خۆپیشاندان وناڕەزایەتی موچە خۆرانی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە
خۆپیشاندان وناڕەزایی موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بەردەوامەو هەتاکو دەڕوات ناڕەزاییەکان، فراوانتر دەبێت.
خۆپیشاندان وناڕەزایی موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بەردەوامەو هەتاکو دەڕوات ناڕەزاییەکان، فراوانتر دەبێت.
ماوەی ھەفتەیەکە نەخۆشخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەڕوی ھاووڵاتیاندا داخراون وئەمەش لە کاتێکدایە بەھۆی بایکۆتی ھۆڵەکانی خوێندنەوە پرۆسەی خوێندن لە ھەردوو پارێزگای ھەڵەبجەو سلێمانیدا ڕاگیراوە.
ماوەی ھەفتەیەکە نەخوشخانەکان بەڕوی ھاو وەڵاتیاندا داخراوە
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە٢٤ئادار/٤ی خاکەلێوە، فەرمانبەرانی تەندروستی لە شاری سلێمانی لەبەردەم بینای نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شارەکەدا کۆبونەوە.
فەرمانبەران ڕایانگەیاند: تا حکومەتی ھەرێم سیستەمی زۆرە ملێی پاشەکەوت ھەڵنەوەشێنێتەوە بەردەوام دەبین لە بایکۆتکردن و ناچینەوە سەر شوێنی کارەکانمان.
خۆپیشاندانەکانی فەرمانبەرانی تەندروستی لە کاتێکدایە، زۆرینەی نەخۆشخانەو بنکە تەندروستیەکان لەلایەن فەرمانبەرانەوە داخراون وکاریان تێدا ناکرێت.
ئەمڕۆش لە شاری ھەولێر، بەناوی پزیشکانی ئەو شارەوە یاداشتێکی ناڕەزایەتی پێشکەشی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کرا.
پزیشکان لە یاداشتەکەیاندا ڕایانگەیاندووە: پاش بەردەوام بونی قەیرانەکە بۆماوەی چوار ساڵ، حکومەتی عێراق بڕیاریدا موچەی مامۆستایان وتەندروستکاران بەبێ پاشەکەوت بنێرێت. بەڵام حکومەتی ھەرێمی دەوڵەمەند بە نەوت بەردەوامە لەسەر سیستەمی زۆرە ملێی پاشەکەوتی موچە.
پزیشکانی ھەولێر ئەوشیان خستە ڕوو: داوای لیبوردن لە ھاو وەڵاتیانی شارەکەمان دەکەین بەھۆی سەختی باری گوزەرانمانەوە چیتر ناتوانین بەردەوامبین لە کارکردن و تا دابەشکردنی موچە تەواوەکانمان ووەرگرتنەوەی سەرجەم موچەکانی ڕابردومان، لە کەمترین کاتدا سەرجەم خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان ڕادەگرین.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا پزیشکانی ھەولێر ڕایانگەیاند سبەی ٢٥مارس لەبەردەم نەخوشخانەی ھەولێری فریاگوزاری بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیەکانیان، کۆدەبنەوە.
خوێندکاران ناتوانن بڕۆنەوە ھۆڵەکانی خوێندن
بڕیارە سبەی مامۆستایان خۆپیشاندانی بەر فرەوان ئەنجام بدەن وتا وەڵامدانەوەی داواکاریەکانیان وجێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی پێیان دراوە، بەردەوام بن لە بایکۆتکردنی ھۆڵەکانی خوێندن ومانگرتن.
ئەمڕۆش لیستی مامۆستایانی ھاوبەش کە پێکدێت لە مامۆستیانی (سەردەم، یەکگرتو، پێشەنگ، سەربەخۆ) بەیاننامەیەکی دەربارەی خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان بڵاوکردەوە.
مامۆستایانی ھاوبەش لە بەیاننامەکەدا دەڵێن" داوالەسەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەرتاسەری ھەرێم دەکەین، بە ھەمو شێوازێکی مەدەنی بەردەوام بن لە دەربڕینی ناڕەزایەتی تا بەدەستھێنانی مافەکانمان".
داواشیان کردوە دژی ھەڵوێستەکانی ھەردوو حکومەتی ناوەندی عێڕاق وحکومەتی ھەرێم، ڕۆژی ٢٥مارس لەسەرجەم شارو شارۆچکەکان گردبونەوەو خۆپیشاندان ئەنجامبدەن.
سەبارەت بە ناڕەزایەتی و مانگرتنی مامۆستایان، لیژنەی ئامادەکاری دەستەی ناوەندەکانی خوێندن، لە پارێزگای سلێمانی پەیامێکی بڵاو کردوەتەوە تیلیدا دەڵێت" گەر تا ١ی نیسان/٢٠ خاکەلێوە ٢٠١٨، موچەی تەواوی مامۆستایان بێ پاشەکەوت دابەش نەکرێت، ھەڵوێستی توندیان دەبیت و حکومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی وحکومەتی ھەرێم لە پەککەوتنی پرۆسەی خوێندن بەر پرسیارن"
ماوەیەکی درێژە خوێندکارانی پارێزگای سلێمانی وھەڵەبجە، بەھۆی بایکۆتکردنی داوامی مامۆستایانەوە لە پرۆسەی خوێندن بێبەش بون وناتوانن بڕۆنەوە ھۆڵەکانی خوێندن.
ئاسۆی چارەسەری گرفتەکانی موچە خۆران نادیارە
پاش گرتنە بەری ڕێوشوێنێکی دورودرێژی وردبینی کردنی لیستی موچەخۆران، حکومەتی ناوەندی عێڕاق، بڕی (٣١٧) ملیار دیناری ڕەوانەی ھەرێمی کوردستانکرد بەمەبەستی دابەشکردنی موچەی ھەردوو وەزارەتی تەندروستی وپەروەردەی ھەرێم بەبێ پاشەکەوت.بەڵام حکومەتی ھەرێم لەو بڕە پارەیە دەستی کرد بەدابەشکردنی موچەی سەرجەم فەرمانبەران وموچەی ئەو دو وەزارەتەشی بە سیستەمی سەپاوی پاشەکەوت دابەشکرد.
لە ڕۆژی ١٩مارس، بێ ناوبڕ بایکۆت وخۆپیشاندانی فەرمانگە جیاوازەکان وبەتایبەت فەرمانبەرانی کەرتی تەندروستی وپەروەردە، بەردەوامە.
حکومەتی ناوەندی وحکومەتی ھەرێم بەردەوامن لەسەر تۆمەتبار کردنی یەکتر لە بابەتی چارەسەرکردنی قەیرانی موچەداو ئاسۆیەکی ڕون دیار نیە بۆ چارەسەر بونی تەواوەتی گرفتەکانی موچەی فەرمانبەران.
ک-ا
ک-ش