ژنانی کورد بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد لە ڤاتیکانن

ژنانی کورد لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری بۆ پرسی کورد" چوونە ڤاتیکان.

ژنانی کورد لە ڤاتیکانن

لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری بۆ پرسی کورد" بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، کۆمەڵێک ژن بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ژنانی کوردی سویسرا (یەژەکە-سە) چوونە ڤاتیکان.

لە مەراسیمی جەژنی ئیستەردا لە گۆڕەپانی سانت پیتەر لە ڤاتیکان بەڕێوەچوو و پاپا فرانسیس ئامادەی بوو، ٤٧ ژنی کورد بە جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیانەوە سەرنجیان ڕاکێشا.

پاشان ژنان دۆسیەیەکیان ڕادەستی سکرتێری پاپا فرانسیس کرد.

لە مەراسیمەکەدا چەندین جار درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، ستاتۆ بۆ کوردستان" بەرزکرایەوە. ژنان زانیاریان دایە ئامادەبووان دەربارەی گۆشەگیری و هێرشەکانی سەر کوردستان.

دۆسیەیەک پەیوەست بە گۆشەگیری پێشکەش کرا

پاش مەراسیمەکە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سکرتێرانی پاپا ئەنجامدرا. دۆسیەیەک دەربارەی ژیانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ٣ دۆسیەی جیاواز دەربارەی گۆشەگیری و شەڕ پێشکەشکران. بەپرسی سکرتارییەتی ڤاتیکان ڕایگەیاند ئاگاداری ڕەوشی گەلی کوردن و بێگومان دۆسیەکان ڕادەستی پاپا دەکەن. هەروەها ژنان چەند کۆبوونەوەیەکی دیکەیان ئەنجامدا، تاوەکو بتوانن لە ئایندەدا لەگەڵ پاپا دابنیشن.