دەمامکی پەدەکە؛ کوردایەتی
پەدەکە بە راستی حیزبی کوردییە؟ کوردایەتی دەمامکی پەدەکەیە یان هەر بە راستی کوردایەتی دەکات؟ لە پاکتاوکردنی کورداندا حیزبێکە شانبەشانی تورکیا دەجوڵێتەوە، ئاخۆ بەوە تا چ رادەیەک دەتوانێت ببێت بە حیزبێکى کوردان؟
پەدەکە بە راستی حیزبی کوردییە؟ کوردایەتی دەمامکی پەدەکەیە یان هەر بە راستی کوردایەتی دەکات؟ لە پاکتاوکردنی کورداندا حیزبێکە شانبەشانی تورکیا دەجوڵێتەوە، ئاخۆ بەوە تا چ رادەیەک دەتوانێت ببێت بە حیزبێکى کوردان؟
دوو مانگ بەسەر داگیرکەریی دەوڵەتی تورک بۆ سەر حەفتانین تێپەڕی، بەپێی پلانەکە دەبوایە دەوڵەتی تورک لە ماوەی ٢ مانگدا جگە لە حەفتانین، بەشێکى گەورەی لە باشووری کوردستان داگیر بکردایە. بەرخودانی بێهاوتای گەریلا لە حەفتانین ئەو پلانەى سەر کاغەزی پووچ کردەوە. پاکتاوکردن و سڕینەوەی فاشیست بە ئیرادەی پۆڵاینی ئەسمەر و رۆستەم جودییەکان تێکشکا و هەیبەتە تۆقێنەربووەکەى رووخا. گەریلا بە ئیرادە و بڕوا و تامەزرۆیی بۆ ئازادی بە شێوەیەکى بێ هاوتا لە دژی داگیرکەران بەرەنگاری و بەرخودانی کرد. گەریلا ژنەکان لە کەسایەتیی ئەسمەر، نوجان و زەلالەکان دا بوونە ناسنامەی بەرخودانی حەفتانین و یادەوەریی شکۆ و کەرامەت.
داگیرکەریی سەر حەفتانین هەنگاوێکى ستراتیژیکی داگیرکەرییە بۆ سەر باشووری کوردستان. ئەگەر دەوڵەتی تورک لە حەفتانین ئەنجامێک بەدەست بهێنێت، ئەوا سەرتاسەری باشووری کوردستان داگیر دەکات. داگیرکەری پاکتاوکاری ئاکەپە و مەهەپە دەیانەوێت باشووری کوردستان بکەنە گوزەرگەی سەرەکیی کۆماری تورکیا بۆ ئەوەى خۆی بە سنوورەکانی عوسمانی بگەیەنێت. چینی باڵادەستی تورکی داگیرکەر ماوەى ١٠٠ ساڵە بە خەونی موسڵ و کەرکوکەوە دەژین. فاشیزمی پاکتاوکاری ئاکەپە و مەهەپەی دەسەڵاتی ئیتحاد و تەرقی بۆ ئەو خەونە لە سەدەی ٢١دا سنوورەکانی تورکیا بەرفراوان دەکەن و هەوڵ دەدەن بیکەنە ناوچەى ژێر دەسەڵات و باڵادەستیی عوسمانی. ئەردۆغان بە ساڵانە دەڵێت، لۆزان هەڵە بوو، دەوڵەتی تورک لە ناو سنوورە بەرتەسکەکانی ئەنادۆڵ دا هێڵرایەوە و ئێمە دەمانەوێت ئەو دۆخە بگۆڕین. هێرشە داگیرکەرییەکان بۆ سەر باشوور و رۆژئاوا هەنگاو کردارییەکانی ئەو قسانەى ئەردۆغانی دیکتاتۆرە.
لە هێرشەکان دا بۆ سەر باشوور و رۆژئاوا خاڵی زۆر سەرنجڕاکیش رۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)یە. پەدەکە بووەتە یەکێک لە هاوبەشەکانی ئەو هێرشانە. داگیرکەریی پاکتاوکاری ئاکەپە و مەهەپە هێرشە پاکتاوکارییەکان بۆ سەر کوردان بە پشتیوانیی پەدەکە بەڕێوەدەبەن. بێگومان ئەگەر پەدەکە بەشداری لەو پاکتاوکارییەدا نەکات ئەوا دەوڵەتی تورک ناتوانێت هەنگاوێک بهاوێژێت. پەدەکە رەوایی بە هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک دەدات و داگیرکەری ئاسایی و رەوا دەکات. لەو هێرشە داگیرکەرییانەدا پشتیوانیی سیاسی، لۆجستی و سیخوڕی بە دەوڵەتی تورک دەدات. دەوڵەتی تورکیش د ەڵێت، پەدەکە حیزبێکی کوردانە و لەگەڵ ئێمەدایە، هەق بە شەڕەکەى ئێمە دەدات و هێرش داگیرکەرییەکان بە رەوا دەزانێت و رەوایان دەکات. بەوەش گرفت بۆ کاردانەوە و ناڕەزایەتیی دونیا و دەوڵەتەکان دروست دەکات.
