' سزانەدانی بکوژان، بووە بە خوویەکی ئاسایی دەوڵەت'

پلاتفۆرمی رەنج و دیمۆکراسیی ئامەد لە دژی تیرۆری هیزەکانی پۆلیسی دەوڵەتی تورک ناڕەزایەتی دەربڕی  و رایاگەیاند، سزانەدانی بکوژان، بووە بە خوویەکی ئاسایی دەوڵەت.

پلاتفۆرمەکە لە بارەی تیرۆری هیزەکانی پۆلیسی دەوڵەتی تورک لە نسێبین لە بەرامبەر مێردمنداڵێکی کورد بە ناوی باهۆز راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: دوای ئەوەی دیەنی هێرشەکە لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاو کرانەوە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی تەنگەتاو بووە و نازانێت چی هەڵوێستێک بنوێنێت. بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش وتبووی، 'لێپرسینەوە لەو پۆلیسە کراوە کە هێرشی کردووەتە سەر منداڵەکە و لە ئەرکەکەی دوور خراوەتەوە'.

پلاتفۆرمەکە هاوکات رایگەیاند، بەڕیوەبەرایەتی ئاسایشەکە لە لێدوانەکەیدا وتوویەتی، 'منداڵەکان بەردیان گرتووەتە پۆلیس'، بە شێوەیەش هەوڵیدا توندوتیژیەکانی پۆلیس بشارێتەوە.

پلاتفۆرمی رەنج و دیمۆکراسیی ئامەد لە بەردەوامی راگەیێندراوەکەیدا، تیشکی خستە سەر کوشتنی منداڵانی کورد بە دەستی هێزەکانی پۆلیس و رایگەیاند، پۆلیسە بکوژەکان کە منداڵی کوردیان کوشتووە، هیچیان سزا نەدراون و هیچ لێپرسینەوەیەکی جدیان لەگەڵ نەکراوە و جەختیشی کردەوە کە پشتگوێخستنی لێپرسینەوە لە گەڵ بکوژانی منداڵەکانی کورد لە تورکیا، بووەتە خوویەکی ئاسایی دەوڵەت.

ز.ش