستنی ژنان و زیهنیەت و ڕای ئازاد و پەروەردەی بێسنوور حوکمی بەهێزمانە.
هاوکات گۆشەنیگای سیاسی و چالاکی جڤاکی بەس نییە، پێویستە ڕێکخستنی سەربازی ژنان ڕۆڵ بگێڕن لە بەرپەرچدانەوەی ئەم مەترسییانە، چاوەڕوانی پاراستنی دەوروبەر لە هەموو شت مەترسیدارترە.
پاش ڕۆشتنی ئەمریکا ژنانی ئەفغان خرانە بەر مەترسییەوە، ئەگەر ئەمریکا ئازادی بۆ ئەم ژنانە هێنابا ڕەوشیان وەها سەخت نەدەبوو، ئەمریکا بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی هات، کاتێک بەرژەوەندی نەما ڕۆشت، بۆیە چارەسەر گەڕانەوەی ئەمریکا و دەستوەردانی دەرەکی نییە، چارەسەر هێزی جڤاکییە بەتایبەت ڕێکخستنی ژنان، تاکە پشتیوانیش، پشتیوانی گەل و ژنانی جیهانە.
بۆ نموونە، وەک ژنانی ئێزدی و بە پشتیوانی قوتابیانی ڕێبەر ئاپۆ و هێزەکانی هەپەگە و یەژاستار و یەپەگە و یەپەژە، بە ئیلهام وەرگرتن لەم هێزانە و ئەزموونەکانیان، لە توانای خۆمان تێگەیشتین، خۆمان وەک یەکێتی ژنانی شەنگال ڕێکخست، لەسەر ڕێبازی ڕێبەر ئاپۆ و فەلسەفەکەی، بووینە خاوەن ئەزموون و ڕێکخستن و چالاکی، بۆیە دووبارە دەڵێین، نابێت چاوەڕێی هێزی حکومی بین، دەبێت بزانین دەسەڵات ناوی دەگۆڕێت بەڵام هەمان زیهنیەت بەردەوامە.
ئێمە وەک ژنان پێویستمان بە یەکێتی و هاوپشتییە لە جیهاندا وەک چۆن دەسەڵاتەکان پشتیوانی یەک دەکەن و بە نهێنی پشتی یەک دەگرن، دەبێت شێوازی ڕێکخستنی هاوبەشی ژنان پەرە پێ بدەین، لە هەموو جێگەیەک هەوڵ بدەین بۆ مافی ژنان.
دەبێت بزانین هێرشەکان لەسەر هەموومانە، مادام دەسەڵات هەیە، ئەوا لە هەموو جێگەیەک ژنان دەبنە قوربانی هێرشەکان، بۆیە بەرخۆدان شەرەفمەنداترین شتە دژی هەژموونی پیاوسالاری.
دەزانین ژنانی ئەفغان لە سەرەتاوە بەرخۆدان دەکەن و بەرامبەر تاڵیبان بێدەنگ نەبوون، بەڵام ئەمە بەس نییە، دەبێت تێکۆشان بەگوڕتر بکرێت و هێزی جەوهەری پەرەبسێنێت.
لەسەر ئەم بناغەیە، وەک یەژەشە، پشتیوانی ژنانی ئەفغان و هەموو ژنانی چەوساوەی ژێر دەستی پیاوسالاری دەکەین، پشتیوانی تێکۆشانی ژنان دەکەین، هەروەها پشتیوانی ڕاگەیاندراوی تاژێ دەکەین بە درووشمی "دژی هێرشی پیاوسالاری لەگەل ژنانی ئەفغان دەبین".
پێویستە هەموو ژنان بەتایبەت ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوین یەکبگرن بە درووشمی زێڕینی "ژن، ژیان، ئازادی". هەمووان لەسەر ڕێبازی ڕێبەر ئاپۆ و فەلسەفەی ئازادی ژنی ڕێبەر ئاپۆ بڕۆن، ئازادی لێرەوە دەست پێ دەکات، پێکەوە چاندێکی ئارینی تر دادەمەزرێنین، دووبارە شۆڕشی ژن لەسەر ئەم جوگرافیایە پێکدەهێنین، بۆیە سڵاو لە بەرخۆدانی ژنانی ئەفغان دەکەین و بەڵێن دەدەین بۆ پاراستنی مافی ژنان.
کەمپینەکەی کەژەکە زۆر گرنگە، وەک یەژەشە و ژنانی ئێزدی لەسەر هێڵی شەهیدەکانمان دەبین وەک شەهیدان بێریڤان و ئەرین و شیلان گۆیی و ڕاپەڕین ئامەد، لەسەر ڕێگەی ئەوان خۆمان ڕێکدەخەین و تێکۆشان بەگوڕتر دەکەین لەسەر ئەم میراتە، بە هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ ڕێکخستنمان پەرە پێ دەدەین، بۆیە دەڵێین ڕێکخستن و تێکۆشان بۆ هەموو ژنان گرنگە. وەک ژنانی ئێزدی بەڵێن دەدەین بە ئازادکردنی ژنانی ژێر دەستی داعش، لەپێناویان تێدەکۆشین، وەک فیداکارانی ئێزیدخان دەڵێین: "ڕێکخستن و تێکۆشانمان مەزنتر دەکەین".
ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" کۆتایی هات.