ئەو خیانەتەى کە ٨١ ساڵە بەردەوامە

٨١ ساڵ لەوە پێش لە رۆژێکى وەک ئەمڕۆدا عەلی شێری شاعیر، شەڕڤان و بەرخودێر لەگەڵ زەریفەى هاوژینیدا، لەلایەن خائینێکى نۆکەر و بەکرێگیراو و بکوژی دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا لە دێرسیم کوژران.

عەلی شێر و زەریفە یەکێک لەو کەسایەتییە گرنگانەن، کە بەرخۆدانی بە رێکخستن کردبوو. لە دواى کۆمەڵکوژییەکەى کۆچگرییەوە روویان لە دێرسیم کرد. ماوەى ١٦ ساڵ بەرەنگارى باڵادەستیى دەوڵەتى تورکیا بوونەوە. رۆژی ٩ى تەمووزی ١٩٣٧ کەوتنە بۆسەى خائینێک و ٤ نۆکەرى تورکیاى داگیرکەر و کوژران.

بەپێى لێکۆڵینەوەکانى، محەمەد بایراک نووسەر و لێکۆڵەر و ئایشە هور-ی مێژووناس، ٨١ هەمین ساڵیادى شەهادەتى عەلی شێر و زەریفەى هاوژینى بە بیر دەهێنینەوە.

نامەردیى خیانەت

کاتێک نوری دێرسیمى رۆیشت بۆ حەلەب، عەلی شێر و زەریفە لە ئەشکەوتێکى چیاى توژک دا خۆیان شاردەوە. زەینەل یەکێک لە هاوڕێکانى سەید رەزا بوو، بەڵام لەگەڵ ٤ هاوڕێیەدا دەستیان بە هاوکاری لەگەڵ دەوڵەت کرد. زەینەل و ٤ هاوڕێکەی رۆژی ٩ى تەمووزی ١٩٣٧ بە ناوى سەردانى عەلی شێر و زەریفەى هاوژینییەوە چوون بۆ لایان. عەلی شێر و زەریفە کاتێک زانییان داویان بۆ دانراوە، بە چەک دەستیان کرد بە بەرگریکردن لە خۆیان و بەرخۆدانیان کرد، بەڵام لە دوایدا لەلایەن ئەو خائینانەوە کوژران.

زەینەل برازایەکى سەید رەزاى بە ناوی رایبەر لە پلانى کارەکەی ئاگادار کردبووە. ئیبراهیمی براى سەید رەزا و باوکی رایبەر لە ساڵی ١٩٣٣دا و لە کاتى هێرشکردنە سەر سینێ دا کوژرابوو. رایبەریش گومانلێکراوى سەرەکیى کوشتنەکەى ئیبراهیم بوو. رایبەر دەیزانى کە بە دڵنیاییەوە سەید رەزاى مامی حسابى ئەو نۆکەرییەى بۆ دەوڵەت لێدەپرسێتەوە. دەوڵەتیش ئەو دۆخەى بەکارهێنا و پارەى بە رایبەر دا و بە هاندان و تاریفکردن دەستیکرد بە بەکارهێنانی رایبەر و زەینەل-یا کرد بە سیخوڕ و بەکرێگیراوى خۆیان.

زەینەل و رایبەر سەرە بڕاوەکەى عەلی شێر و زەریفەیان لەگەڵ کتێبەکان، نووسراوەکان، شێعرەکان و کەلوپەلەکانى عەلی شێر رادەستى ئاڵپ دۆغان پاشا کرد.

بەپێى گێڕانەوە و نووسینەکانى لیوا نازنی سەڤگەن کە وێنەى سەرە بڕاوەکەى عەلی شێر و زەریفەى گرتبوو، جەستەى بێ سەری عەلی شێر و زەریفە بە خاک نەسپێردراوە و لە بەرزاییەکەوە هەڵدراونەتە خوارەوە و بەجێهێڵدراون. بەڵام سەرچاوە هەرێمییەکان ئەو قسەیە رەتدەکەنەوە و دەڵێن، جەستەى عەلی شێر و زەریفە لە شوێنێکى نزیک ئەشکەوتى پالاخانە، کە تیایدا کوژراون بە خاک سپێردراون.

زەینەل تۆپ دەستى لە نۆکەرایەتى بۆ دەوڵەت هەڵگرت، بەڵام رایبەر بەردەوام بوو لە نۆکەرایەتییەکەی. سەرەڕاى ئەوەش، رایبەر لە سالی ١٩٣٨دا و لەسەر ئەوەى بۆ پارە لەگەڵیان رێکنکەوت، هەم خۆی (رایبەر) و هەم کوڕەکەى لەلایەن دەوڵەتەوە کوژران.

