سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێزێکی ئاسایشی سلێمانی بارەگای سەرەکیی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستانیان لە شاری سلێمانی گەمارۆدا و هەوڵی داخستنی بارەگاکەیان دا، بەڵام دوای بێ ئەنجامبوونی هەوڵەکانیان، بارەگاکەیان جێهێشت و مۆڵەتی ٢٤ کاتژمێریان بە بەڕێوبەرانی تەڤگەری ئازادیی داوە، بۆ ئەوەی بارەگاکە دابخەن.
لەوبارەیەوە، محەمەد عەبدوڵا هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ ئازانسی هەواڵی ڕۆژنیوزی وتی: هێزەکانی ئاسایش مۆڵەتی ٢٤ کاتژمێریان بە ئێمە داوە، بۆ ئەوەی بارەگاکەمان دابخەین، ئێمە بە هێزەکەی ئاسایشمان وتووە، لەناو بارەگای خۆمان دەمێنینەوە با ئەوان بێن دەرگاکەشمان لەسەردابخەن، ئەو بارەگایە بۆ ئێمە ببێت بە زیندان، ئێمە بارەگای خۆمان نادەین بەدەستەوە، ئەگەر بەزۆریش ئێمەیان کردە دەرەوە، ڕێگای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دیموکراسییانە دەگرینە بەر.
دەربارەی هەوڵەکانیشیان بۆ دانەخستنی بارەگاکەیان، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی ئەوەی خستەڕوو: لەڕووی یاساییەوە ڕێکارە پێویستەکان دەگرینە بەر، وە لەگەڵ بەرپرسانی ئەم سنوورەشدا لە هەوڵە دیبلۆماسییەکانمان بەردەوامین بۆ ئەوەی ئەو هەوڵە ڕابگرین.
ئەمە لەکاتێکدایە، ڕۆژی ٢٥ی تەشرینی دوویەم حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، بڕیارێکی بڵاوکردبووەوە، کە بەپێی بڕیارەکە دەبێت و ئەو حزب و ڕێکخراوە سیاسییانەی مۆڵەتیی فەرمییان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەرنەگرتووە، دەبێت بارەگاکانیان دابخەن و ڕێگا بە چالاکییەکان نادرێت.
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە ساڵی٢٠١٤ وە دامەزراوە و لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئێستا بەبیانووی نەبوونی مۆڵەت وهەبوونی بیروڕای جیاوازەوە لە دەسەڵات، چەندین ئەندامیان دەستگیرکراون و ئاستەنگیی بۆ کار و چالاکییەکانیان دروستکراوە، بەڵام لە ٤/١٢/٢٠١٧ بە فەرمی وەک پارتێکی سیاسی لە تەواوی عێراقدا دانی پێدانراوە و مۆڵەتی فەرمی وەرگرتووە.