تاڵانکاریی قەیومەکان لە مێردین ئیدانە کرا
لە شاری مێردینی باکوری کوردستان، تاڵانکاریی قەیومەکانی رژێمی ئاکەپە-مەهەپە بە ئەنجامدانی چالاکیەک ئیدانە کرا.
لە شاری مێردینی باکوری کوردستان، تاڵانکاریی قەیومەکانی رژێمی ئاکەپە-مەهەپە بە ئەنجامدانی چالاکیەک ئیدانە کرا.
ساڵێک بەسەر دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکانی ئامەد، وان و مێردیندا تێپەڕی. بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر تاڵانکاریی قەیومەکان، بە دروشمی "هەموومان بە یەکەوە خاوەنداری لە ئیرادەی خۆمان دەکەین" لە مێردین چالاکیەک بەڕێوە چوو.
هەر یەک لە سالیحا ئایدەنیز هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە و نیمەتواللە ئەردۆغموش، ئەبور گونای، مەرال دانش بەشتاش، پەرو دوندار، ئیمان تاشچی ئەر، هشیار ئوزسوی و عومەر فارۆق گەرگەری ئۆغلو پەرلەمانتارانی هەدەپە و ئایهان بیلگەن هاوسەرۆکی شارەوانی قەرس بەشداریان لەو چالاکیەدا کرد.
بیلگەن:رێگای رزگاری جێگیرکردنی دیمۆکراسیی خۆجێیە
ئایهان بیلگەن هاوسەرۆکی شارەوانی قەرس سەرەتا قسەی کرد و تیشکی خستە سەر دەستبەسەرداگرتنی ٤٨ شارەوانی و دەستگیرکردنی ١٧ لە هاوپۆست و هاوڕێیانی و وتی:"دیمۆکراسی خۆجێی رزگاربوونی مرۆڤایەتیە، دژایەتیکردنی بەڕێوەبەرایەتی خۆجێی دیمۆکراسی، دەسەڵاتخوازیە. دەسەلاتخوازیش پشتگوێخستنی ئیرادەی گەلە."
بەشتاش: ئیرادەی میلیۆنان کەس دەستبەسەر کراوە
مەرال دانش بەشتاش سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپەش لە وتەیەکدا رایگەیاند، رژێمی قەیوم تێکچووە و وتیشی:"لەو شارەوانیانەی قەیومیان تێدا جێگیر کردووە، ئیرادەی ٤ میلیۆن هەڵبژێر و مرۆڤ دەستەسەر کراوە."
بەشتاش راشیگەیاند، قەیوم میکانیزمی تاوانێکی تایبەتە و وتی:"کاتێک بابەتەکە دەبێتە دەستبەسەرداگرتنی مافی دیمۆکراتیکی گەلی کورد، چیان لەدەست بێت، دەیکەین."
بەشتاش لە بەردەوامی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر رووداوی دەستدرێژیکردنە سەر ژنێکی گەنجی خەڵکی ئێلح لە لایەن سەربازێکی فاشیستی تورکەوە بە ناوی موسا ئۆرهان و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو ژنە بە هۆی ئەو رووداوەوە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بەشتاش وتی، موسا ئۆرهان دەستگیر نەکرا، ئەویش بە هۆی ئەوەی جلی سەربازی لەبەردایە و وتی:"دەبێت سزا بدرێت، تا ئەو رۆژەی ئەو تەجاوزکارە دەستگیر نەکرێت و سزا نەدرێت، واز لەو کەیسە ناهێنین."
بەشتاش لە کۆتایی قسەکانیشیدا رایگەیاند، ئەگەر ئەوان خاوەنی مۆدێلی قەیوم بن، ئێمەش خاوەنی مۆدێلی دیمۆکراسین، جەختیشی کردەوە کە خۆڕاگریان بەردەوام دەبیت.
ز.ش