تەڤگەری ئازادی داوای ئازادکردنی زیندانیانی دهۆک دەکات

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان داوای ئازادکردنی تەواوی زیدانیانی دهۆک دەکات و دەشڵێت: حکومەتی ھەرێمی کوردستان فەشەلی ئیداری و سیاسی و حوکمڕانی ھێناوە و نایەوێت دانی پێدا بنێت و بە خۆداچونەوەیەک بکات.

ئەمڕۆ تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان دەڵێت: پارێزگاری دھۆک بۆ ئەوەی بڵێت ھاوڵاتیان ناڕازی نین و ئەمە ھێزە سیاسییەکانن دەستێوەردان دەکەن، وەک بەرپرسێکی سەربازیی حزبی پەنجەی تۆمەت بۆ تەڤگەری ئازادیی ڕادەکێشێت.

تەڤگەری ئازادی، دەشڵێت، کە داکۆکییکردن لە مامۆستایان و تەواوی گەلی کورد بە ئەرکی لە پێشینەی خۆیان دەزانن و ھیچ کەسێکیش مافی نییە بە ناڕەزاییەکانی بادینان بڵێت ئاژاوەگێڕی.

هەروەها داوا دەکات ھەرچی زووە زیندانیان ئازاد بکرێن و چیتر داوا کردنی قوتی ژیان نەبێتە ھۆی سزادان، بە پێویستیشی دەزانێت دەسەڵاتی ئەم ھەرێمە لە بری تۆمەت و سزادان، بیر لە چارەسەریی بکاتەوە.

تەڤگەری ئازادی دوپاتیشیدەکاتەوە کە لە دوای ٢٠٠٣ دەرفەتێکی زێڕین بۆ گەلی کورد لە باشور هاتە پێش، بەڵام دەسەڵاتی ئەم ھەرێمە بە پێچەوانەوە لە بەرژەوەندی ھاوڵاتیان کاری نەکرد و دواجار بە دەستێوەردان و هەماهەنگی وڵاتانی دەرەکی ھەرێمێکی بێ سیستم و ھاوڵاتییەکی بێ ھیوا هاتە کایەوە، ئەمڕۆش لە ئەنجامی نەبوونی سیاسەتێکی سەرکەوتوو، ھاوڵاتیانی ئەم ھەرێمە باجی سیاسەتی ناحەکیمانەی دەسەڵات دەدەن.

هێما بۆ ئەوەشدەکات، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، زۆرترین باجی داوە لە خزمەتکردنی کۆمەڵگەدا و تاکە ھێزی ئۆپۆزسیۆنە، کە ڕێگریی لە چالاکیی و تەنانەت ھەبوونی بارەگاکانی دەکرێت.

ز.ش