پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە ١٣ی نیسان دا بە پشتیوانی فڕۆکە چاودێرییەکانی دەوڵەتى تورکی داگیرکەر پێشمەرگەکانی خۆی و چەکی قورسەکانی بردە ناوچەى زینی وەرتێ.
لە ١٤ی نیساندا و کاتێک گەریلاکانى هەپەگە لە چاوپێکەوتن لەگەڵ پێشمەرگەکانى پەدەکەدا دەگەڕانەوە، فڕۆکە جەنگییەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر هێرشی کردە سەریان و ٣ گەریلایان شەهید کرد.
دواتر ئەوە روون بوویەوە، کە زانیاری لەبارەى شوێنی گەریلاکانەوە لەلایەن پێشمەرگەکانى پەدەکەوە بە دەوڵەتى تورکی داگیرکەر دراوە. ئەوەش روونبوویەوە، کە پەدەکە لە چوارچێوەى پلانی داگیرکەریی دەوڵەتى تورکی داگیرکەردا هێزەکانى خۆی رەوانەى ئەو ناوچەیە کردووە.
زینی وەرتێ لە رووی ستراتیژییەوە گرنگییەکى زۆری هەیە، چونکە دەکەوێتە نێوان چیای کارۆخ و قەندیل و وەک ناوچەی پشتێنەی ئەمنی، یان ناوچەی ئارام چاوی لێدەکرێت.
لەو چوارچێوەیەدا گەلی باشووری کوردستان، رۆشنبیران، هونەرمەندان، نوسەران، سیاسەتمەداران، رۆژنامەنووسان، پێشمەرگە دێرینەکان، دایکانى لەچک سپی، ژنان و گەنجان و... هتد. لە بەرامبەر ئەو هەوڵانەى پەدەکەدا لە زینی وەرتێ لە چەندین شوێنی جیاجیادا چالاکییان ئەنجامدا.
گەلی ناوچەکە و زینی وەرتێ و دەورووبەریشی لە کۆنفرانسی رۆژنامەنووسیاندا رایانگەیاند، نایانەوێت پەدەکە لە ناوچەکەیاندا بێت و هەر خۆی لە خۆیدا ناوچەکەیان ئارامە و پێویستی بە هێنانى پێشمەرگە نییە بۆ ناوچەکەیان.
بەڵام پەدەکە سەرباری ئەو هەوڵ و داواکاری و چالاکییان لە هەرێمەکەدا نەکشایەوە و لە هەوڵێکى تریدا پێشمەرگەکانى خۆی بردە گوندەکانى ناوچەى زینی وەرتێ و ئیتر بە ئاشکرا جموجوڵی سیخوڕەکانى دەزگای هەواڵگریی دەوڵەتى تورکی داگیرکەر (میت) لە ناوچەکە دەستیپێکرد و ئەوەش لەلایەن هاووڵاتییانەوە بینرا و دەستنیشانکرا.
لە چوارچێوەى هەوڵەکان بۆ کۆتایهێنان بەو ئاڵۆزییە کە پەدەکە دروستیکردووە دەستپێشخەریی گەنجانی باشووری کوردستان رایانگەیاند، سبەی ١٦ی ئایار لە ژێر دروشمی "ئێمە بۆ یەکێتیی نەتەوەیى رێپێوان ئەنجام دەدەین" لە رانییەوە بەرەو زینی وەرتێ رێپێوانێکى درێژمەودا رێکدەخەن.
رێپێوانەکە لە کاتژمێر ١٠:٠٠ی پێش نیوەڕۆ لە بەردەم زانکۆی راپەڕین دەستپێدەکات.
بەپێی زانیارییەکان لە هەموو شارەکانى باشووری کوردستانەوە گەنجان بەشداری لەو رێپێوانەدا دەکەن.
چەندین رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی، سیاسەتمەدار، رێکخراەکانى گەنجان، دەستە خوێندکاریەکان، حیزب و کەسایەتییە سەربەخۆکان و هونەرمەندان پشتیوانی لە رێپێوانەکە دەکەن و تیایدا بەشدار دەبن.
گەنجان لە کاتی خۆیدا دەست بە رێپێوانەکە دەکەن، بۆیە لە ئێستاوە داوای بەشداریکردن لە کەسایەتی و لایەن و رێکخراوەکان دەکەن.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە رێپێوانەکەدا تەنها ئاڵای کوردستان هەڵدەکرێت. رێپێوەران تیشێرتی سپی، کە هێمای سەرکەوتنە و نووسراوی "ئیدی بەسە"ی لەسەر نووسراوە لە بەر دەکەن.
زۆربەى هەرە زۆری ئامادەکارییەکان بۆ رێپێوانەکە تەواو بووە و بە بەردەوامی کار بۆ رێکخستنی رێپێوانەکە بە شێوەیەکى سەرکەوتوانە دەکرێت.
ژ.ت