" داعش لە ئایندەدا توانای کۆنترۆڵکردنی شار و شارۆچکەکانى دەبێت"

شوان داودی چاودێرسی سیاسی و رۆژنامەنووس دەڵێت: لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەکدارانی داعش توانیویانە خۆیان رێکخستن بکەنەوە لەناو شارەکاندا.

لە ناوچە جێناکۆکەکان هێرشی تیرۆرستانی داعش بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. پێش رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر هێزەکانی پێشمەرگە بە هاوبەشی ئەو ناوچانەیان بەڕێودەبرد، بەڵام دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و کشانەوەی هێزە کوردیەکان لەو ناوچەیە بۆشایەکی ئەمنی دروست بوو.

لە ئێستادا مەترسییەکی زۆر هەیە ئەو ناوچانە بەهۆی بۆشایی ئەمنییە بکەوێتەوە ژێر کۆنترۆڵی چەتەکانی داعش. لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هێرش و پەلاماری داعش بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، هێرشەکانی داعش لەو ناوچانە تەنها هاووڵاتییان ناکەنە ئامانج بەلکو بەشێوەیەکی بەردەوام هێرش دەکەنە سەر هێزە عێراقییەکان لەو ناوچەیەدا.

داعشەکانی ئەو ناوچەیە، کە وون بوون خۆیان تێکەڵ بە خەڵک کردووە

سەبارەت بە هۆکاری زیادبوونی چالاکییەکانی داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان شوان داودی چاودێری سیاسی و رۆژنامەنووس و ئەندامی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF)ی ڕاگەیاند: ''لە عێراق بەگشتی و لە ناوچە جێناکۆکەکان و ناوچە عەرەبە سونە نشینەکان زەمینەی گونجاو هەیە بۆ گەڕانەوەی داعش بۆ ئەو ناوچانە، لە ناوچە جێناکۆکەکان لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بۆشایەکی ئەمنی دروستبووە، کە ئەمە ریگە خۆشکەرە بۆ چالاکیی داعش لەم ناوچانە، لە قەزای حەویجە لە باشوری کەرکوک نزیکەی ٣ هەزار چەکداری داعش هەبوو کاتێکیش هێزە عێراقییەکان ئەو ناوچەیەیان کۆنترۆڵکردەوە داعش هیچ شەڕێکی نەکرد لە حەویجە و ئەو داعشانەی ئەو ناوچەیە وون بوون و خۆیان تێکەڵ بە خەڵک کرد و چاوەڕوانی دەرفەتێک بوون بۆ خۆریکخستنەوە."

زەمینەی گونجاویان بۆ خۆ رێکخستنەوە هەبووە

هەروەها سەبارەت خۆ رێکخستنەوەی داعش لەناوچەکە، شوان داودی ڕاشگەیاند: "بەپێی زانیارییەکان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا  چەکدارانی داعش توانیوییانە خۆیان بە رێکخستن بکەنەوە لەناو شارەکاندا و توانیویانە جموجوڵ دەستپێبکەنەوە بکەن، چونکە زەمینەی گونجاویان هەبووە."

دوو ئامرازی سەرەکی شەڕی دژی داعش لەدەستدرا

سەبارەت بە کاریگەریی نەرێنیی کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لەو ناوچانەی کە جموجوڵی داعشی تێدایە شوان داودی ڕایگەیاند: "کاتێک هێزەکانی ئەمریکا لەم ناوچەیە کشانەوە هێزە عێراقییەکان دوو ئامرازی سەرەکی شەڕی دژی داعشیان لەدەستدا ئەویش یەکەمیان پاڵپشتی لۆجستی و هەواڵگرییە وە دووەمیش بە کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لەم ناوچەیە هێزە عێراقییەکان پاڵپشتی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیان لەدەستدا، لە ئێستادا هێزەکانی ئەمریکا پاڵپشتی هەواڵگری و پاڵپشتی ئاسمانی هێزەکانی عێراق ناکەن."

 بەریەککەوتنی هاوکێشە و ئەجیندا هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لە عێراق کاریگەریی هەیە لەسەر جموجوڵەکانی داعش

دەربارەی کاریگەریی دەستێوەردان و ئەجیندای ووڵاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لەناو خاکی عێراق لەسەر جموجوڵەکانی داعش، ئەو چاودێرە سیاسییە ووتی: "جموجوڵەکانی داعش پەیوەستە بە هاوکێشە ناوخۆییەکانی عێراق و هاوکێشە هەرێمی و نیودەوڵەتییەکانەوە، چونکە عێراق لە ئێستادا ووڵاتێکە بەریەککەوتنی کۆمەڵێک ئەجیندای جیاوازی تێدایە، بەپێی ئەو بەریەککەوتنە هاوکێشە و ئەجیندا هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان لە عێراق کاریگەریی هەیە لەسەر جموجوڵەکانی ئەو گروپانە."

داعش لەماوەی ئایندە توانای دەبێت شار و شارۆچکەی لابەلا کۆنتڕۆڵ بکات

لە کۆتایدا دەرابارەی تواناکانی داعش و بەهیزبوونی لەماوەی ئایندەدا، شوان داودی ووتی: "پێموایە داعش لەماوەی ئایندەدا توانای دەبێت شار و شارۆچکەی لابەلا کۆنتڕۆڵ بکات، بەڵام کۆنترۆڵکردنی هەر شوێنێک لەلایەن داعشەوە بۆ ماوەیەکی کاتی دەبێت بۆ ئەوەی توانای خۆیان نیشان بدات، لە ئێستادا داعش شاری بەدەست نەماوە، بۆیە ناتوانیت بەشێوەیەکی درێژخایەن هیچ ناوچەیەک کۆنتڕۆڵ بکات و تەنها شەڕی پارتیزانی ئەنجامدەدات."

ژ.ت