بایک: دەبێت کۆتایی بە ئاڵۆزییەکەى زینی وەرتێ بهێنرێت – بەشی دووەم -

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە رایگەیاند، یەکێتی کوردان بە پیرۆز دەزانن. راشیگەیاند، دەبێت پەدەکە کێشەى زینی وەرتێ دوانەخات و لە زووترن کاتدا کۆتایی بەو ئاڵۆزییە بهێنێت و هەر هێزێک بکشێتەوە بۆ شوێنێ پێشووی خۆی.

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان رایگەیاندووە، دۆخەکە بۆ کورد هاوشێوەى قۆناغی جەنگی جیهانیی یەکەمە و نابێت جارێکیتر بدۆڕێت و داوایکردووە یەکێتی بەدی بێت. بایک راشیگەیاند "رێبەر ئاپۆ لە بابەتى زینی وەرتێ دا مەترسییەکى گەورەی بینیوە، بۆیە هۆشیاریی داوە و لەو رێگەیەوە ئەرکی نەتەوەیى و مێژوویی خۆی بەجێهێناوە. رایگەیاند 'نابیت لە ناو کورداندا شەڕ روو بدات، کورد لە دژی دوژمن تێبکۆشن، یەکێتیی خۆی و کۆنگرەی خۆی ئەنجام بدات، هێزی سەربازیی خۆی لە ژێر چەتری فەرماندەییەکدا بکەن بە یەک. لە پێش هەموو شتێکەوە بۆ ئێمە و دەبێت ئەو حیزبانەی بۆ کوردان تێدەکۆشن، هەموویان ئەوە ببیننن و لێی تێبگەن".

جەمیل بایک هاسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە وەڵامی پرسیارەکانى ستێرک تیڤی دایەوە و بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنەکەتان پێشکەش دەکەین:

من دەمەوێت لێرەدا بپرسم، گەریلا لە قەندیلەوە چوون بە هانای شەنگالەوە، چوونە بە هانای کۆبانێیەوە، تەنانەت چوون بە هانای هەولێر و مەخمورەوە، ئەی هۆکاری گەمارۆدانی قەندیل و گەریلا بۆ چی دەگەڕێتەوە و پەیوەست بەوەشەوە لێکدانەوەى پەکەکە و گەریلا بۆ ئەو دۆخە چییە؟

هەموو کەس ئەوە دەزانێت گەریلا قوەت و هێزی کوردە، هێزی دیموکراسی و ئازادییە. لە کوێ هێرشێک بکرێتە سەر دەستکەوتەکانى گەلی کورد گەریلا لە دژی ئەو هێرشە تێدەکۆشێت. کاتێک داعش هێرشی کردە سەر باشووری کوردستان و هێرشی کردە سەر شەنگال و هێرشی کردە سەر هەولێر، گەریلا چوو بۆ مەخموریش و چوو بۆ شەنگالیش و چوو بۆ کەرکوکیش و باشووری کوردستانی پاراست. رێبەر ئاپۆ وتی، ئێمە دەڵێن، لە کوێ دەبێت با ببێت، لە دژی گەلی کورد مەترسییەک هەبێت، ئێمە لە دژی ئەو مەترسییە تێدەکۆشین. ئەوە ئەرکی مێژووی و نەتەوەیی ئێمەیە.