نووسەر و تۆمارکەری رووداوەکانى دەوڵەتى تورکیا، کە لەگەڵ زەینەل و رایبەر، بکوژەکانى عەلی شێر وێنەى گرتووە لە نووسینێکیدا بە ناوی "زەینەلی هەواڵدەرى دێرسیم، کە عەلی شێرى کوشت، باسى چیى کرد؟" و لەو بارەیەوە نووسیویەتی "کارە خراپەکانى عەلی شێر بۆ چەندین ساڵ لە دێرسیم بەردەوام بوو. ٩ى تەمووزی ١٩٣٧ بە فیشەکی دوژمنێکى دێرسیمى مرد. عەلی شێر بۆ دێرسیمییەکان هێزێکى راستەقینە بوو. جگە لە خوێندن و نووسین، بە ژیری و زیرەکییەکەى خۆى توانیبووی خێڵەکان بخاتە ریزى خۆییەوە و کاری بۆ دروستکردنى دێرسیمى خۆبەڕێوەبەر و خۆسەر و بەوەش رێگاى بۆ کوشتنى هەزارن کەسى بێتاوان کردەوە و دەوڵەتی بۆ ماوەى چەندین ساڵ بە خۆیەوە سەرقاڵ کردبوو. زەینەل کە عەلی شێرى کوشت، بۆ خۆی دێرسیمى بوو. جەستەکەى وەک پەیکەر بوو و زۆر بوێر بوو. دواى ئەوەى من ئەو زانیارییانەم بەدەستهێنا، یەکڕاست بە دواى زینەلدا گەڕام. ئەو پیاوە چی بوو کە بە تەواوى سەرچاو و رووخسارى لە تورک دەچوو. تا ئەو کاتەى من ئەوم بینى، ئەو چاویلکەى نەبینیبوو، بۆیە بۆ یەکەمجار چاویلکەى بینی، بۆ یەکەمجار شاری بینی و بۆ یەکەمجار کارەباى بینی".

نووسەر و تۆمارکەرى رووداوەکانى دەوڵەت لە بەشێکى تر لە نووسینەکەى خۆیدا دەڵێت، کاتێک زەینەل هات بۆ خارپێت، ئەو لە بەرپرسان مۆڵەتى وەرگرتووە بچێتە لاى زەینەل و لەگەڵى بمێنێتەوە. بۆیە زەینەلی بردووە بۆ ئۆتێلێک و قسەى لەگەڵ کردووە. دەڵێت، ئەو خائینەى، کە عەلی شێرى کوشت، دەوڵەت ١٠٠ پارچە زێڕى پێدا و لەبەر ئەوەى دەوڵەت بڕواى پێنەدەکرد دواى ماوەیەک لەسێدارەیان دا و لە کاتى سێدارەداندا بە بەردەوامى دەیکێشا بە سەرچاو و روومەتى خۆیدا.

درێژە پێدەرانى رێگاکەی عەلی شێر و زەریفە بەردەوامن لە خۆڕاگری

قاسم ئەنگین ئەندامى کۆمیتەى بەڕێوەبەریى پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) بە بۆنەى ساڵیادى شەهادەتى عەلی شێر و زەریفەوە لە ماڵپەڕى هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە)دا وتارێکى بڵاوکردووەتەوە و تیایدا نووسیویەتى، گەریلا، کە نەوەی عەلی شێر و زەریفەن ئەمڕۆ نەک تەنها لە دێرسیم، بەڵکو لە هەر چوار بەشى کوردستاندا بەرخۆدان و خۆڕاگرى دەکەن.

ئەنگین لە وتارەکەیدا ئەوەشى نووسیوە "هەر گەریلایەک ئەوە بۆ خۆى بە شەرەف دەزانێت، کە ببێت بە عەلی شێر و زەریفە و درێژە بە رێگاکەیان بدات، بەڵام بە داخەوە ئەوانەى هاوشێوەى رایبەرن، هێشتا دەژین و بەردەوامن لە کارەکانیان. ئەوانەى دەیانەوێت ببن بە رایبەر، ئەوانەى دەیانەوێت کورد بە گژ یەکتردا بکەن و کورد بکەنە دیارى بۆ دەوڵەتە داگیرکەرەکان، هێشتا بوونیان هەیە. ئەو کەسانە بۆ ئەوەى سەرى گەنجانى کورد بە دەوڵەتى فاشیست بفرۆشن بەردەوامن لە جموجوڵەکانیان. هەر وەک رایبەر دەچنە سەنگەر و حەشارگەى سەربازانى کۆمارى تورکیا و وێنەى تیادا دەگرن. بۆ ئەوەى ببن بە بکوژى گەلەکەى خۆیان، وەک ئەنکیدۆ پێداگرى دەکەن بۆ ئەوەى دڕندانە سەری هامبابا (هوڤاڤا) ببڕن.  

نەوە و رۆڵەى ئازادیخوازی کوردان، نەوەی راستەقینەى عەلی شێر و زەریفەکان ئەمڕۆ لە چیاکانى کوردستان بە پێداگرییەوە خۆڕاگری دەکەن. ئەوان پێشەنگەکەى خۆیان عەلی شێر و زەریفەیان لە بیر نەکردووە. لەبیرکردن لەلایەک، گەریلا بۆ بەرخۆدانى عەلی شێر و زەریفە لەسەر چیاکان گۆرانى و سرودی ئازادی بە دەنگى بەرز و بەهێز دەچڕن".

ر.م