'بۆردۆمانی پەنابەران لەلایەن تورکیاوە، دوژمنایەتی ئەردۆغان دژی گەلی کورد پیشان دەدات'

کۆمسیۆنی ژنانی کەنەکە ڕایگەیاند، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک پێشێلکردنێکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتیەکان و سەروەری خاکی عێراق وهەرێمی کوردستانە و دژی دەستکەوتەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە.

کۆمسیۆنی ژنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لەبارەی هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر قەندیل، شەنگال و مەخموور ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، " پاوەنخوازی ئەردۆگان و رەفتارەکانی تورکیا بۆتە هۆی بارگرژی و مەترسی بەردەوام لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نەک هەر باشور و رۆژئاوای کوردستان، بەڵکومەترسییە بۆ سەر رۆژهەڵاتی ناوین."

ڕاگەیەنراوەکە بەم شێوەیەیە:

"بۆ جارێکی دی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا لە شەوی ١٤ لەسەر ١٥ حوزەیرانی ٢٠٢٠ بە بیانوی بونی بارەگای پارتی کرێکارانی کوردستان پ ک ک لە باشوری کوردستان، بۆردومانی شەنگاڵ، کامپی مەخمور، باڵاکایەتی، گۆڕەپانەکانی سیدا، شەهید ڕۆستەمی زاپ، ناوچەی وەرتێ خاڵێی هەرێمی ئاڤاشین، ناوچەی سنینێی هەرێمی خواکورک، گۆڕەپانی شەهیدان و سەرگەلێی هەرێمی قەندیلیان کرد. لەکاتێکدا کامپی مخمور کە خەڵکی مەدەنی تێدایە و بەهۆی زوڵمی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە هەڵهاتوون و   لە م کەمپەکەدا لەسایەی  نەتەوە یەکگرتوەکان و حکومەتی عێراقدا نیشتجێبوون.

هەرچەندە هەموو هێرشەکانی ئەردۆگان پرە لە رق و کینە، بەڵام هێرشی ئەمجارە  بۆهەموان ئاشکرایە کە بزانن، ئەردۆگان و ئەکەپە چ  بوغز و قینێکی قوڵیان هەیە بەرامبەر کورد  وەکو نەتەوە. چەند جارێک ئەردۆغان بە ئاشکرا ئاماژەی بەوە کردوە کە کورد لەهەر شوێنێک قەوارەی هەبێت ئێمە دژین  و بەئاشکراش دژایەتی خۆی بۆ قەوارەی باشوری کوردستان نەشاردۆتەوەو، ئەگەر ئەو پاڵپشتیە عێراقی و جیهانیە نەبوایە لە دەسەڵاتدارێتی هەرێم، ئێستا هاوشێوەی هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان ، قەوارەی هەرێمی کوردستانی دەڕوخاند.

ئەم هێرش و پەلامارانە پێشێلکردنێکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتیەکان و سەروەری خاکی عێراق وهەرێمی کوردستانە، بوونی چەندین بنکەی سەربازی تورکیش لە خاکی هەرێم، پێشێلکارییەکی ترە و دژی دەستکەوتەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە.

پاوەنخوازی ئەردۆگان و رەفتارەکانی تورکیا بۆتە هۆی بارگرژی و مەترسی بەردەوام لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نەک هەر باشور و رۆژئاوای کوردستان، بەڵکومەترسییە بۆ سەر رۆژهەڵاتی ناوین.

داواکارین لە، حکومەتی عێراق و بەتایبەت سەرۆکی کۆمارو وەزارەتی دەرەوە، هەر سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێمی کوردستان:

- ھەڵوێستی جدیان ھەبێت و بەڕاشکاوی هەرێم و حکومەتی بەغدا ئەو هێرشە مەحکوم بکەن .

- حکومەتی هەرێم پاڵپشتی حکومەتی عیراق بکەن، داوای یاسایی لەرێگای نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەنجومەنی ئاسایش، لەسەر دەوڵەتی تورکیا تۆماربکەن بەوپێیەی سەروەریی عێراقی پێشێل کردوە و ئاشتی و ئارامی هەرێمایەتی خستۆتە مەترسییەوە.

- حکومەتی هەریم و عیراق داوای دەستبەجی کشانەوەی بنکە سەربازییەکانی تورکیا، لەبەعشیقە و بنکە سەربازییەکانی لەهەرێم بکشێنێتەوە.

- عێراق بەفەرمی لەڕێگای دەزگا نێو دەوڵەتیەکانەوە داوای قەرەبووکردنەوە بکات لە تورکیا کە زەرەر و زیانی گیانی و ماددی لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق داوە.

- نەتەوەيەكگرتوەكان ئەرکی خۆی بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان، سەبارەت بە پاراستنی پەنابەرانی کامپی مەخمور بگرێتە ئەستۆ."

ف.ق