لە بابەتى کێشەکەى زینی وەرتێ دا رێبەر ئاپۆ مەترسییەکى گەورەی بینی. لەبەر ئەوەش هۆشدارییەکى دا. ئەرکی نەتەوەیی و مێژووی خۆی بەجێهێنا. رایگەیاند، کە دەبێت حیزبەکانى ئێستا یەکێتی بۆ خۆیان بکەنە بنەما. دەبێت لە نێوان کورداندا شەڕ روو نەدات. دەبێت کورد لە دژی دوژمنەکەى خۆی شەڕ بکات. بۆ ئەوەش دەبێت یەکێتیی خۆی دروست بکات. کۆنگرەی خۆی ئەنجام بدات، هێزە سەربازییەکانى خۆیان لە ژێر فەرماندەییەکدا یەکبخەن. رێبەر ئاپۆ ئەو پێشنیازانەى کردووە و کە هەموان ئاگاداری ئەو پێشنیازانەن. گەلەکەمان لە ئەوروپا، رۆژهەڵات، باشوور، باکوور و رۆژئاوا، نووسەران، هونەرمەندان، رۆشنبیران، سیاسەتمەداران، رێکخراوەکانى کۆمەڵی مەدەنی راگەیاندراویان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، کە نابێت لە زینی وەرتێ شەڕ رووبدات، ئێمە شەڕی نێوان کوردان قبوڵ ناکەین، دەبێت یەکێتیی گەلی کورد بەدی بێت. کەنەکە بۆ هەموان و بۆ ئێمەش نامەیەکى نارد، لە دانیمارک دۆستانی کورد نامەیەکیان بۆ ئێمە و پەدەکە نارد و رایانگەیاند، بەهۆی کێشەى نێوان کوردانەوە ئێمە نائارام و بێقەرارین، دەبێت ئێوە یەکێتیی خۆتان بکەنە بنەما و بناغەى کارەکانتان. نەک تەنها گەلەکەمان، دۆستانی گەلەکەشمان شەڕیان ناوێت. دەبێت کورد ئەو شتە ببینێت. سەرەتا ئێمە، ئەو حیزبە کوردییانە، کە بۆ کوردان تێدەکۆشین، دەبێت ئێمە ئەو شتە ببینین، ئەو داوایانە داوای بەجێن. ئێمە بە رێزەوە لەو داوایانە نزیک دەبینەوە و ئەو داوایانە بەجێدەهێنین. ئەوە بیروبۆچوونی ئێمەیە و من بە روونی و ئاشکرا ئەوە رادەگەیەنم. تاکە داواى ئێمە ئەوەیە، کە دەبێت لە نێوان کورداندا شەڕ روو نەدات، کورد یەکێتیی خۆی بونیات بنێت، کورد دەست بخەنە ناو دەستی یەک و لە دژی دوژمنەکەی خۆیان تێبکۆشن. رۆژ رۆژی یەکێتییە، هیچ شتێک لەوە پیرۆزتر نییە. پەدەکە دەبێت کێشەى زینی وەرتێ دوانەخات و ماتەڵەى پێ نەکات. لە بابەت کێشەى زینی وەرتێ دا ئەو ئاڵۆزییەى کە هەیە هێشتا کۆتایی پێنەهاتووە. ئەو شتە چۆن بەردەوام دەبێت و چی دەبێت مرۆڤ بە باشی لێی روون نییە. ئەوە دیار نییە کە کەی لە نێوان کورداندا شەڕێک روودەدات. دەبێت ئەو ئاڵۆزییە رۆژێک زووتر لە رۆژێکى تر کۆتایی پێ بێت. ئێمە ئەو هەقەمان نییە، کە گەلی کورد بخەینە ناو ئاڵۆزییەوە. مادام ئێمە بۆ ئەم گەلە تێدەکۆشین، ئەو هەقەمان نییە کە ئێمە داواکانیان جێبەجێ نەکەین. داواکەش ئەوەیە، کە دەبێت ئەو هێزانە خۆیان لەوێ بکشێننەوە. دەبێت بگەڕێنەوە دۆخ و پێگەى پێشووی خۆیان، هەر هێزێک بگەڕێتەوە بۆ شوێنەکەى خۆی. ئەوانەى بۆ کوردان تێدەکۆشن دەبێت ئەوە بۆ خۆیان بکەنە بنەما. ئێمە لە دژی هیچ کەسێک نین و نامانەوێت ببینە ئاستەنگ. ئێمە نامانەوێت ئەوانیش لە بەردەم ئەوانی تردا ببنە ئاستەنگ. ئێمە نامانەوێت هیچ کەسێک، رێکخراوێک و حیزبێکى کوردی داواکانى دوژمن بەجێبهێنێت و بوار بۆ دوژمن بڕەخسێنێت.

رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ساڵەهای ساڵە تێگەیشتن و عەقڵییەتى 'با بچوک بێت، بەڵام با بۆ من بێت، رەخنە دەکات' لەو بارەیشەوە شیکاریی هەیە. لە چاوپێکەوتنەکەى ئەمدواییەدا لە رێگەى تەلەفونەوە دووبارە باسی ئەوە دەکاتەوە، دەبێت مرۆڤ چۆن لەوە تێبگات و شیکاریی بۆ بکات؟

رێبەر ئاپۆ لەسەرەتاوە تاوەکو ئەمڕۆ لە دژی بیری بچووک و رامان و فیکرە بەسیتەکان بووە، چونکە فیکر و بیری بچووک و بەسیت خزمەتى گەلی کورد ناکات، ئازادی و دیموکراسیی گەلی کورد پێشناخات، ئەوە هەموو کات خزمەتى داگیرکەرکان دەکات. ئەو شتەش چەندجارێک لە مێژوودا سەلمێنراوە. دەبێت مرۆڤ لەو شتەدا پێداگری نەکات. رێبەر ئاپۆ لە دژی فیکر و بیر و سیاسەتی بچووک و بەرتەسکە.  دەیەوێت بیر و رامان و سیاسەتێکى بەرفراوان بەڕێوەبچێت، کرداری بەرفراوان ئەنجام بدرێن، چونکە ئەوە خزمەت بە گەلی کورد دەکات. بۆ ئەوە دەڵێت؟ چونکە داگیرکەران گەلی کورد و وڵاتی کوردانیان پارچە پارچە کردووە. ئەو کەسانەى دەڵێن، من دەمەوێت بۆ گەلی کورد تێبکۆشم، چۆناوچۆنە تێکۆشان بۆ نەهێشتنی ئەو پارچە پارچەبوونە ناکاتە بنەمای کاری خۆی، کە دوژمن دروستیکردووە. ئەو پارچە بوونە خۆی لە خۆیدا بیر و رامان و نزیکبوونەوەى بەرتەسک و بچووک دروست دەکات. کێشەى کورد کێشەیەکى زۆر گەورەیە، لە دونیادا کێشەى گەورەتر لەوە بوونی نییە. بە بیر و رامانی بچووک و بەرتەسکی لەو شێوەیە ناتوانن کێشەى کورد چارەسەر بکەن. لەبەر ئەوەش کاتێک ئێمە سەیر دەکەین یەکێک هەڵدەستێت، عەشیرەتێک، ئاینێک، ئایینزایەک، بەشێک، یان تەنها حیزبەکەى خۆی بۆ خۆی دەکاتە بنەما. بەو شێوەیەیە، کە ساڵەهای ساڵە بە تێڕامان و بیری لەو شێوەیە بەڕێوەبراون و هیچ ئەنجامێکیشیان بەدەست نەهێناوە.  یەکەمین جار بیرو رامانی رێبەر ئاپۆ ئەو بەرتەسکبوونەوەیەی ئێستای کوردستانی نەهێشت و لەبەر ئەوەش هەرچەند ئەو بچووکبوون و بەرتەسکبوونەوەى تێکشکاند بەو ئەندازەیەش یەکێتیی کوردان پێشکەوت. لەسەر ئەو بنەمایە تێکۆشان، ناسنامە و رێزی کورد لە جیهاندا پێشکەوت. ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە، کە مرۆڤ تەنها بە بیرکردنەوەى بەرفراوان و نزیکبوونەوەى بەرفرە دەتوانێت ئەنجام بەدەست بهێنێت. ئێستا هەندێک کەس دەڵێن، باشوور هی ئێمەیە، یانی هی هەموو کوردان نییە. تەنانەت دەڵێن، فڵان ناوچە هی منە و ناهێڵن یەکێکیتر لەوێ کار بکات. نەک کورد، بەڵکو داگیرکەر سوود لەوە وەردەگرێت. دەبێت کوردستان بۆ هەموان کراوە بێت و هەموو کەسێک بتوانێت ئازادانە کاری سیاسی بکات، خۆی بە رێکخستن بکات و تێبکۆشێت. خۆی کێ باش تێبکۆشێت گەل لەگەڵ ئەو دەبێت و هاوکاریی دەکات. پێویست بەوە ناکات مرۆڤ شوێنێک بۆ خۆی دەستنیشان بکات و دەسەڵاتی خۆی لەوێ بچەسپێنێت و شوێنکە لە هەموو کەس قەدەغە بکات و گەلیش ناچار بکات هاوکاری و یارمەتیی بدەن. ئەوە هیچ سوودێکى نییە، لە دونیادا کێ وایکردبێت لە دوایدا دۆڕاوە. دەبێت کورد لە مێژووی خۆی و جیهان وانە فێر بێت و باش خۆی لەسەری پەروەردە بکات تاوەکو ئەو قەیرانانە نەمێنن. رێبەر ئاپۆ بۆ ئەو دۆخە دەڵێت 'پێویستە کورد لە ناوخۆیاندا هاوپەیمانییەکى دیموکراتیک دروست بکەن. هەروەها دەبێت کورد لە ناو خۆیاندا و گەلانی تورک، فارس، عەرەب و گەلانی تر هاوپەیمانی پێشبخات. کاتێک لەسەر بنەمای ئازادی و دیموکراسی ئەو هاوپەیمانیانە پێشبخرێن ئەوا لەو کاتەدا دەکرێت ئەنجام بەدەست بێت. بەشێوازێکى تر ناتوانرێت ئەنجام بەدەست بخرێت'. لە بنەڕەتدا رێبەر ئاپۆ ئەو بیر و رامانە بچووک، بەرتەسک و هەرزانانەى رەخنە کردووە و لە بەرامبەردا پێشنیازی پێشکەشکردووە. دەڵێت، پێویستە ئێمە نەتەوەى دیموکراتیک بۆ خۆمان بکەینە بناغە. برایەتی بکەینە بناغە، دەبێت زۆرێک بیر و فیکر هەبن، دەبێت مرۆڤ ئەوانە رەتنەکاتەوە و قەدەغەیان نەکات. دەبێت مرۆڤ لەگەڵ زۆرێک لە گەلان، رێکخراو و رێکخستنەکاندا هاوپەیمانی خۆی پێشبخات تاوەکو بتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات.