دەوڵەتی تورک هێرشە داگیرکەرییەکانی بۆ سەر عەفرین، سەرێکانی و گرێسپی بەهەمان شێوە ئەنجامدا. لەگەڵ ئەنجوومەنى نیشتمانیی کوردی سوریا (ئەنەکەسە) پێکەوە جوڵانەوە. ئەنەکەسە راستەوخۆ بەشداریی لەو هێرشە داگیرکەرییانەدا کرد. بەرپرسانی پەدەکە هەموو رۆژێک بە لێدوان و راگەیاندراوەکانیان رەوایی بە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک دەدەن و دەیانەوێت کاردانەوە و ناڕەزایەتیی رای گشتی بشکێنن. دەڵێت، تورکیا بەهۆی پەکەکەوە هێرش دەکاتە سەر رۆژئاوا و هیچ کێشەیەکی لەگەڵ کورداندا نییە و بەوە رەوایی بە هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک دەدا. نایەوێت ئەوە ببینێت، کە پەکەکە مسۆگەری و دڵنیاییی ئازادیی هەبوون و ئازادیی گەلی کوردە، بەپێی قسەکانی تورکیا و لە سەر داوای کۆماری تورکیا دژایەتیی پەکەکە دەکات.
پەدەکە لە عەفرین، سەرێکانی و گرێسپی بەرپرس و هاوبەشی ئاکەپەیە لە پاکتاوکاری و سڕینەوە، تاڵان و دەستدرێژییەکاندا. پەدەکە بەشێکە لە پشتگیرییەکانی هێرشی دەوڵەتى تورک لە دژی باشوور، شەنگال و مەخموور.
هێرشەکان بۆ سەر باشووری کوردستان دەرەنجامی هاوپەیمانی و رێککەوتنە لە نێوان تورکیا و پەدەکەدا. بەپێی ئەو رێککەوتنە پەکەکە پاکتاو دەکرێت و دواى ئەوەى کاریگەریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) تێکدەشکێنرێت و بەوەش هەموو باشووری کوردستان دەکەوێتە دەست پەدەکە. ئەو پلانە پاکتاوکارییە هاوشێوەی ئەو پلانەیە، کە لە دژی رۆژئاوا ئامادە کرابوو. کۆماری تورکیا رۆژئاوا داگیر دەکات و بەشێکی بچووک وەک پاداشتی پاکتاوکردنی کورد بە ئەنەکەسە دەدات.
وادیارە پەدەکە بڕوای بەو داو و تەڵەیەی دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە و مەهەپە کردووە و قەناعەتیان پێکردووە. خەون و خەیاڵ و بیری پەدەکە ئەوەیە، کە لەگەڵ کۆماری تورکیادا پەکەکە و حیزبە بەرهەڵستکارەکانی خۆی پاکتاو بکات و کۆنترۆڵکردنی هەموو کوردستان بخاتە ژێر دەستی خۆی. بە خەیاڵی خۆی دەڵێت، ئەگەر لەمپەرەکەی بەردەم خۆی لاببات دەتوانێت هەموو بەها و نرخەکانی کوردستان دەفرۆشێت و درێژە بە دەسەڵاتی خۆی دەدات. هەر گیز بیر لەوە ناکاتەوە، کە دوای ئەو هێرشانە خۆی دەبێتە ئامانجی هێرشەکان، چونکە بەرژەوەندیی چەپەڵ کەڕ و کوێر و لاڵی کردووە.
پەدەکە بە راستی حیزبی کوردییە؟ کوردایەتی دەمامکی پەدەکەیە یان هەر بە راستی کوردایەتی دەکات؟ حیزبێکە لە پاکتاوکردنی کورداندا شانبەشانی تورکیا دەجوڵێتەوە، ئاخۆ بەوە تا چ رادەیەک دەتوانێت ببێت بە حیزبێکى کوردان؟ راستییەکی وەها هەیە، کە وتە نەژادپەرەستانەکانی پەدەکە دەبێتە کەرەستەیەک، کە رووی راستەقینەى خۆی پێدەشارێتەوە. ئەگەر وەک ئەوەى هەندێک کەس بانگەشەی بۆ دەکەن، پەدەکە حیزبێکى نەژادپەرەستی کوردان بوایە ئەوا نەدەبووە هاوبەشی هێرشە پاکتاوکارییەکانی دەوڵەتێک، کە ئازادی و هەبوونی کوردی کردووەتە ئامانج.
پەدەکە دەڵێت، من حیزبێکى کوردانم و رووی راستەقینەی خۆی دەشارێتەوە و کار بۆ فریودان و لە خشتەبردنی هەموان دەکات. کورد بۆ تێکۆشانی خۆی و هەبوونی خۆی و ئازادی بێ پسانەوە لە تێکۆشاندایە، گەلەکەمان و بزووتنەوەى کوردی ئازادیخواز دەبێت لە بەرامبەر پەدەکە هەڵوێستی خۆیان روون و یەکلایی بکەنەوە و رۆژێک زووتر یەکێتیی نەتەوەیی و دیموکراتیکى خۆیان دروست بکەن.
ژ.ت