بۆ تێگەیشتن لە ڕەنگدانەوەی داگیرکاریی و بۆردومانەکانی سوپای تورک بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان لە ڕاگەیاندنەکانی باشووری کوردستاندا، پێویستە سەرەتا شێوەی ڕوومالکردنی هەواڵەکان و جۆری هەواڵەکان پۆلێنبەندی بکرێت، چونکە هەر یەک لە میدیاکان بە شێوەیەک ڕووماڵی ئەو بابەتەیان کردووە کە لەگەڵ سیاسەتی خۆیان و حزبەکەیان بگونجێت.
دەکرێت ڕووماڵکردنەکان بۆ چوار جۆر ڕووماڵکردن پۆلێنبەندی بکرێن.
جۆری یەکەم: ڕووماڵکردنی ئاسایى، واتە هەواڵی داگیرکارییەکان و بۆردومانەکانی ناوچەکانی باشووری کوردستان وەکو هەواڵێکی ئاسایى و بە شێوەیەکی ساکار بڵاوکراوەتەوە.
جۆری دووەم: ڕووماڵکردنی چڕ، مەبەست تێیدا ئەوەیە کە جگە لە ڕووماڵکردنی هەواڵەکانی سنووربەزاندن و داگیرکاری، ڕووماڵکردنی ئەو هەواڵانەش بکرێت، کە پەیوەندیی بەو چالاکییانەوە هەیە کە لە دژی داگیرکاریی تورک بۆسەر خاکی باشووری کوردستان بەڕێوەچوون.
جۆری سێیەم: دەکرێت ناوی بنرێت ڕووماڵکردنی قوڵ و ئەرکدارانە، ئەویش مەبەست تێیدا ئەوەیە کە ئەو هەواڵانە وەکو ئەرکێکی نیشتیمانی بڵاوکراونەتەوە و هاوکات ڕاپۆرت و لێدوان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان وەرگیراوە لەپێناو ڕوونکردنەوەی مەترسییەکانی داگیرکاریی و جوڵاندنی هەستی نیشتیمانپەروەری دانیشتوانی باشووری کوردستان.
جۆری چوارەم: ڕووماڵکردنی ئەو دەزگا ڕاگەیاندنانەن کە وەکو نوێنەری ڕاگەیاندنی سوپای تورک و دەوڵەتی تورک دەردەکەون و هاوشێوەی ئەوان هەواڵەکان ڕووماڵ دەکەن.
راگەیاندنەکانى پارتی
زۆربەی ڕاگەیاندنەکانی باشوور جگە لە ڕاگەیاندنە زمانحاڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەواڵی ڕۆتینیان بڵاو کردووەتەوە لەبارەی داگیرکاریی و سنووربەزاندنی سوپای تورک، بەڵام لە شێوازی ناوهێناندا بەگوێرەی سیاسەتی ڕاگەیاندنی خۆیان باسیان لەو داگیرکای و سنووربەزاندن و بۆردومانانەى سوپاى تورک کردووە.
دەزگاکانى راگەیاندن و میدیاکانى پارتی، جا چ دەزگای فەرمیی راگەیاندنی ئەو حیزبە بن، یان دەزگاى راگەیاندنى سێبەر، یان ئەو راگەیاندنانە بن، کە لە سیاسەتەکانى پارتییەوە نزیکن و کار بۆ بڵاوکردنەوەى سیاسەت و ئامانجەکانى پارتى دەکەن لە چوارچێوەى خاڵی یەکەم و چوارەمی ئەو پۆلێنبەندییەى سەروەدان و بەشێوەیەکى گشتی رووماڵی زۆر ئاسایى بۆردومان، دەستدرێژی و هێرشەکانى سوپاى تورکی داگیرکەریان بۆ سەر باشووری کوردستان کردووە.
راگەیاندنەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) هەواڵی بۆردومان و هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر خاکى باشووری کوردستان بە دەستدرێژی بۆ سەر خاکی باشوور و داگیرکەری رووماڵ ناکەن. شێوەى بڵاوکردنەوەى هەواڵەکانیان وەک ئەوەیە خاکى وڵاتێکى تر بۆردومانکرابێت و دەستدرێژیى کرابێتە سەر وڵاتێکی تر، کە هیچ پەیوەندییەکی بە هەرێمى کوردستانەوە نەبێت. هەوڵی ئاسایى نیشاندانى بۆردومان و دەستدرێژییەکانى سوپاى تورکی داگیرکەریان داوە و وایان نیشانداوە، کە گوایە هیچ رووینەداوە و ئەو دەستدرێژی و داگیرکەرییانە شتێکى ئاساییە. بە قەبارەیەکى بەرچاویش سوود لە هەواڵ و زانیاریى راگەیاندنى دەوڵەتى تورک وەردەگرن.