وەک ئێوە باستانکرد شەڕی جیهانیی سێیەم ناوەندەکەى رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و کوردستانیش لەوێدایە، ئێستا ئەو ستراتیژیانەى کە هەن بە بنبەست گەیشتوون، هەندێک دەیانەوێت سەرلەنوێ پلان بۆ ستراتیژییەکەیان دابنێن و هەروەها دەبینن، کە هێڵی سێیەمی سیاسەت چارەسەری پێشدەخات، کە ئەویش بزووتنەوەى ئازادیی گەلی کوردستانە. ئێستا لە گۆڕەپانەکەدا دۆخی ئەو ستراتیژی و هێزانە چییە و ئێوە چۆن شرۆڤەى دەکەن؟

ئێستا ئەمریکا و روسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن. دەبێت کە چەند دەوڵەتێکى ئەوروپیش هەبن، بەڵام ئەوەى بەشێوەى سەرەکی لە رۆژهەڵات ناوەڕاست سیاسەت بەڕێوەدەبات ئەمریکا و رووسیان. ئەوانیش بە تەواوی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی خۆیان دەجوڵێنەوە و لەو چوارچێوەیەدا سیاسەت دەکەن. لە پاڵ ئەواندا دەوڵەتەکانى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. ئەمانەش بۆ ئەوەى بتوانن دەسەڵاتەکەى خۆیان بەڕێوەببەن هەوڵ دەدەن و هەزار شت دەکەن، بەڵام دیموکراتیکبوون و بەشداریپێکردنی گەل بۆ خۆیان بە بنەما ناگرن. دابەشکردنی دەرفەت و تواناکانى ئێستا لەگەڵ گەل بۆ خۆیان ناکەنە بنەما. تەنها ئەوە بە بنەما دەگرن، کە دەسەڵاتەکەى خۆیان چۆن بپارێزن و بەڕێوەی ببەن. بۆ ئەوەش زوڵمێکى زۆر گەورە لە گەلان دەکەن.  هەم ئەوانەى لە دەرەوە دەستێوەردان دەکەن و هەم ئەوانەى لە رۆژهەڵات ناوەڕاست دەسەڵاتدارن، هەموویان تەنها بەرژەوەندیی خۆیان کردووتە بنەما. ئەگەر لایەنێک بەرژەوەندیی خۆی بکاتە بنەما، ئەوا بەردەوام کێشەى سیاسی، کۆمەڵاەیتی و ئابووری دروست دەکات. ئەگەر ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەو هەموو کێشە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سەربازییانە بە گۆڕێدان، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، چونکە بە تەواوی بەرژەوەندیی خۆیان کردووەتە بنەما. ئەوانەى ئەو کێشانە دروست دەکەن ناتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن، چونکە لە ئامانجیاندا چارەسەرکردنی کێشەکان بوونی نییە، چوکە کێشەیان دروستکردووە و لەسەر ئەو کێشانە بەرژەوەندیی خۆیان بەڕێوەبردووە. ئەوەى بیر لە گەلانی ناوچەکە و برایەتی دەکاتەوە دەیەوێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دیموکراسی و ئازادی پێشبخات و کێشە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سەربازییەکان چارەسەر بکات و ئاشتی بەدی بهێنێت تەنیا رێبەر ئاپۆیە. رێبەر ئاپۆ بۆ گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی پارادیگمایەکى پێشخستووە. فیکر و بیری دیموکراتیک، نەتەوەی دیموکراتیک و سیستمەکەى پێشخستووە و داویەتییە دەستی گەلان. ئێستا گەلانی هەرێمەکە لەبەر ئەوە رێبەر ئاپۆیان قبوڵکردووە. ئەوە هۆکارەکەى چییە، هۆکارەکەی ئەوەیە، کە دەبینن چارەسەری لەلای رێبەر ئاپۆیە.  بیر و رامان، پلان، ستراتیژی و داوای هەیە. نە دەوڵەتەکانى ناوچەکە و نە ئەوانەشی لە دەرەوە دەستێوەردان دەکەن، پلان و ستراتیژییان بۆ چارەسەری نییە. ئەوان تەنها بیر لە بەرژەوەندیی خۆیان دەکەنەوە، بەڵا رێبەر ئاپۆ لە بیری گەلدایە، ئەو هۆشیاری بە گەلان دەدات، کە چۆن بتوانن برایەتی پێشبخەن و پێکەوە بژین، چۆن بتوانن خۆیان لە زوڵم رزگار بکەن و ئازادی و دیموکراسی بچەسپێنن. لەبەر ئەوەیە کە گەل لە دەوری رێبەر ئاپۆ کۆ دەبنەوە و ئەو بە رێبەری رێبەرایەتیی خۆیان دەزانن. کورد ئەو رێبەری نەتەوەیی خۆیان دەزانن، گەلانی هەرێمەکەش بە رێبەری خۆیانی دەزانن. ئەوە بە تێکۆشانی رێبەر ئاپۆ بەدیهاتووە و بەدی دێت. هیچ کەسێک ئەوەى دروستنەکردووە و ئەوە راستیەکەیە. لە ناوچەى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها بە پارادیگمامی رێبەر ئاپۆ دەتوانرێت کێشەکان چارەسەر بکرێن. جگە لەوە بە شتی تر چارەسەر نابن. هەر خۆی لە خۆیدا هیچ هێزێکى تر بەرنامە، پرۆگرام و ستراتیژیایەکى بەو شێوەیەشی بۆ چارەسەری نییە.

