ساڵى ٢٠١٤ و کاتێک چەتەکانى داعش هێرشى قورسیان کردە سەر عێراق و باشوورى کوردستان، ١٥٠ سەربازى سوپاى ئەڵمانیا دەستیان بە ڕاهێنانی پێشمەرگەی هەرێمى فیدراڵى باشوورى کوردستان کرد.
لە هاوپەیمانیى نوێى نێوان پارتى یەکێتیى مەسیحییەکان (CDU/CSU) و حزبی سۆسیال دیمۆکرات (SPD) ڕاگەیاندراوە، کە کۆتایى بە ڕاهێنانى پێشمەرگە لە هەولێر دەهێنن. لە دواى ئەوەی سۆسیال دیموکراتەکانى ئەڵمانیا بۆ پێکهێنانى حکومەتى هاوپەیمانیى لە ئەڵمانیا لەگەڵ حزبى یەکێتیى مەسیحییەکان ڕێککەوتن، دەسەڵاتى ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتیى مێرکل خێراى بەخشى بە کارەکانى بۆ ئەو هێزانەى سوپاى ئەڵمانیا کە لە هەرێمەکەدا کار دەکەن.
بەپێى ئەو زانیارییانەى لە میدیاکانى ئەڵمانیادا بڵاوکراونەتەوە، ئورسولا ڤۆن وەزیرى بەرگریى ئەڵمانیا و سیگمار گابریل وەزیرى دەرەوەى ئەڵمانیا ئەرکى نوێى سوپاى ئەڵمانیایان لە عێراق داڕشتووەتەوە و لەسەرى ڕێککەوتون. بەپێى ئەو پلانە ڕاهێنانى پێشمەرگە کۆتایى پیدەهێنرێت و دەست دەکرێت بە ڕاهێنانى سوپاى عێراق. چاوەڕێ دەکرێت ئەو پلانە لەم مانگەدا بنێردرێتە پەرلەمانى ئەڵمانیا و لەوێ پەسەند بکرێت.
وەزیرى بەرگرى بەڵێنەکانى جێبەجێ نەکردووە
بەپێى ئەو پلانە سوپاى ئەڵمانیا کە بۆ شەڕ لە دژى داعش لە عێراقدایە شێوەى مانەوە و ناوەکەى کراوە بە "جەختکردنەوە لە ئارامى بۆ ماوەیەکى درێژ" و هێزەکانى سوپاى ئەڵمانیا لە ژێر ئەو ناوەدا درێژە بە کارەکانیان دەدەن لە عێراق.
ڕۆژنامەى هاندەلسبلات بەڵگەی ئەو پلانە نوێ پێشنیازکراوەى بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە "سوپاى ئەڵمانیا لە باکوورى عێراق سەرکەوتوو بوو. داعشى لە هەرێمەکە دوورخستەوە، بەڵام لە ناوچەکانى ترى عێراق هەمان مەترسى بەردەوامە."
ئورسولا ڤۆن وەزیرى بەرگریى ئەڵمانیا مانگى ڕابردوو سەردانى بەغداى پایتەختى عێراقى کرد و لەوێ ڕایگەیاندبوو، سەربازانى ئەڵمانیا تەنها بۆ ڕاهێنانى پێشمەرگە لە عێراقدا نین. لە ئێستا بە دواوە ڕاهێنان بە هەموو هێزە ئەمنییەکانى عێراق دەکەن، بەڵام لە دواى ئەو لێدوانەى وەزیرى بەرگریى ئەڵمانیا بڕیار درا کۆتایى بە ڕاهێنانى پێشمەرگە بهێندرێت.
ر.م