"زاڵبوونی عەقڵیەتی پیاوسالاری وایکردووە ڕێژەی ژن کوشتن زیاد بکات"
ڕێزان شێخ دلێر پەرلەمانتاری پێشووی عێراق دەڵێت: "حزبەکانی باشوری کوردستان داڵدەی بکوژانی ژنان دەکەن تاوەکو دادگایی نەکرێن".
ڕێزان شێخ دلێر پەرلەمانتاری پێشووی عێراق دەڵێت: "حزبەکانی باشوری کوردستان داڵدەی بکوژانی ژنان دەکەن تاوەکو دادگایی نەکرێن".
لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا، لەگەڵ ڕێزان شێخ دلێر، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و ئەندامی یەکێتی پلاتفۆڕمی ژنان، سەبارەت بەرۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، دۆخی ئیستای ژنان و ئەو توندوتیژیەی دژ ژن دەکرێت لەسایەی دەسەڵاتی پیاوسالاری عێراق و باشوری کوردستان و چەند پرسێکی دیکەی گرێدراوی ئەو بابەتە، ناوبراو بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) دوا.
"وایکردووە ڕێژەی ژن کوشتن ڕوو لەزیادبوون بێت"
سەبارەت بەد دۆخی ژنان و ئەو توندوتیژەی بەرامبەریان دەکرێت لە عێراق، ڕێزان شێخ دلێر پەرلەماتناری پێشووی عێراق و چالاکوانی بواری ژنان ڕایگەیاند: "کێشەمان لە نەبوونی یاسا نیە بەڵکو کێشەمان لە جێبەجێ نەکردنی یاساکان هەیە، کاتێک کە ژنێک دەکوژرێت بکوژانی بەخێرایی ڕادەستی دادگا ناکرێت، هەروەها عەقڵیەتی پیاوسالاری زاڵە بەسەر کۆمەڵگادا بەشێوەیەک کە پیاو ژنان وەکو ناموسی خۆیان دەبینن، بە عەقڵیەتی پیاوسالاری پیاو مافی داوەتە خۆی چ کاتێک کە پێی وابێت ناموسی لەکەدار بووە ئەوە بۆی هەیە هەموو دەسەڵاتەکانی بەکاربهێنێت دژی ژن و کچ و منداڵەکانی، ئەمەش وایکردووە ڕێژەی ژن کوشتن ڕوو لە زیادبوون بکات".
"ژنان وەکو جاران توندوتیژی قەبووڵ ناکەن"
ئەو ژنە پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق، ووتیشی: "بەراورد بە ڕابردوو گۆڕانکاری بەسەر ژیانی ژنان هاتووە لە ئیستادا بۆ نموونە ژنان وەکو جاران ئەو توندوتیژیەی بەرامبەریان دەکرێت قبووڵی ناکەن، وادەزانن کە یاساکان لەپشتیانن، هەموو ئەو یاسایەنەی هەیە نەبۆتە پاڵپشتێکی باش بۆ ژنان".
"تاوانبارانی ژن کوشتن لەلایەن حزبەکانەوە داڵدەدرێن"
هەروەها ڕێزان شێخ دلێر، باسی لە خراپی رۆڵی حزبەکانی باشوری کوردستان لە داڵدەدانی بکوژانی ژنان کرد، ئاشکرای کرد: "ئەرکی هەمووانە کە تاکەکانی کۆمەڵگا هۆشیار بکاتەوە کە ژنان موڵکی کەس نین و ژنیش مرۆڤن خاوەن بیروباوەڕی خۆیانن، ئەم سیاسەتەی حزبەکانی ئیستای باشوری کوردستان پەیڕەوی دەکەن وایکردووە کە هاندەرێک بن تاوەکو عەقڵیەتی پیاوسالاری زیاتر بڵاوبێتەوە، وایکردوو کە تاوانباری ژن کوشتن لەپاڵ حزبەکان خۆیان حەشار بدەن و نادرێنە دادگا و حزبەکان داڵدەدەیان دەدەن".
"حزبە ئیسلامییەکان ڕێگربوونە لە دەرچوونی یاسا بۆ پاراستنی ژن"
ئەو ئەندامەی یەکێتی پلاتفۆڕمی ژنان گوتی: "لە هەرێمی کوردستان یاسای ڕێگرتن لە توندوتیژی خێزانیمان هەیە، بەڵام لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و واتا لە ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق یاسای توندوتیژی خێزانیمان نیە، لە پەرلەمانی عێراقیش زۆر هەوڵماندا ئەم پرۆژە یاسایە بۆ ڕێگری لە توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە پەرلەمانی عێراق دەربکەین بەڵام عەقڵیەتی پیاوسالاری و حزبە ئیسلامییەکانی پەرلەمانی عێراق ڕێگربوونە لە دەرچوونی یاسا بۆ پاراستنی ژن و خێزان".
"لە یاسای عێراقدا ئاسانکاری کراوە بۆ ژن کوشتن"
ناوبراو تیشکی خستەسەر یاسای کوشتنی ژنان و بەناو شەرەف و ئاشکرای کرد: "لە یاسای عێراقدا ئاسانکاری کراوە بۆ ژن کوشتن. ئەگەر بەناوی شەرەف ژنان بکوژرێن بەم بەهانەیە سزای بکوژانی ژن کەمتر دەبێت و ناچێتە چوارچێوەی کوشتنی بەئەنقسەت بۆیە سزای ژن کوشتن لە عێراق لەوانەیە تەنها یەک ساڵ زیندانی بێت، ئەتوانم بڵێم ژنان لە پەرلەمانی عێراق رۆڵیان کەم بووە، نەیانتوانیوە بەدەنگێکی بەرز بەرگری لە مافی ژنان و بکەن، ژمارەیەکی زۆر کەم لە ژنان لە پەرلەمان هەوڵیانداوە لەڕێگەی هەموارکردنەوەی یاساکان ڕێگری لە تاوان دژی ژنان بکەن".
" وایکردووە حزبەکان دژی یاساکانی پاراستنی ژن بن"
لە درێژەی قسەکانیدا ڕێزان شێخ دلێر ڕایگەیاند: "بۆ ڕێگری لە توندوتیژی دژی ژنان، پێویستە هۆشیاری کۆمەڵگا لە ڕێگەی پەروەردە، خوێندن و زانکۆکانەوە دەستپێبکەین، هەروەها دەبێت عەقڵیەتی حزبەکان بگۆڕدرێن چونکە عەقڵیەتی پیاو سالاری بەسەر حزبەکانەوە زاڵە هەروەها حزبە ئیسلامییەکانیش کە عەقڵیەتی ئیسلامی سیاسی بەسەریانەوە زاڵە، ئەمانە وایکردووە حزبەکان ڕیگربن لە پاراستنی ژنان لە ڕێگەی یاساوە".
"پێویستە ژنانی پەرلەمانتار ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن"
لە کۆتایی قسەکانیدا ڕێزان شێخ دلێر ووتی: "هیوادارم رۆژێک لە رۆژان ژنان بتوانن بە عەقڵیەتی ژن بیربکەنەوە دوور لە زاڵبوونی عەقڵیەتی پیاوساڵاری، ئێمە باس لە ژنۆلۆژی دەکەین کاتێک کە ژنان دەبنە پەرلەمانتار پێویستە وەکو ژنێک ئەرکی خۆیان لە پەرلەمان جێبەجێ بکەن و لەپێناو مافی ژن و مافی مرۆڤ کاربکەن".