ئێوە ماوەیەک لەوە پێش چەند جارێک شیکاریتان کرد و دۆخی نێوان ئەمریکا و رووسیا و ئەمریکا و ئێران بەردەوامیی هەیە، دەوڵەتى تورکیش هەندێک باج بە بەشێک و هەندێک باجی تر بە بەشێکی تر دەدات و سازیشان لەگەڵ دەکات، بەڵام لە بنەڕەتدا ئامانجی سەرەکیی قڕکردن و سڕینەوە و کوشتاری گەلی کوردە. لەو دۆخەش هێزە وەردەگرێت و بەرژەوەندیی خۆی بەپێی ئەوە بەڕێوەدەبات. ئێوە چۆن شیکاری بۆ ئەو دۆخە دەکەن؟

ئەوە تەنها ئێستا نییە کە دەوڵەتى تورک ئەو سیاسەتە بەڕێوەدەبات، پێشتریش ئەو سیاسەتەى بەڕێوەبردوووە و ئێستاش ئەو سیاسەتە بەڕێوەدەبات. سوود لە ناکۆکیی دەوڵەتەکان وەردەگرێت و لەسەر ئەوە سیاسەت پێشدەخات. نە بۆ گەلی تورکیا و نە بۆ گەلانی تریش هەرگیز سیاسەتی نەکردووە، بەڵکو سیاسەتی بۆ دەوڵەت کردووە. دەوڵەتیش دەوڵەت نەتەوەیە، فاشیست و قڕکەرە، چونکە تەنها دەیەوێت یەک نەتەوە، یەک ئایین و وڵاتێک دروست بکات. هەموو رۆژێک باسی ئەوە دەکات. هەموو نەتەوە و ئایینەکانى تر دەسڕێتەوە و لە ناویان دەبات. ئەوە سیاسەتی ئەوانە. لەبەر ئەوەش ناکۆکیی ئێستای نێوان دەوڵەتەکان بۆ خۆی دەکاتە سیاسەت و دەیەوێت لەسەر ئەوە نەتەوە دەوڵەتی خۆی دروست بکات، بۆیە قڕکردن و سڕینەوە و کوشتاری کردووەتە بنەمای کارەکانی. هەموو گەلانی ئەرمەن، ئاسووری، سوریانی، چەرکەز، عەلەوی، ئێزیدی و کوردیشی کوشتار و کۆمەڵکوژکردووە. ئەو کۆمەڵکوژی و کوشتارانە لەسەر ئەو سیاسەتە دروستبوون. ئێستا ئەو سیاسەتە لە رۆژئاوا بەڕێوەدەبات. لە نێوان ئەمریکا و رووسیادا ناکۆکی هەیە، سوود لەو ناکۆکییانە وەردەگرێت و دەچێتە سوریا و رۆژئاوا و وڵاتی کوردان و عەرەبەکان داگیرکەر دەکات. دەیەوێت کوردان لەوێ دەربکات، دیمۆگرافیای ئەوێ بگۆڕێت، واتە لە تورکیا چیی کردووە دەوێت لەوێش هەمان سیاسەت دووبارە بکاتەوە. ئەوە بە بەرچاوی هەموانەوە ئەنجام دەدات. دەوڵەتی تورک لەبەر ئەوەى ئەو سیاسەتە بەڕێوەدەبات، سیاسەتێکى بێ ئەخەلاقی و قێزەون بەڕێوەدەبات. لەوەدا تەنها دەوڵەتی تورک بەرپرسیار نییە، ئەوانەى تورکیا بە لاواز دەزانن و دەیانەوێت بۆ بەرژەوەندیی خۆیان زۆر شت لە تورکیا بەدەست بهێنن، چاوپۆشی لە تورکیا دەکەن و تەنانەت هەندێک دەرفەتى بۆ دەڕەخسێنن، بۆیە تورکیا ئەو سیاسەتە بەڕێوەدەبات.  لەبەر ئەوەش ئەو دەوڵەتانەى هاوکاریی تورکیا دەکەن لەو سیاسەتە پیس و قێزەونە قڕکەر و پاکتاوکارە بەرپرسیارن. تەنها تورکیا بە بەرپرسیار زانین راست نییە. ئەگەر ئەو دەوڵەتانە ئەو سیاسەتە بەڕێوەنەبەن و یارمەتیی تورکیا نەدەن، تورکیا ناتوانێت سوود لەوە وەربگرێت و ئەو کوشتار و کۆمەڵکوژی و سڕینەوانە ئەنجام بدات. ئەوە راستییەکەیە. ئێستا گەلەکەمان لە دژی ئەو سیاسەتە وەستاوەتەوە. گەلانی تریش کە لەو راستییە تێگەیشتوون لە دژی ئەو سیاسەتە دەوەستنەوە. گرنگ ئەوەیە کورد و هێزە دیموکراتیکەکان لە راستیی ئەو دەوڵەتانە باش تێبگەن، کە ئەو دەوڵەتە لە ناکۆکیی دەوڵەتەکانى تر سوورد وەردەگرێت و گەلان کۆمەڵکوژ دەکات و دەیانسڕێتەوە. دەبێت لەوە باش تێبگەن و ئەگەر لێی تێبگەن دەتوانن لە دژی بوەستنەوە، چونکە ئەگەر بەوشێوەیە نەبێت ناتوانن لە دژی بوەستنەوە. ناتوانن بوەستنەوە، چونکە باش لێی تێنەگەیشتوون، بۆیە ناتوانن بەرەنگاری ببنەوە، ئەوە راستیەکەیە.

