ئاسایشی سلێمانی بارەگای تەڤگەری ئازادیی گەمارۆدا
هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی بە بەهانەی نەبوونی مۆڵەتی فەرمیی هەرێمی کوردستان، ناوەندی تەڤگەریی ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستانی لە شاری سلێمانی گەمارۆدا و داوای داخستنی دەکات.
هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی بە بەهانەی نەبوونی مۆڵەتی فەرمیی هەرێمی کوردستان، ناوەندی تەڤگەریی ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستانی لە شاری سلێمانی گەمارۆدا و داوای داخستنی دەکات.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، هێزەکانی ئاسایش چوونە بارەگای تەڤگەری ئازادیی و پێیان ڕاگەیاندوون، کە بەهۆی نەبوونی مۆڵەتەوە دەبێت بارەگاکەیان داخەن و بۆ ئەو مەبەستەش دەستەی بەڕێوبەریی تەڤگەری ئازادییش لە کۆبوونەوەدایە و هێزەکانی ئاسایشیش گەمارۆ بارەگاکەیان داوە و لە چاوەڕوانیی داخستنیدان.
دوێنێ هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی سەردانی بارەگای تەڤگەری ئازادییان کرد و داوای مۆڵەتی فەرمییان لێکردن، دواتر تەڤگەری ئازادیی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ڕایگەیاند، کە ئەوان لە عێراق مۆڵەت فەرمییان هەیە و لە سەرەتای دامەزراندیشیانەوە سەردانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیان کردووە بۆ وەرگرتنی مۆڵەت، بەڵام هەتا ئێستا وەڵامیان نەدرراوەتەوە.
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە ڕۆژی ١٧/١٠/٢٠١٤ دامەزراوە و لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئێستا بەبیانووی نەبوونی مۆڵەت و هەبوونی بیروڕای جیاوازەوە لە دەسەڵات، چەندین ئەندامیان دەستگیرکراون و ئاستەنگیی بۆ کار و چالاکییەکانیان دروستکراوە، بەڵام لە ٤/١٢/٢٠١٧ بە فەرمی وەک پارتێکی سیاسی لە تەواوی عێراقدا دانی پێدانراوە و مۆڵەتی فەرمی وەرگرتووە.