حزبی شیوعی کوردستان بە بۆنەی ١٥ی تەباخەوە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی کەجەکە کرد

حزبی شیوعی کوردستان ڕایگەیاند، خەباتی کەجەکە بە ڕەوا دەزانن لەپێناو بەدیهێنانی مافی ڕەوای گەلی کورددا و ئاماژەی بەوەکرد کە پێویستە کێشە و گرفتەکان لە باکووری کوردستان بە ئاشتی و دیالۆگ چارەسەر بکرێن.

حزبی شیوعی کوردستان بە بۆنەی ١٥ی تەباخ هەنگاوی ژیانەوە –وە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) کرد و تەئکیدی لەسەر پتەوکردنی پەیوەندی دووقۆڵی کردەوە.

پەیامی حزبی شیوعی کوردستان بەم شێوەیەیە:

"بەبۆنەی ١٥ی ئابەوە، بە ناوی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی حزبی شیوعی کوردستان، پیرۆزبایی گەرمتان لێدەکەین و هیوای سەرکەوتن و سەرفرازیتان بۆ دەخوازین.

بەڕێزان... لە کاتێکدا کە ئەم یادە دەکەنەوە، ناوچەکە و جیهان بە بارودۆخێکی هەستیار و مەترسیداردا دەڕوات، بۆردومانکردنی ناوچە سنوریەکان لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە کە خەڵکی سڤیل دەبنە قورانی، کە ناچار دەکرێن گوند و ناوچەکانیان بەجێبهێڵن ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی خراپی کردۆتە سەر بژێوی ژیانیان و لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژین.

ئێمە لە حزبی شیوعی کوردستان، خەباتی ئێوە بە خەباتێکی ڕەوا دەزانین، لە پێناو بەدیهێنانی مافی ڕەوای گەلەکەماندا.

پێمان وایە کە دەبێت کێشە و گرفتەکان لە باکووری لە رێگای ئاشتی و دیالۆگەوە لە چوارچێوەی پرۆسەی دیموکراتیکدا چارەسەر بکرێن.

بەم بۆنەیەوە جارێکتر جەخت لەسەر پەیوەندی دووقۆڵی هەردوولامان دەکەینەوە.

دووبارە پیرۆزباییتان لێدەکەین."

ف.ق