ئێستا ئێوە باسی هێزە نێونەتەوەییەکانتان کرد، کە پشتیوانی لە هێزە نێودەوڵەتەتییەکان دەکەن و یارمەتیی دەوڵەت دەدەن. دادپەروەری و مافی مرۆڤ بۆ گروپێکی بچوک دەهێننە زمان، بەڵام چەک و پارە دەدەنە هێزە دیپلۆماسییەکان، ئەوە دەتوانێت ئەنجام بەدەست بهێنێت، مێژووی مرۆڤایەتی مێژووی شۆڕش و گەلانی هەیە؟

دەبێت ئەو دەوڵەتانە چەکی گەورەیان هەبێت، پارەیان هەبێت، هێز و تەکنەلۆژیای سەربازییان هەیە و بەکاری دەهێنن. هەروەها شەڕی تایبەت و دەروونی بەڕێوەدەبەن تاوەکو گەلانی پێ فریوبدەن و لە دژیان نەوەستنەوە و گەل بۆ خۆی تێکۆشان نەکات، بەڵام ئەوە سوودی نییە. نە پارە، نە چەک، نە تەکنەلۆژیا ناتوانێت رێگری لە ئازادیی گەلان بگرێت. ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئێمە ئەوە دەبینین، کە گەورەترین دەوڵەت بە هەموو تەکنیک و تەکنەلۆژیای خۆییەوە، بە چەک، هێز و پارەی خۆیەوە بە هەموو هێزیانەوە کەوتونەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، بەڵام هەرچی دەکەن ناتوانن ئەنجام بەدەست بهێنن. تاوەکو دێت گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باشتر هۆشیار دەبنەوە و بە هێزی زیاترەوە بۆ ئازادی و دیموکراسی تێدەکۆشن و پێشیدەخەن و زیاتر لەوەش تێکۆشانی گەورەتریش پێشدەخەن. ئەوان ناتوانن رێ لەوە بگرن.

ژ.ت