راگەیاندنى هێزە ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستان
لە راگەیاندنى هێز و لایەنە ئیسلامییەکانى هەرێمى کوردستاندا جۆری رووماڵکردنى هێرش و بۆردومان و دەستدرێژییەکانى سوپاى تورکی داگیرکەر لە چوارچێوەى خانەى یەکەمی رووماڵکردندان و بەشێوەى زۆر ساکار و ئاسایى باس لەو دەستدرێژی و داگیرکەرییانەی دەوڵەتى تورک بۆ سەر خاکى باشووری کوردستان دەکەن. بەشێک لە هەواڵەکانیشیان تەنانەت هاوشێوەى راگەیاندنەکانى دەوڵەت و سوپاى تورکە و بە ئەمانەتێکى باشەوە سیاسەتى راگەیاندنى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر بۆ سەر باشووری کوردستان بڵاو دەکەنەوە.
راگەیاندنەکانى یەکێتیى
زۆربەى راگەیاندنەکانى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان (یەنەکە) لە چوارچێوەى خاڵی دووەمی ئەم پۆلێنەبەدییەدان و بەشێوەى چڕ و قوڵ و بەرفراوان رووماڵی بۆردومان و دەستدرێژییەکانى سوپاى تورک بۆ سەر خاکى باشووری کوردستان بڵاودەکەنەوە.
هەروەها ژمارەیەک هەواڵی دیکە سەبارەت بە کاریگەریی و چالاکییەکان لە دژی داگیرکاریی و بۆردومانەکانی سوپای تورک بۆ سەر گوندەکانی باشووری کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک راپۆرتى شیکاری لەبارەى چالاکییەکانی دژی بۆردومانەکان و لەبارەى هێرش و دەستدرێژی و بۆردومانەکانى سوپاى تورکی داگیرکەرەوە بڵاودەکەنەوە. هاوکات بە بڵاوکردنەوەى فۆتۆ و گرتەى ڤیدیۆیى هەوڵیانداوە قەبارەى زیانی بۆردومان و دەستدرێژییەکانى سوپاى تورک بۆ سەر خاکى باشووری کوردستان بخەنەڕوو.
راگەیاندنى گۆڕان
راگەیاندنەکانى بزووتنەوەى گۆڕانیش بەشێوەى چڕ رووماڵی بۆردومان و دەستدرێژییەکانى سوپاى تورکی داگیرکەر بۆ سەر خاکى باشووری کوردستان دەکەن. لەبارەى چالاکییەکانى دژ بە داگیرکەری و دەستدرێژییەکانى سوپاى تورکی داگیرکەر هەواڵ و راپۆرتى بەردەوام بڵاودەکەنەوە و بەشێوەى میدیاکانى بزووتنەوەى گۆڕان دەچنە خانەى رووماڵی چڕ و قوڵ و بەرفراوانەوە. هاوکات بە بڵاوکردنەوەى فۆتۆ و گرتەى ڤیدیۆیى هەوڵیانداوە قەبارەى زیانی بۆردومان و دەستدرێژییەکانى سوپاى تورک بۆ سەر خاکى باشووری کوردستان بخەنەڕوو.
راگەیاندنى نەوەى نوێ
راگەیاندنەکانى نەوەى نوێ هاوشێوەى راگەیاندنەکانى یەکێتى و گۆڕان جۆری رووماڵ و راپۆرتەکانیان لەبارەى هێرش و داگیرکەرییەکانى سوپاى تورک بۆ سەر خاکى باشووری کوردستان دەچێتە خانەى رووماڵی چڕ و قوڵەوە. هاوکات بە بڵاوکردنەوەى فۆتۆ و گرتەى ڤیدیۆیى هەوڵیانداوە قەبارەى زیانی بۆردومان و دەستدرێژییەکانى سوپاى تورک بۆ سەر خاکى باشووری کوردستان بخەنەڕوو.
میدیاى ئەهلی
میدیاى ئەهلی لە باشووری کوردستان گەرچی جاروبار هەواڵی ئاسایى لەبارەى بۆردومانەکانەوە بڵاودەکەنەوە، بەڵام زۆربەى میدیاى ئەهلی شێوەى رووماڵ و بڵاوکردنەوەى هەواڵ و راپۆرتیان لەسەر بۆردومانەکانى سوپاى تورکی داگیرکەر بۆ سەر باشووری کوردستان دەچنە خانەى رووماڵی چڕ و بەرفراوان و قوڵەوە. هاوکات بە بڵاوکردنەوەى فۆتۆ و گرتەى ڤیدیۆیى هەوڵیانداوە قەبارەى زیانی بۆردومان و دەستدرێژییەکانى سوپاى تورک بۆ سەر خاکى باشووری کوردستان بخەنەڕوو.
ئاژانسى هەواڵی رۆژنیوز
تاکە ڕاگەیاندنێک کە بە شێوازی جۆری سێیەم ڕووماڵی ئەو بابەتەی کردبێت، (ئاژانسی ڕۆژنیوز)ە کە بنکەکەی لە شاری سلێمانییە. ئاژانسی ڕۆژنیوز وەکو بابەتێکی سەرەکی و گرنگ لەو پرسەی ڕوانیووە و ڕۆژانە چەندین بابەتی جۆراوجۆری لە هەواڵ و بەدواداچوون و چاوپێکەوتن و لێدوان و دیمەنی سەبارەت بەو پرسەوە بڵاو کردوەتەوە.
ر.م