دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە دۆڵی زیلان بەنداوی ٥هەمین دروست دەکات

ئەو کۆمپانیایە، کە پێشتر ٤ بەنداوی کارۆئاویی (HES)  لەسەر چەمی زیلان لە دۆڵی زیلان لە پارێزگای وان دروستکردبوو، ئێستا لە گوندی ئاگاچۆرەن دەستی بەکار کردوە بۆ دروستکردنی ٥هەمین بەنداوی کارۆئاوی.

 بۆ ئەوەى لەسەر چەمەکانی ئەردیشی وان بەنداو و وێستگەکانى کارۆئاوی (HES) دروستبکرێن، دەستبەکار کراوە.

ئەردیش بۆ مێژوو و جوگرافیای کوردستان شوێنێکى گرنگە، بۆیە لەلایەن ئاکەپەوە کراوەتە ئامانج. لە ئەردیش چەمەکانی زیلان و دەلیچای هەیە. تاکە سەرچاوەی ئابووریی گەل کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵە و بە دروستکردنی بەنداوەکانی کارۆئاوی سروشت تێکدەدرێت و شوێنە کشتوکاڵییەکان لە ناو دەچن و بەو هۆیەوە مرۆڤەکان ناچار دەبن کۆچ بکەن.

پێشتر لە زیلان بە دروستکردنی بەنداوی کۆچ کۆپرو دەیان گوند و هەزاران دۆنم زەویی کشتوکاڵی کران بە ژێر ئاوەوە. هەر لە رێگەى ئەو بەنداوەوە شوێنی گۆڕە بە کۆمەڵەکەى کۆمەڵکوژیی زیلان کرا بە ژێر ئاوەوە. قەیومەکەى ئاکەپە لە ئەردیش لە ساڵی ٢٠١٦دا سەرچاوەی ئاوە گەرم و گەرماوە سروشتییەکانی رووخاند و هەموو سەرچاوەی گەرماوەکانی بۆ ماوەى ٤٩ ساڵ فرۆشت بە کۆمپانیایەکى ئاکەپە.

چەمی دەلیچای، کە سەرچاوەی ماسیی کەفاڵی مروارییە بەنداوی مۆرگەدیکی تیایدا دروستکرد و بەوە هەزارن دۆنم زەویی هاووڵاتییانی کرد بە ژێر ئاوەوە و زیانێکى زۆریش بە ژینگەی ماسییە کەفاڵەکان گەیاند. دواى ئەوەى ئاکەپە ژینگە و سروشتی چەمی دەلیچای تێکدا، ئێستا دەیەوێت بەنداوی کارۆئاویی تیادا دروست بکات.

لەلایەن کۆمپانیای بەرهەمهێنانی کارەبای کارۆئاویی گۆکاکم، کە نزیکە لە ئاکەپەوە پێشتر لە دۆڵی زیلان ٤ بەنداوی کارۆئاوی دروستکرابوون. هەر ئەو کۆمپانیایە ئێستا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەى لە گوندی ئاگاچۆرەنی زیلان ٥هەمین بەنداوی کارۆئاوی دروست بکات. ئامانجی سەرەکیی ئەو کۆمپانیایە ئەوەیە، کە زەویی گوندەکان بە نرخێکى زۆر هەرزان بکڕێت. بەرپرسانی کۆمپانیاکە ماوەى مانگێکە کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەن.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە کۆمەڵکوژیی زیلان لە ٣٠ی تەممووزی ١٩٣٠دا، کە زیاتر لە ٥٠ هەزار هاووڵاتیی کوردی تیادا کۆمەڵکوژکرا و دەیان هەزار هاووڵاتیی کوردیان ناچارکرد لەسەر زێد و زەوی و خاکی خۆیان کۆچ بکەن و ٤٤ گوندی کوردانیشیان خاپوورکرد. لە دواى ئەو کۆمەڵکوژییە سەرچاوە سروشتییەکانى دۆڵی زیلان خاپوورکران و دارستانە دێرین و کۆنەکان بڕانەوە و سەرچاوەکانیان وشککران.

دەوڵەتى تورک دەیان هەزار مرۆڤی لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا کرد بە ژێر گڵەوە، دواتر لە ساڵی ١٩٧٨ دا بەنداوی کۆچ کۆپروی لە دۆڵی زیلان دروستکرد و بەشێکى زۆی لە گۆڕە کۆمەڵەکانی کرد بە ژێر ئاوەوە. دەوڵەتى تورک، کە لە زیلان دەستی بەسەر خاکی کورداندا گرتبوو لە ساڵی ١٩٨٠دا تورکە قڕقیزەکانی تیادا نیشتەجێ کرد و سیاسەتی بە تورککردنی ناوچەکەى بەڕێوەبرد و لەو تورکە قڕقیزانەش جەردەوانی لە دژی کورد دروستکرد.

لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاکەپەش دا درێژە بەو سیاسەتە درا و بە دروستکردنی بەنداوەکانی کارۆئاوی دەیانەوێت هەموو ژینگە، سروشت، جوگرافیا، سەرچاوەکانی ژیان و بژێویی خەڵکی ناوچەکە بە تەواوی لە ناو ببەن و ئێستاش بە دروستکردنی ٥هەمین بەنداو لە دۆڵی زیلان دەیانەوێت زیانێکی تر لە مێژوو و جوگرافیا و بیروەریی گەلی کورد بدەن.

ژ.ت

دەیانەوێت بە دروستکردنی بەنداوی کارۆئاوی چەم و دۆڵی زیلان لەناو ببەن

****

برینێکی ساڕێژنەبووی ٩٠ ساڵە؛ کۆمەڵکوژیی زیلان

****

ده‌وڵه‌تی توركیا، جه‌رده‌وانه‌ قرغزییه‌كان له‌ دژی كوردان به‌كاردێنێت