رادەستکردنەوەی هاوڵاتییەکی باکوری کوردستان بە تورکیا لە لایەن ئێرانەوە

هاوڵاتییەکی کوردی باکوری کوردستان دوای دە مانگ زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان لە ئیتلاعاتی شاری سنە، دواجار لە لەلایەن ڕژێمی کۆماری ئیسلامییەوە ڕادەستی ڕژێمی تورکیای داگیرکەر کرایەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی تۆری مافی مرۆڤی کوردستان، هاوڵاتییەکی کوردی باکوری کوردستان بەناوی 'نەسرین مالغاچ' کۆتایی مانگی کانونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا کراوەتەوە.

نەسرین مالغاچ لە مانگی شوباتی سالی ڕابردووە لەلایەن هێزەکانی ئیتیلاعاتی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە تۆمەتی 'ئەندامبوون لە یەکێک لە حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان' دەستبەسەر کراوە، لەو کاتەوە تا ڕۆژی ڕادەستکردنەوەی لە زیندانی ئیتیلاعاتی سنەی ناوەندی چاکسازی و پەروردە لەژێر لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەدا بووە.

ئەو هاوڵاتییە کوردە تەمەنی ١٩ ساڵە، لە کاتی ڕادەستکردنەوەی لە خاڵی سنووری 'بازرگان' شوینەواری ئەشکەنجە لەسەر جەستەی بینراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کورد، ئەو هاوڵاتییە بۆ داننانی بە زۆر، بە تووندی خراوەتە ژێر گوشار و ئەشکەنجە دراوە، تەنانەت چەندین جار هەڕەشەی دەستدرێژیکردنی لێکراوە. دوای ئەوەی لە مانگی ئابی سالی ڕابردووە ڕەوانەی ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە کرابوو، هەوڵی خۆکوشتنی دابوو، لە لایەن هاوبەندییەکانیەوە ڕێگریی لێکرابوو.

لێکۆڵەرەوەکان پەیوندییکردنی ئەویان بە بنەماڵەکەیەوە بە چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنی مەرجدار کردبوو، هەروەها توانیبووی چەند جارێک لە ئامادەبوونی لێکۆڵەرەکەی لە ڕێگەی ئایدی ئینستاگرام بەناوی (Ali_Ararat2001) لەگەڵ بنەماڵەکەی بە کامێرا پەیوەندی بکرێت و داوای لێکردبوون بۆ بەدواداچوونی دۆسییەکەی سەردانی سنە بکەن.

نەسرین مغالچ، دوای ئەوەی ڕادەستی ڕژێمی تورکیا کرایەوە، ڕەوانەی شاری بایەزید و دواتر بۆ شاری مێردین گوازرایەوە.

ز.ش