رەحمانی: پێویستە گەلانی ژێردەست پشتیوانی لە رۆژئاوا بکەن

بەهرام رەحمانی سەرۆکی پێشووی پەنی ئێران و یەکێتی نووسەرانی ئێران رایگەیاند، سیستمی دیمۆکراتیک لە رۆژئاوای کوردستان بووە بە هیوا بۆ ژێردەستەکان و وتی:"پێویستە هەموو گەلانی ژێردەست لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک، پشتیوانی لە رۆژئاوای کوردستان بکەن.


رەحمانی لەبارەی سیاسەتی دەوڵەتی تورک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڵوێستی گەلی کورد و رۆژئاوا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد.

رەحمانی رایگەیاند، لە گەورەبوونی جەنگی سوریا دا، ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک دەستێکی باڵایان هەیە و بەبیریشی هێنایەوە کە لە سەرەتای شەڕی ناوخۆوە، لە ئەستەنبول بە مەبەستی دوورخستنەوەی ئەسەد لە دەسەڵات، کۆڕ و کۆبوونەوەو کۆنفڕانس ساز دەکرێن.

رەحمانی وتی:"ئەمریکا و روسیا و ئیران، لەگەڵ ئەوەی لە بابەتی دوارۆژی سوریادا، خاوەنی هەڵوێستێکی جددین، لەسەر باکوری سوریا و رۆژئاوا لەگەڵ دەوڵەتی تورک رێکەوتن و گڵۆپی سەوزیان بۆ تورکیا داگیرساند کە رۆژئاوای کوردستان داگیر بکات.

رەحمانی هەروەها وتی: ئامانجی ئەردۆغان ئەوەیە کە عەرەبەکانی سوریا، لە ناوچە سنوورییەکان جێگیر بکات و بەم شێوەیەش رێگری بکات لە کوردانی باکوری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان کە پەیوەندییان لەگەڵ یەکدیدا بمێنێت. بەڵام تا ئێستا نەیتوانی لەم ئامانجەیدا سەرکەتوو بێت. لە رووی ئابووریشەوە لەو بڕوایەدا نیم بتوانێت ئەمە ئەنجام بدات. لە ئدلب دەوڵەتی تورک تەنگەتاو بووە. گروپەکانی ئەلقاعیدە و داعش کە تورکیا پشتیوانییان لێدەکات، لە بارودۆخێکی نالەباردان. بۆیە تورکیا دەستەو وەستان ماوەتەوە."

پلانی ئەردۆغان لەسەر لیبیا

رەحیمی لە بەردەوامی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر پلانەکانی ئەردۆغان لە لیبیا و رایگەیاند، دەوڵەتی تورک و ئەردۆغان زانیان کە ئەو چەتانەی ئەوان پشتیوانیان لێدەکەن، لە ئدلب و عەفرین و بە گشتی لە رۆژئاوا دەردەکرێن، بۆیە روویان لە لیبیا کرد و وتی:"ئەردۆغان لە جەنگی سوریادا ٨ ساڵ پشتیوانی لە گروپە جیهادییەکان کرد و چەکی پێدان. ناتوانێت چەتەکانی داعش و ئەلقاعیدە لە تورکیا جێگیری بکات. پلانی ئەوەی هەیە، ئەو چەتانە بنێرێت بۆ شەڕی ناوخۆیی لیبیا."

رەحیمی هەروەها رایگەیاند، روسیا بە پێی بەرژەوەندییە ئابۆری و سیاسیەکانی خۆی، سیاسەتێکی پراگماتیک بەڕێوە دەبات، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەردۆغان و خامنەیی بە شێوەیەکی ئایدۆلۆجی پشتیوانی لە گروپە ئیسلامییەکانی نزیک لە خۆیان دەکەن و وتی:"ئەردۆغان هاوکارییەکی باشی محمد مورسی سەرۆک کۆماری پێشووی میسر کرد، ئەویش بەهۆی ئەوەی ئیخوان بوو. بە هەمان شێوە پشتیوانی لە حکومەتە ئیخوانییەکەی لیبیاش دەکات."

'سەرکەوتنی کورد، ئەردۆغان دەترسێنێت'

رەحیمی هەروەها تیشکی خستە سەر ئەوەی کێشە سەرەکییەکەی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک، سەرکەوتنی کوردە و ئەمەش ئەردۆغان دەترسێنێت و وتی:"دەوڵەتی تورک وا ٤٠ ساڵە هێرش دەکاتە سەر کورد و پەکەکە. بەڵام گەلی کورد خاوەنی داواکارییە. ئەردۆغان کاتێک بینی کورد لە قۆناغی ئاشتیدا بەهێز دەبێت و هەدەپە بە ٨٠ ئەندام پەرلەمانەوە لە پەرلەمان نوێنەرایەتی دەکرێت، ترسا. دەستی بە گرتنی سەرۆک شارەوانییەکانی هەدەپە کرد. لەگەل ئەو هەموو فشارانە، هەدەپە ٥٠ ئەندام پەرلەمانی بردەوە و چوو بۆ پەرلەمان. ئەردۆغان، بەدەر لە رۆژئاوا، لە بارودۆخی تورکیا و باکوری کوردسان دەترسێت. ترسێکی گەورەی هەیە لە گەلی کوردانی باکوری کوردستان. ٨ ساڵە هەموو کەسێک ئەوە باش دەزانێت کە رۆژئاوا هیچ هەڕەشەیەکی لە تورکیا نەرکردووە. ئەردۆغان لەوە دەترسێت کە سیستمی دیمۆکراتیکی رۆژئاوی کوردستان، لە باکور کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو ببێتەوە."


بەهرام رەحمانی سەرۆکی پێشووی پەنی ئێران و یەکێتی نووسەرانی ئێران لە کۆتایی قسەکانیدا وتی:" ئەو سیستمەی لە رۆژئاوای کوردستان هەیە، بە هۆی ئەوەی سەرچاوەو هێزی خۆی لە گەلەوە وەردەگرێت، چەتەکانی داعشی لەنار برد و بڵاو بووەوە بە جیهاندا. کاتێک داعش هێرشی کردە سەر شەنگال، پێشمەرگەکان ئێزدییەکانیان بەجێهێشت و رایان کرد. رۆژئاوا بە هانایانەوە چوو و نەیهێشت چەتەکانی داعش دەربازی رۆژئاوا ببن. گەلی رۆژئاوا لە ئێستادا لە دژی دەوڵەتی تورک، لە خۆڕاگریدایە. سیستمی رۆژئاوا بووە بە هیوایەک بۆ گشت ژێردەستەکانی جیهان. پێویستە گەلانی ژێردەست هەموویان پشتیوانی لە رۆژئاوای کوردستان بکەن کە لە دژی داگیرگەریی دەوڵەتی تورک، لە خۆڕاگریدایە."

ز.ش