حکوومەتی ھەرێم: ئەگەر بەغدا پارە بنێرێت، به‌ سیسته‌می پاشەکەوتی مووچه‌دا ده‌چینه‌وه‌

پاشنیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ، ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەربارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگه‌یاند: ئەگەر بەغدا بڕه‌پاره‌ی پێویست بنێرێت، دەستکاری سیستمی پاشەکەوتی مووچە دەکەین.

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ خۆپیشاندانی فه‌رمانبه‌ران زۆرینه‌ی ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی گرته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی كۆتاییهێنان به‌ سیسته‌می پاشه‌كه‌وتی مووچه‌، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌. 

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌: ئەگەر بەغدا مانگانە بەردەوام بێت لەسەر ناردنی ئەو بڕە پارەیە کە ٣١٧ ملیار و ٥٤٠ ملیۆن و ٤٦٥ ھەزار دینارە و بڕە پارەیەکی کەمە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ داھاتی نەوت و داھاتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، دەستکاری پاشەکەوتی مووچە دەکات بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستاندا بێت.

ئه‌م ڕاگه‌یه‌نراوه‌ له‌ دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان هات كه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانی سه‌رانسه‌ری مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان.

ئەمڕۆ لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان به‌ شاری هه‌ولێر و دهۆكیشه‌وه‌، خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی دژی سیستەمی پاشەکەوتی زۆرە ملێی مووچە بەڕێوەچوو. لە خۆپیشاندانەکاندا، دەزگەئەمنییه‌کانی ھەولێر و دھۆک ھێزیان به‌كارهێنا بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران. به‌و هۆیه‌وه‌ جگه‌ له‌ ده‌ستبه‌سه‌ركردنی چه‌ندین خۆپیشانده‌ر، چه‌ند خۆپیشانده‌رێك بریندار بوون و ده‌ستیش به‌سه‌ر كه‌لوپه‌لی ڕۆژنامه‌وانی به‌شێك له‌ كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندندا گیرا كه‌ ڕووماڵی خۆپیشاندانه‌كانیان ده‌كرد.

s.m